لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا؛ ڕۆڵی نەوەی نوێ لە پێناسەکردنەوەی سیاسیی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا
بێهزاد قادری
لە ٢٢ی ئەپریلی ١٨٩٨، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەناوی “کوردستان” لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر، لەلایەن “میقداد مەدحەت بەدرخان”ەوە بڵاوکرایەوە. ئەم هەنگاوە بە خاڵی وەرچەرخان و بەردی بناغەی ڕۆشنبیری و میدیای کوردی دادەنرێت و بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەناسرێت.
١٢٨ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژە و لەدایکبوونی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا تێدەپەڕێت، ڕێڕەوێک کە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە خەباتی سیاسیی نەتەوەی کورد. لە یەکەمین بڵاوکراوەکانەوە کە لەنێو جەرگەی سەرکوتدا دەردەچوون، تا دەگاتە ئەمڕۆ کە سۆشیال میدیا بوونەتە گۆڕەپانی نوێی جەنگی گێڕانەوەکان، ڕۆژنامەگەریی کوردی هەمیشە لە چەقی ململانێی نێوان “دەسەڵات” و “ڕاستی”دا بووە. ئێستا ئەم ئەرکە مێژوویییە کەوتووەتە سەر شانی نەوەیەک کە لە جیهانێکی ئاڵۆزتردا، بەڵام بە ئامرازی بەهێزترەوە، سەرقاڵی پێناسەکردنەوەی ئەم ڕێگەیەیە.
ڕۆژنامەگەریی کوردی جگە لەوەی ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری بوو، کارەکتەرێکی سیاسی بوو دژی سڕینەوەی ناسنامە، زمان و بوونی نەتەوەی کورد. لەو کەشەی کە داگیرکەرانی کوردستان هەوڵیان دەدا دەنگی کورد کپ بکەن، پێنووس بوو بە چەکێک بۆ مانەوە و خەبات. ئەم نەریتە ئەگەرچی لە شێوەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لە ناوەرۆکدا هێشتا بەردەوامە.
ئەمڕۆ لەم سەردەمەی دیجیتاڵدا، گۆڕەپانی ئەم ململانێیە فراوانتر بووە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چیتر تەنیا ئامرازی پەیوەندی نین، بەڵکوو بوونەتە بەرەیەکی گرنگی جەنگی گێڕانەوەکان. لەم مەیدانەدا لاوانی کورد ڕۆڵی سەرەکی دەبینن. ئەوان بە مۆبایلەکانیان، ئەو چیرۆک و گێڕانەوانە بڵاو دەکەنەوە کە زۆرجار لە میدیا فەرمییەکاندا سانسۆر دەکرێن یان ڕێگرییان لێ دەکرێت؛ چیرۆکەکانی سەرکوت، نادادپەروەری و خۆڕاگری. ئەم گۆڕانکارییە هاوسەنگیی هێزی میدیاییی تا ڕادەیەک بە قازانجی دەنگە پەراوێزخراوەکان گۆڕیوە.
ئەم کەشە، چەندە هەلە، هێندەش هەڕەشەیە. حکومەتەکان و ئەکتەرە سیاسییەکانیش بە باشی لە گرنگیی ئەم مەیدانە تێگەیشتوون و بە بەکارهێنانی ئامرازی مۆدێڕن، هەوڵ دەدەن گێڕانەوەکانی خۆیان بسەپێنن. جەنگی میدیایی، بڵاوکردنەوەی بەئەنقەستی هەواڵی چەواشە و دەستکاریکردنی ڕای گشتی، بەشێکن لە واقیعی ئەمڕۆ. لە بارودۆخێکی وەهادا، نەوەی لاوی کورد لە هێڵی پێشەوەی ئەم جەنگەدایە؛ جەنگێک کە تێیدا هەر پۆستێک و هەر هەواڵێک، دەکرێت بەشێک بێت لە هاوکێشەیەکی سیاسیی گەورەتر.
پرسی سەربەخۆیی میدیاییش بووەتە یەکێک لە چالنجە بنەڕەتییەکان. زۆرێک لە میدیا کوردییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی حزب و لایەنە سیاسییەکاندان. ئەم پاشکۆیەتییە، ئەگەرچی لە هەندێک شوێندا بە ناچاری دەبینرێت، بەڵام دەبێتە هۆی سنووردارکردنی فرەڕەنگیی ڕوانگەکان و لاوازکردنی متمانەی گشتی. لەم ناوەندەدا، لاوان بە چوونە نێو کەشی میدیایی سەربەخۆ و ناناوەندی، هەوڵ دەدەن ئەم بازنەیە بشکێنن و دەنگێکی جیاواز بخوڵقێنن.
ئەمڕۆ لاوێکی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێت لە یەک کاتدا پەیامنێر، شرۆڤەکار و چالاکوانی سیاسی بێت. ئەم ئاوێتەبوونی ڕۆڵانە، ئەگەرچی توانای کاریگەریدانان زیاد دەکات، بەڵام مەترسیی لەنێوچوونی سنووری نێوان هەواڵ و هەڵوێستی سیاسیشی لەگەڵدایە. لە کاتێکدا کۆمەڵگەی کوردستان ڕووبەڕووی چالێنجی سیاسیی ئاڵۆز بووەتەوە، پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان “دەروەستیی سیاسی” و “پڕەنسیپە پیشەییەکانی ڕۆژنامەگەری”، بووەتە یەکێک لە سەختترین ئەرکەکانی نەوەی نوێ.
ئەوەی نابێ لەبیری بکەین ئەوەیە، زمانی کوردیش وەک ڕەهەندێکی سیاسی-فەرهەنگی لە چەقی ئەم گۆڕانکارییانەدایە. بەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی زمانی کوردی لە میدیاکاندا، چیتر تەنیا هەڵبژاردنێکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو هەڵوێستێکی سیاسییە. لە جیهانێکدا کە گوشار بۆ یەکدەستکردنی فەرهەنگی هەیە، هەر دەقێکی کوردی دەکرێت وەک کردەیەکی بەرگری سەیر بکرێت. لەم بوارەدا ڕۆڵی لاوان یەکلاکەرەوەیە: ئەوان دەتوانن یان ببنە هۆی لاوازکردنی زمانەکە، یان بیکەنە ئامرازێکی مۆدێڕن و زیندوو بۆ دەربڕینی داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
١٢٨ ساڵ دوای دەستپێکردنی ئەم کاروانە، ڕۆژنامەگەریی کوردی هێشتا گیرۆدەی هەمان پرسیارە بنەڕەتییەکەیە: چۆن دەکرێت لە بارودۆخێکی نایەکساندا، ڕاستی بگێڕدرێتەوە؟ وڵامی ئەم پرسیارە زیاتر لە هەر کاتێک بە نەوەی لاوەوە بەستراوەتەوە. نەوەیەک کە لەنێوان گوشارە سیاسییەکان، جەنگی گێڕانەوەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیادا، دەبێ ڕێگەیەک بۆ پاراستنی ڕاستگۆیی، سەربەخۆیی و ناسنامە بدۆزێتەوە.
ئەمڕۆ هەر لاوێکی کورد کە دەنووسێت، تەنیا دەقێک بڵاو ناکاتەوە، بەڵکوو بەشداری لە خەباتێکی مێژووییدا دەکات. خەباتێک کە لە لاپەڕە کاغەزییەکانەوە دەستی پێ کرد و ئێستا لە لاپەڕە دیجیتاڵییەکاندا بەردەوامە. داهاتووی ئەم خەباتە نەک لە دەستی دامەزراوەکان، بەڵکوو لەدەستی لاوانی هۆشیار و بەهەڵوێستە.








