پدرام سولێیمانی
ئێستا نەورۆز تەنیا جێژنێکی کولتووری نییە، بەڵکوو سیمبولی ناسنامە، خۆڕاگری و وشیاری نەتەوەییە . ئەم جێژنە ڕیشەیەکی کۆنی لە مێژووی خەڵکی ئەم خاکەدا هەیە و لە چەن ساڵی ڕابردوو بەتایبەت دوای نەورۆزی ڕەبەت بوەتە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی داخوازییە نەتەوەییەکان و ناسنامەخوازی و لە فۆرمی کولتووری تێپەریوە بۆ فۆرمێکێ بەرگری نیشتمانی ومانۆڕی هێزی جەماوەره. نەورۆز لە کوردستان تەنیا بە مانای سەرەتای بەهار نییە، بەڵکو پەیامی خۆڕاگری، ئازادیخوازی و یەکگرتوویە بە شێوەیەک نەورۆز بوەتە گۆڕەپانێک بۆ نمایشکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، دژایەتیکردنی سیاسەتە سەرکوتکەرەکان و جەختکردنەوە لەسەر مافی چارەنووسی گەلی کورد.
بزووتنەوەی کوردی لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانکاریی گرینگی بەخۆیەوە بینیوە. گەشەی هۆشیاری نەتەوەیی، زیادبوونی چالاکییە مەدەنییەکان و بەرگریی کولتووری لەو گۆڕانکارییانەن کە لە سایەی نەورۆزدا ڕوویانداوە. نەورۆز ئێستا بوەتە دەرفەتێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر مافی چارەنووس، داواکردنی ئازادییە سیاسی و کولتوورییەکان و دژایەتی کردنی ڕژیمی حاکمە.ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەم چەن سالە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاواز لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵانی پێشوو خاوەنی تایبەتمەندی و هەڵگری پەیامێکی نەتەوەییە. لەو ڕێوڕەسمانەدا بە خوێندنەوەی شێعر و وتار و دروشمی نەتەوەیی، لەلایەکی ترەوە کچان و کوڕان و پیر و لاو بە پۆشینی جلوبەرگی خاکی و جامانە و هەوری وەک هێمای یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد، ئەم جێژنە لە ژێر ناوی “نەورۆزی خاکیپۆشان”بەڕێوە دەبەن. ڕەنگدانەوەی ئەم شێوازی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی نەورۆزانە لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مانۆڕێکی گەورەی ئیرادەی نەتەوەیی بوو، بووبە هۆی ئەوەیکە حکوومەت بە پێکێهنانی فەزایەکی توندی ئەمنی لە کوردستان بە هەموو شێوازێک ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی بکات، ئەم شێوازی بەڕێوەبردنانەی ئاهەنگی نەورۆزی وەک بەرهەڵستکارییەکی مەدەنی و شوناسخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵگری پەیامی یەکڕیزی و ناسنامەیەکی نەتەوەیی کۆمەڵگای کوردستان خراوەتەڕوو.
لەگەڵ دەستپێکی بەڕێوەبردنی نەورۆزی خاکیپۆشان شەپۆلێکی بەربڵاوی پشتیوانی کردن لەو ڕێوڕەسمانە بە شێوەی جەماوەری لەلایەن چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە و کۆمەڵانی خەڵک لە نێو خۆ و لە دەرەوەی کوردستان دەستی پێکرد و ئەو پشتیوانی کردنەش بووە هۆی ئەوەیکە لایەنگرانی نەورۆزی خاکیپۆشان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ببێت و خەڵکی کوردستانیش لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بە تین و گڕێکی زیاتر ئەم جێژنە بەڕێوە ببەن.
زۆرێک لە هاونیشتمانیانی کوردستان لە مەراسیم و بۆنەکانیاندا بە جل و بەرگێکی خاکیەوه بەشداربوون که ئەم هەنگاوە وەک جوڵەیەکی فەرهەنگی و ناسنامەیی بە خێرایی و فراوانییەکی زۆر لەنێو خەڵکی کوردستاندا بڵاوبووەوە. بەڵام ئەم جووڵە فەرهەنگییە و سیمبۆلییە بوەتە هۆی نیگەرانی و ترسی زۆری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.لە دوای ئەم هەنگاوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد لە لایان ڕژیمی خوێنمژ و ئیستبدادی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون و خرانە ژێر گوشارەوە و ڕووبەڕووی هۆشداری ئەمنیی بوونەوە.
ڕژیم بە باشی ئاگادارە کە ھەر جووڵەیەک لەپێناو بووژاندنەوەی کولتوور و ناسنامەی کوردی دەتوانێت ھەڕەشەیەکی جددی بێت بۆ دەسەڵاتەکەی. لەبەر ئەم ھۆکارە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەم جووڵەیە، سەرەڕای دەسبەسەر و فشار خستنە سەر ھاووڵاتییان، ھۆشداری دراوەتە ھۆڵەکان و شوێنەکانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکان کە ڕێگە نادەن خەڵک بە جلوبەرگی کوردیی خاکی لەم مەراسیمانەدا بەشدار بن. ئەم ڕێوشوێنانە تەنیا نیشاندەری ترس نییە لەلایەن ڕژێمەوە دژ بە پەرەپێدانی ناسنامەی کوردی، بەڵکوو بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت،بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ سنووردارکردنی ھەر گەشەپێدانێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی کە دەتوانێت ببێتە ھۆی ئاڵنگاری بۆ ڕەوایەتی ڕژیم لە ناوچەکەدا. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا لەم جووڵە جەماوەرییە دەترسێت و ھەوڵ دەدات لە ڕێگەی ھەڕەشە و سنووردار کردنەکانەوە ئەم بزووتنەوەیە سەرکوت بکات. ھەر ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر ناوی نەورۆزی خاکیپۆشانەوە جێژن بگرن.
