پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە ٢٨/١٢/٢٠١٦، شاندێکی رێکخراوی ئازادیی لاوان بە سەرپەرەستی بەڕێز هێمن عەمید سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی یەکیەتیی لاوان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی رێکخراو پێشوازیان لێکرا.
سەرەتای دیدارەکە بە ساتێک بەپێوە وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی شەوی یەڵدا دەستی پێکرد و پاشان پێشەوا عەلیپوور وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، باسێکی سەبارەت بە تیرۆر و توندوتیژی پێشکەش کرد.
پاشان بەڕێز هێمن عەمید سکرتێری رێکخراوی ئازادیی لاوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی سەبارەت بە شەهید بوونی پۆڵێک تێکۆشەری رێگای ئازادی، باسی لە کۆمەڵێک پڕۆژە کرد بۆ داهاتوو، یەکێک لە وان باسی بەستنی کۆنفڕانسی لاوانی سوسیال دێموکرات بوو لە داهاتوودا. لە درێژەی باسەکە بۆ لەیەکتێگەیشتن و هاوکاری، جەلال رەوانگەرد سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هاوڕێیەتی رێکخراوی ئازادیی لاوانی دەکرد، ئامادەیی بۆ چالاکیی هاوبەش دەربڕی.
پاشان پێشەوا عەلیپوور باسێکی سەبارەت بە تێکۆشان و رەوتی خەباتی کورد و حیزبی دێموکرات لە رۆژهەڵات پێشکەش کرد .
پێشەوا عەلیپوور هەروەها وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە هەمبەر چالاکی هاوبەشی لاوانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵێنیشی دا کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، میوانداریی هەموو رێکخراوەکانی لاوانی چوار بەشی کوردستان دەکات لە پێناو یەکدەنگی و بە دڵنیایەوە لە داهاتوودا کۆڕێکی لێکتێگەیشتن بۆ لاوانی چوار پاڕچەی کوردستان رێک دەخات و هەروەها رایگەیاند کە یەکیەتیی لاوان ئامادەیی ئەوەشی هەیە کە لە یەکیەتیی لاوانی سوسیال دێموکراتی جیهان وێڕای لاوانی دیکەی کورد بەرەیەکی کوردیی بەهێز پێک بهێنێت بۆ بەهێز کردنی دەنگی لاوانی کورد و گەیاندنی دەنگی لاوانی کورد بە گوێی کۆڕ و کۆمـەڵە جیهانییەکان.