پەيوەنديى نێوان بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكاندا
(پێشینەی تۆڕە کۆمەڵایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان)
فوئاد خاکیبەیگی
بۆ ئەوەی لە دیاردەیەک و کاریگەریی ئەو دیاردەیە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ تێبگەین پێویستمان بە زانینی پێشینەی ئەو دیاردەیە هەیە. گەشەسەندنی مێدیا بۆ سەر دوو سەردەمی جیاواز دابەش دەبێت. سەردەمی پەخشکردن و سەردەمی کارلێککردن. لە سەردەمی پەخشکردن مێدیا لە ناوەند و یەک لایەنە بوو وەک (ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، ڕۆژنامە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم) کە پەیامەکانیان بەسەر زۆر کەسدا دابەش دەکردن کە پەیوەندی نێوان تاکەکان بە گشتی لە ئاستێکی بەرتەسکدا بوو.
بەڵام ئەمڕۆکە بە هۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە یەکێک لە دیارترین و باوترین ئامرازەکانی پەیوەندیکردن دادەنرێن، کە خۆی لە نەوەی دووهەمی وێب یا سەردەمی کارلێککردن دەبینێتەوە، و تێیدا کارلێکی دوولایەنەی نێوان هەردوو لایەن ڕوو دەدات. (وێب 2.0) چەمکێکە لە ساڵی (2004) بەولاوە هاتە ئاراوە و ئاماژەیە بۆ نەوەی دووهەمی وێبی جیهانی. نەوەی نوێی وێب تایبەتمەندی و کارایی نوێی لە خۆ دەگرێت کە لە ڕابردوو بەردەست نەبوون، و زنجیرەیەک پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی لە خۆ دەگرێت، کە جەخت لە سەر توانای هاوکاری و هاوبەشی کردنی زانیارییەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەکات بۆ بەکارهێنەران. بنەمای (وێب 2) لە سەر بەشداری کردن، هاوکاری کردن و کارلێکی نێوان تاکەکان بە هۆی نەرمەکالاکان و ئامرازەکانی پەیوەندی کردن دانراوە و بەردەوامە.
تایبەتمەندیی وێب دوو، پەیوەندی کراوە لەخۆ دەگرێت بە جەختکردنەوە لەسەر کۆمەڵگەی بەکارهێنەرانی وێب و هاوبەشی کردنی زانیاریی کراوەتر. لە جۆرەکانی وێب دوو دەتوانین ئاماژە بە هێندێک نموونە بکەین وەک:
ماڵپەڕ و وێبلاگەکان؛ کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات داهێنانەکان یا بیرکردنەوەکانی خۆیان سەبارەت بە ژیانی خۆیانی تێدا بڵاو بکەنەوە.
ویکیپیدیا و ماڵپەڕەکانی هاوشێوەی ویکیپیدیا؛ کە بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهان دەتوانن بابەتی ئۆنلاین زیاد بکەن یان نوێی بکەنەوە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ پەڕەکانی وەک فەیسبووک، تویتێر، ئینستاگرام و… ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدەن کە پڕۆفایلی خۆیان بەپێی خواستی خۆیان دروست بکەن و پەیوەندی لە نێوان هاوڕێکانیان و بەکارهێنەرانی دیکە گرێ بدەن.
چەمکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٩٥٤) لە لایەن ( جی. ئەی. بارنز) خرایە ڕوو، و لە چەند دەیەی ڕابردوو لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵناسیی مۆدێڕن، ئەنترۆپۆلۆژی، جوگرافیا، دەروونزانیی کۆمەڵایەتی، لێکۆڵینەوەی بواری دامەزراوەیی و زانستی کۆمپیۆتەر گرینگی پێدراوە و پەرەی سەندوە. لە ساڵی (١٩٦٧) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە یەکێک لە بوارە گرینگەکانی توێژینەوەکان کە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ پەرەسەندنی بوارە زانستییە جیاوازەکان. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زاراوەیەکە کە زۆر جار بە کار دێت بۆ ئاماژە کردن بە فۆرمە نوێیەکانی مێدیا کە بەشداریکردنی کارلێککاری لەخۆ دەگرێت، و ڕۆڵێکی گرینگ لە پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان لە سەرانسەری جیهان دەگێڕن. بە جۆرێک بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی زۆرینەی خەڵک. ئەمە لە کاتێکدایە کە بنەمای سەرهەڵدان و دامەزراندنی ئەم تۆڕانە؛ ئاسانکاری و کورتکردنەوەی مەودای پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەیە. ئەمەش بۆتە هۆی پەیوەندی نێوان خەڵک لە گەڵ کەلتوور و زمانە جیاوازەکان لە گەڵ یەکتر هەر ئەمەش وایکردووە کە سەدەی (٢١) بە سەردەمی پەیوەندییەکان ناوزەد بکرێت.
تایبەتمەندییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە ئێستادا چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتیی هەمەجۆر هەن کە هەر کامەیان ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەریان هەیە، بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە، هەر ئەمەش وایکردوە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی بەکارهێنەرانیان بەرز ببێتەوە کە بە گشتی دەتوانین بەشێک لە تایبەتمەندییەکان لە چەند خالێکدا بخەینە ڕوو:
1_ خاوەندارەتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئیزنی دانان و دروستکردنی پەڕەی کەسی و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی لە گەڵ هاوڕێیان و تاکەکانی دیکە دەدەن.
2_ هاوبەشیکردن: دەرفەت بە بەکارهێنەران دەدات لە بڵاو کردنەوەی وێنە، نووسین و ڤیدیۆ و بەرهەمەکانیان و لە گەڵ یەکتر هاوبەشییان پێ بکەن.
3_ گفتوگۆکردن: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشت بە گفتوگۆ کردنی دوو لایەنە دەبەستن، ئەمەش پێچەوانەی مێدیای سەردەمی پەخشە، کە تەنها کار لە بواری بڵاو کردنەوە و پەخش کردنی زانیارییەکانی بە یەک ئاراستەدا دەکرد.
4_ کۆکردنەوە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەت بە ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان دەدەن لە گەڵ یەکتر کۆ ببنەوە و گفتوگۆ لە بارەی خاڵە هاوبەشەکانیان بکەن.
5_ کارلێکەر: بە هۆی ئەوەی نێرەر و وەرگر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بنووسن و وڵامی یەکتر بدەنەوە، بۆیە بە ئاسانی کار لێک دەکەن و کاریگەری لە سەر یەکتر دروست دەکەن.
6_ جیهانی بوون: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چڕ نەکراونەتەوە لە ناوچەیەک یا وڵاتێکی دیاریکراو، بەڵکووو تۆڕێکی جیهانین و لە سەرانسەری وڵاتانی جیهان بەکارهێنەریان هەیە.
لە نیوەی دووهەمی دەیەی (١٩٩٠) بەولاوە، بە هۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندی، زیاتر لە جاران بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، دامەزراوە ناحکوومییەکان و گروپە کۆمەڵایەتی_ سیاسییەکان بە بەشدارییان لە فەزای مەجازی بە ڕێگای بەکارهێنانی سەتەلایت، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاووڵاتیانی ناڕازی لە کار و سیاسەتی ناوچەیی، نەتەوەیی و جیهانی کۆ کردۆتەوە و بەم شێوەیە بەرنگاربوونەوە و دژایەتی جیددی بۆ حکوومەتەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە. هەروەها وەکو ئەکتەرێکی گرینگیی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی، توانیویانە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بەجیهانی بکەن و بوونەتە سەرچاوەیەکی گرینگ و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی بۆ دێموکراسی و بەشداری تاکەکان لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا. بۆیە لەم بەشەدا بۆ زانینی ئەو کاریگەرییە پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی تێئۆرییە بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
پێشینەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
پێشینەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە درێژای مێژووی کۆمەڵگەکان بوونی هەبووە. بە درێژایی مێژوو، شۆڕشەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە لایەن کۆیلەکان، کەمینە نەتەوەییەکان، لایەنگرانی ئایینەکان، جوتیاران و گروپە جیاوازەکان سەری هەڵداوە بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەم بەولاوە چەمکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بەکار هات و گرینگی پێدرا. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تا دەیەی (١٩٦٠) لە چوارچێوەی بزووتنەوە کلاسیکییەکان بەکار دەهات. بەڵام لەو کاتە بە دواوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو یەکێک لە جۆرەکانی کۆ ڕەفتار و ناڕەزایەتی دەربڕین ( تۆڕێکی فراوان لە تاکەکان، گردبوونەوەکان و گرووپە فەرمی و نافەرمییەکان) وەکوو دیاردەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگەی مۆدێڕن سەیر دەکرا. مەبەست لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان ئەو بزووتنەوانەن کە لە دەیەی (١٩٦٠) بەولاوە زیاتر لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژئاوا و ئەمریکای باکوور سەریان هەڵدا، کە زۆر فراوان، بەربڵاو و جۆراوجۆر بوون و توێژێکی فراوانی لە هێز و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ گرتبوو.
جیاوازی لە نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کلاسیک و نوێیەکان
ئەگەرچی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کلاسیک و نوێیەکان بەپێی قۆناغ و سەردەمی خۆیان کاریگەریی بەرچاویان هەبووە، بەڵام هەر کامەیان تایبەتمەندیی خۆی هەبووە و جیاواز بوون لە یەکتر، کە گرینگترین جیاوازیی بزووتنەوە نوێیەکان لە کلاسیکەکان بریتین لە:
١. بزووتنەوە کلاسیکییەکان پەیوەست بوون بە چین یان گرووپێکی تایبەت، بەڵام بزووتنەوە نوێیەکان؛ گشتی بوون و پەیوەست نەبوون بە توێژێکی تایبەت و یەکگرتووی چەندین چین، توێژ و شوناس لەخۆ دەگرێت، وەکو بزووتنەوەکانی ژنان، ژینگە، مافی مرۆڤ.
٢. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان بە پێچەوانەی بزووتنەوە کلاسیکەکان زیاتر ڕەهێندێکی جیهانییان هەیە تا ناوچەیی و نەتەوەیی و داواکاری و خواستە گشتییەکانی ئەوان زیاتر بۆ کۆی مرۆڤایەتییە وەکو تێرۆریزم و پیسبوونی ژینگە.
٣. بزووتنەوە نوێیەکان، گرێدراون بە مێدیا بە تایبەتی تەکنۆلۆژیای نوێی پەیوەندییەکان و بەو ڕێگایەوە هەوڵی کۆکردنەوە، ڕێکخستن و بەشداریکردنی ناڕازییان لە ئاستی جیهانی دەدرێت؛ لە کاتێکدا بزووتنەوە کلاسیکەکان وابەستەبوون بە مێدیای گشتیی کلاسیک و پەیوەندیی ڕووبەڕوو.
٤. بە گشتی بزووتنەوە کلاسیکەکان سیمای توندوتیژییان پێوە دیار بوو، لە کاتێکدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان زیاتر ئاشتیخوازانە و کەمتر توندوتیژییان پێوە دیارە.
٥. بزووتنەوە نوێیەکان بە گشتی بە شێوەی (تۆڕی) بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندی و یەکگرتنی نێوان ئەکتەرەکانی گرووپەکان و ناوەندە نافەرمییەکان و بزووتنەوەکانی دیکە لە ئاستی جیهانی هەڵسوکەوت دەکەن و کەمتر پڕۆسەی بیرۆکراسی و پلەداری پێوە دیارە و زۆرتر بونیادێکی کراوە و خۆگونجێنیان هەیە. لە کاتێکدا بزووتنەوە کلاسیکەکان زیاتر تایبەتمەندیی پەیوەندیی تۆڕی نێو گروپی و نێو بزووتنەوەیی هەیە تا نێوان بزووتنەوەکان و نێوان گروپەکان.
کرۆک و بنچینە سەرەتاییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە واتا ئەمڕۆییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهێنانی (کۆمەڵەی خوێندکارانی لایەنگری کۆمەڵگەی دێموکراتیک) لە ساڵی (١٩٦٠) و هەر زوو بە شێوەی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان لە توێژی چەپی نوێ و بە بەشداری خوێندکاران لە چوارچێوەی بزووتنەوەکانی مافی مەدەنی پەرەی سەند. یەکەمین و گرینگترین داواکاریی ئەوان دێموکراسی، بەشداری و ئازادیی ڕادەربڕین لە زانکۆکان بوو. بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە ئورووپا و ئەمریکا لە ساڵی (١٩٦٨) زیاتر پەرەی سەند و تەنانەت نێوەرۆکێکی جیهانییان وەرگرت، کە لە گرینگترین ئەو بزووتنەوانە، شۆڕشی مانگی مەی ساڵی (١٩٦٨) بوو. بەڵام قۆناغی جیددی و گرینگ لە ڕەوتی پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە دەیەی (١٩٧٠) و سەرەتای دەیەی (١٩٨٠) بەولاوە، لە چوارچێوەی بابەتەکانی وەک؛ مافی مرۆڤ، ژینگە و تێرۆریزم دەستی پێکرد و لە دەیەی (١٩٩٠) لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای نوێی پەیوەندی کردن، بە خێرایی گەشەی سەند.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە چەندین بابەتدا جێگای سەرنجی کۆمەڵناسان بوون؛ لە لایەک بە هۆی ئەوەی کە زۆر جار دەبنە هۆی گۆڕان لە بەهاکان و کۆمەڵێک گۆڕانکاری دروست دەکەن، و هەندێ جاریش دەبنە هۆی گۆڕان لە دابەشکردنی هێز لە کۆمەڵگەدا. هەر بۆیە ئەو گۆڕانکارییانەی کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگە دروستی دەکەن زۆر بنچینەییە و کاریگەریی بەرچاو لە پێکهاتەی فەرهەنگی و بونیادی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن. هەر بۆیە ئەمەش سەرنجی توێژەران و بیرمەندانی ئەو بوارەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و خوازیاری زانینی ئەوە بوون کە بۆ چی ئەو جۆرە بزووتنەوانە دروست دەبن و چ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، هەر بۆیە بە مەبەستی زانینی ئەو وڵامانە چەندین تێئۆری و ڕوانگەی تێئۆرییان خستۆتەڕوو.
چەندین تێئۆری سەبارەت بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خراونەتە ڕوو بە هۆی زۆری ئەو ڕوانگە تێئۆرییانە و تێئۆریڤانەکان، لەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدرێت ڕوانگەی تێئۆری سێ تێئۆریڤان بخرێتە ڕوو ، بە تایبەتی تێئۆری ( مانۆئل کاستلیس) کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بابەتی ئەم توێژینەوەیە هەیە.