لە درێژەی دەستپێکی ڕۆژی دووهەمی ئەم کۆبوونەوەیە دا ئارتور خاچاتریان، یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان باسێکی چڕ و پڕی سەبارەت بە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان پێشکەش کرد و سەرنجی خستەسەر داگیرکاری ئازەربایجان بەسەر ناوچەی ئارتساخ و داوای گەمارۆدانی لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بۆ سەر ئازەربایجان هێنایە بەر باس، لە درێژەی ئەم بابەتە دا ئەلێکس گالیتسکی ئەندامی لیژنەی نێودەوڵەتی سۆسیالیست دێموکراتەکانی ئەمریکا و چالاکوانی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە ڕۆڵی یاسا نێونەتەوییەکان لەو پەیوەندییەدا هەندێک باس و بابەتی هێنایە گۆڕ.
لە درێژەی کۆبوونەوەکان دا کە سەبارەت بوو بە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، غەززە، کەرتی ڕۆژئاوا، لوبنان و جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی، خاڤییەر ئەبوو عەید نووسەر و چالاکی سیاسی لە فەلەستین و هەوەرها ئۆرلی(موژگان) نۆی، چالاکی سیاسی ئیسرائیلی-ئێرانی لە ڕێگەی ئانلاینەوە بەشداری ئەم باسانە بوون و ئاماژەیان بە کۆمەلێک بابەت دا.
لە میانەی ئەم باسانەدا کەماڵ مێحیەدینی نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکرات ئاماژەی بەوە کرد کە وێڕای ئەوەیکە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی ئیسرائیل کارێکی توندئاژۆ و نائینسانی و تێرۆریستی بوو و دەبێ مەحکوم بکرێ، لە هەمان کات دا کوشتنی بەکۆمەلی و خەڵکی سیڤیلی فەلەستین بە دەستی دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێ. نوێنەری یەکیەتیی لاوان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەموو لایەک بزانن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی خامنەیی تەواوی پێداویستییەکانی شەڕ بۆ گرووپە چەکدارەکانی حەماس و حیزبوڵلای لوبنان دابین دەکات و وەکوو ئامرازێک کەڵک لەو گرووپانە وەردەگرێ بۆ شەڕانگێزی لە ناوچەکەدا، لەم سۆنگەیەوە گرنگە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار و خەتاباری ئەسڵی بزانین لەمەڕ کوشتاری خەڵکی سیڤیلی ئیسڕائیل و غەززە.