پاشنیوەرۆی رۆژی یەک شەمە ١٨/١٢/٢٠١٦شاندێکی تەڤگەری جڤانین کوردی رۆژئاوا بەسەرپەرەستی عیماد یوسف سکرتێری گشتی رێکخراو سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد و لەلایەن شاندێکی یەکیەتیی لاوان بە سەرپەرەستی سکرتێریی گشتیی رێکخراو پێشەوا عەلی پوور پێشوازیان لێ کرا.
دوابەدوای بەخێرهاتنکردنی شاندی خانەخوێ، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان لەم دیدارە دەربڕی و کۆمەڵێک باسیان خستە روو.
پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان وێڕای ئاماژە بە دۆزی ئێستای کورد و پەرتەوازەیی نێوان هێز و رێکخراوەکانی چواربەشی کوردستان، باسی لە کۆمەلێک چالاکی و دەستپێشخەری یەکیەتیی لاوان کرد و هیوای خواست کە هەموو رێکخراوەکانی چواربەشی کوردستان پەیوەستی ئەم چالاکی و دەستپێخەریانەی یەکیەتیی لاوان بن و رۆژە نیشتمانییەکان وێکڕا بکەنە دەرفەتی لەدەوری یەک کۆبونەوە و دیالۆگ بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە خواستی نەتەوەکەمانە.
پاشان بەڕیز عیماد یوسف سکرتێری تەڤگەری جڤانێن کورد وێڕای پشتگیری لە پڕۆژەکانی یەکیەتیی لاوان باسی لە کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیدار بە خۆیان کرد و سەرەتا ئاماژەی بە دامەزرانی تەڤگەرەکەیان کرد کە لەسەر رێبازی پێشەوا قازی و قاسملوو و بارزانی دامەزراوە و ئامادەیە لە پێناو یەکگوتاری لاوانی کورد لەگەڵ هەموو رێکخراوەکان دیالۆگ بکەن. پاشان باسی لە تێکۆشانی رێکخراوەکەیان لە رۆژئاوای کوردستان و بەربەستەکانی بەردەم جالاکییەکانیان کرد.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پشتگیری لە هەوڵە نەتەوەییەکانی ئەم تەڤگەرە و تێکۆشانیان بە نسبەت لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵێنی هاوکاری لە کاری رێکخراوەیی و نەتەوەییدا پێدان.
شایانی باسە ئەندامانی شاندی هەردوو لا سەرنج و تێبینیەکانیان بەنسبەت کۆمەڵێک پرسی تر ئاڵوگۆڕ کرد.