لاوانی خاکیپۆش!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ٨٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان دەکەینەوە کە خەڵکی بەهەڵوێست و بەتایبەتی لاوانی هوشیاری نەتەوەکەمان، خاکیپۆش و جامانە لەمل و هەوری لە کۆڵ بەرەو پیلی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی ڕۆێشتن و جەژنی سەری ساڵیان کرد بە ڕێفراندۆمێک بەدژی دەسەڵاتی خۆسەپێن و ملهوڕ.
لاوانی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات!
خەباتی شوناسخوازانەی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە گەشەسەندن دایە و ئاستی هوشیاریی نەتەویی لاوان تادێ زیاتر بەرز دەبێتەوە و، هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان و نەتەوەکەیان چڕتر دەکەنەوە.
ڕاسانی قۆناغ بە قۆناغی لاوانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، ئەرک و بەرپەرسایەتیی خەباتی بەسەر هەموو چین و توێژێکی ڕۆژهەڵات و لەپێشەوەی هەموو لایەک لاوان دابەشکرد و بۆ نا گوتن بە دەسەڵاتی داگیرکەری تاران لە هەر دەرفەتێک کە هاتۆتە ئاراوە کەڵکیان وەرگرتووە. بۆ وێنە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە تێیدا بە هاتنە مەیدانیان لەسەر شەقامەکانی ڕۆژهەلات کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامییان وەلەرزە خست و ئەمجارە بانگی “نا” وتنیان بەو ڕێژیمە، هێندە بەرز بوو کە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی بڕی و جیهان بە گشتی گوێی لێبوو.
لاوانی داینامۆی گۆڕان و بزوێنەرانی شۆڕش! ئێوە بە بەشداریتان لە ڕێوەڕەسمەکانی نەورۆزی خاکیپۆشانی ئەمساڵ، دیسانەوە سەڵماندتان کە ڕاسانی ئێوەی پارێزەرانی ڕۆژهەڵات، تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکان بەردەوامە.
خەڵکی ئازادیخواز و بوێری کوردستان!
لەکاتێکدا یادی ٢٢ی خاکەلێوە ڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان دەکەینەوە کە، ئێران بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبن و ئەرکی سەرشانی لاوان لە هەمووکات قورسترە و دەبێ بە یەکدەنگی و یەکڕێزییەوە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی نەتەوەکەمان پووچەڵ بکەنەوە، و ئەرکی سەرشانی هەموو چین و توێژی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتە کە نەکەونە داوای پیلانگێڕیەکانی دوژمن.
٢٢ی خاکەلیوە ١٣٢٢ خاڵی وەرچەرخانی خەباتی ڕێکخراوەیی لاوانی داهێنەری کۆمەڵەی ژێکاف و هەروەها میراتگرانی ڕاستەقینەی کۆماری کوردستانە، کە زایەڵەی سەربەستی خوازی و سەربەخۆیی خوازییان ئەمڕۆکە لەسەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵات دەبیسترێت و لە بەرگی خاکیپۆشاندا ڕووبەڕووی دووژمن دەبنەوە.
لەکۆتاییدا ٨٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو لاوانی بە هەستی رۆژهەڵات پیرۆز بێت و ئەرکی سەرشانی هەموومانە کە تێبکۆشین بۆ وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان.
سەرکەوێ خەباتی حەقخوازانەی گەلی کورد لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی.
بەردەوام بێ خەباتی بێ پسانەوەی لاوان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی