ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، دووەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەسڵیی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکێتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو و جێگری سکرتێر و هەیئەتی ئیجرایی هەڵبژێردران.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز بێهزاد قادری، سکرتێری یەکێتیی لاوان باسێکی کورتی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی نۆیەمی یەکیەتیی لاوان، گرنگیی کاری ڕێکخراوەیی و ڕۆڵی لاوان و یەکێتیی لاوان، پێشکەش کرد.
سکرتێری یەکێتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پێویستیی یەکگرتوویی و کۆدەنگی لە کاری ڕێکخراوەییدا کرد و جەختی کردەوە کە بە پێکەوەبوون و سووربوون لەسەر ئامانجە بەرزە نیشتمانییەکانمان، دەتوانین سەرکەوتوو بین و ببینە ڕێکخراوێکی شوێندانەر کە هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوە، کاریگەر بین.
لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا، خاتوو بانە عەزیزی، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەسڵی، وەک جێگری سکرتێر هەڵبژێردرا.
لە دوایین بەشی کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی لاواندا وێڕای دەستنیشانکرنی بەشە سەرەکییە کارییەکانی دەستەی بەڕێوەبەری و دابەشکردنی ئەرک و سەڵاحییەتەکان، ئەندامانی دەستەی ئیجرایی یەکێتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژێردران و بە کار و وەزیفەی خۆیان ئەرکدار کران.