خەڵکی کوردستان، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، بە کۆبوونەوە لە تەنیشت یەک هاوکات لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی، گۆرانی حەماسی، هەڵپەڕکێ و هەڵکردنی ئاگری نەورۆز ئەم جێژنە لە ژێر ناوی نەورۆزی خاکیپۆشانەوە بە شکۆوە بەڕێوە دەبەن.وەهەروەها نەورۆز بوەتە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەربڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و داواکردنی مافەکانی گەلی کورد.
پۆشینی جلوبەرگی خاکی و جامانە لە لایەن خەڵکەوە. نیشانەی ھاوپشتییە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە درێژایی مێژوو بۆ ئازادی نەتەوەکەیان خەباتیان کردووە. ئەم جلوبەرگە سەرەڕای ئەوەی نیشاندەری پەیوەندی خەڵکە بە مێژووی خەباتگێڕییان، ھەڵگری پەیامی نەتەوەییشە. خاکی پۆشانی نەورۆز نیشان دەدەن کە نەورۆز تەنیا جێژن نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئامانجە نەتەوەییەکان و هەروەها
پۆشینی جلوبەرگی خاکی، هەڵبژاردنێکی ئاگایانە و بەرگرییە. بە هەڵبژاردنی ئەم جلوبەرگە، خەڵکی کوردستان خۆیان بە پێشمەرگەگەلێک دەبینن کە بۆ بەرگریکردن لە خاک و ناسنامەی خۆیان ئامادەن.
نەورۆز و ٢ پەیامی گرینگ:
١-یەکگرتوویی
چ رژیمی پاشایەتی و چ رژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامی بە بەردەوامی هەوڵیان داوە پێش بە یەکگرتووی گەلی کورد بگرن بە ئاژاوە نانەوە لە نێو عەشیرەکان ،زاراوەکان ،شارەکان بە زەق کردنی جیاوازیە ئایینیەکان بە دابەشکردنی کوردستان بەسەر چەن پارێزگا کە تەنیا یەکێک لەوان ناوی کورستانی لێناوە و بەدەیان هەوڵی تر پێشی بەم یەکگرتوویە گرتووە .
لە کۆماری کوردستان و لەسەردەمی خەباتی چەکداری دەیەی شەست بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان نەیتوانی بەشێوەی مەیدانی بچێتە ناوچەکانی ئیلام ولورستان کە لە ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت لە داوی کارەسارتی بومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو کوردستان لە ئیلام تاماکۆ بە هانای ئەوخەلکەوە چوون ئەمە نیشانەیبەهیز بوونی وشیاری بەهێزی نەتەوەیی و یەکگرتووی بوو.
بە بەڕێوەچوونی نەورۆز ئەم یەکگرتوویە زیاتر توانی خۆی دەرخات . لە هەمووشار وناوچەکانی کوردستان بەشداری نەورۆز دەبوون دەست لەدەسی یەک ئەم بۆنە نەتەوەیەیان بەڕێوە دەبرد. بەتایبەت لە نەورۆزی٢٧٢٤ی کوردی نەورۆز لە چەن شاری ئیلام ونەورۆزی مەڵەکشای ئەمساڵ بەشێوازێكی بەشکۆ بەڕێوە چوو کە پووچەڵکەرەوەی سیاسەتی دەیان ساڵەی رژیم بوو.
دەسەڵاتی داگیرکەر تارادەیەک ترسی لەم یەگرتوویە و وشیاری نەتەوەیی لەو ناوچەدا لێنیشتبوو کە سپای تیرۆریستی ئیلام هوشداری دەدات لە بەڕێوەچوونی نەورۆز و بەڕێوەبردنی بە پلانی حیزبەکوردیەکان و ناودەبا.
٢-کەڵک وەرگرتن لە هێماکان درووشمە نەتەوەیەکان
رژیم بەهەمووشێوەیەک لە رێگای میدیای خۆی بە پڕۆپاگاندا و بە درووس کردنی چەندین فیلم هەوڵی داوە مێژوویەکی چەواشەکراو و سیمایەکی قیزەون بە نیسبەت شۆڕشگێرانی کورد نیشان بدا وبە تیرۆریست لە قەڵەمیان بدات .
بەڵام بە ناودێرکردنی نەورۆزەکان لە نەورۆزی جامانەکان و هەتا نەورۆزی خاکیپۆشان ئەم جیلە تازەی کە پێگەیشتووە و بەڕێوەبەری نەورۆزە ڕەنگە خەباتی چروپڕی پێشمەرگانەی نەبینیوە بەڵام لە گۆرەپانی نەورۆزدا بە لەبەرکردنی جلو بەرگی خاکی و جامانە هاواری ڕێگاو ڕێبازی ڕێبەری خاکیپۆشان دەکەن بەم جۆرە بەرپرچی سیاسەتی پڕۆپاگاندای دوژمن دەدەنەوە خۆیان بە پاڵپشتی بزووتنەوەی رزگاری خوازی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەزانن.