رۆژی جومعە ٢٢ی نوامبری ٢٠٢٤ کۆنگرەی لاوانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان بە بەشداری چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لەشاری هالەی وڵاتی ئالمان بەڕێوەچوو.
لەسەر بانگێشتی ڕێکخراوی لاوانی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان، هاوڕێ کەماڵ محیەدینی بە نوێنەرایەتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ئەم کۆنگرەیە بوو.
لە میانەی کۆنگرەکەدا لە لایەن ڕێکخراوەکانی میوان ڕاپۆرتی تایبەتی وڵاتەکانیان لە پانێلێک دا کە تایبەت بوو بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پێشکەش کران.
لەم بەشە دا نوێنەرایەتی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی گشتیی لەسەر وەزعییەتی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتیی و کێشە و گرفتەکانی لاوان لە سایەی ستەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هێنایە بەر باس.
شایانی باسە هاوڕێ کەماڵ محیەددینی نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پانێلێکی تایبەتی لەسەر “دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ئێران و پەیوەندی ئەم دۆخە بە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
ناوئاخنی وتاری نوێنەری یەکیەتیی لاوان لە بەشی ناوخۆئ ئێران تەرخانکرابوو بە کردەوە تیرۆریستییەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی نەتەوەی کورد و بەتایبەتی دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئیعدامی زیاتر لە ٣هەزار چالاکی سیاسی کورد هەتا ئێستا و تێرۆری سەدان کادر و ئەندامی حیزب و بەتایبەتی تیرۆری ڕێبەرانی کورد د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی لە ناو جەرگەی ئورووپا دا بە دەستی سپای تیرۆریستی پاسداران و بە پشتیوانی حیزبوڵای لوبنان.
قەتڵ و عامی کورد و بەلوچ لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا دا، بە چەکی جۆراوجۆر و قورسەوە، هەروەها هێرشی دڕۆنی و مووشەکی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و شەهید کردنی دەیان کادر و ئەندام و ڕێبەرانی کورد .
باسکردن لە ڕێژەی زۆری زیندانییانی سیاسی کورد لە ئێراندا و هەرەها مەترسی لەسێدارەدان بۆسەر زیندانییانی سیاسی دوایین بابەتی تایبەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران بوو کە باسکرا.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هاوڕی کەماڵ مێحیەدینی نوێنەری یەکیەتیی لاوان بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی نێگەتیڤی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی ئاژاوەگێری و ناسەقامگیری ناوچەکە بەردەوام هەوڵدەدات دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات، ئەویش لە ڕێگای پرۆکسییەکانی وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە. هاوکات ئێران بە هەمان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێستا هاوکاری ڕوسیا دەکات لە شەڕی دژی ئۆکرانیا.