ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتیی بۆ بەشێک لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە کۆیە بەڕێوە برد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، “بێهزاد قادری” سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لە کار و چالاکییەکانی یەکیەتیی لاوان کرد لە دوای کۆنگرەی نۆیەم و ئاماژەی بە بەرنامەکانی داهاتووی یەکیەتیی لاوان کرد لە بوارەکانی “پەروەردە، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و…”.
ناوبراو ڕایگەیاند: بەرەوپێشبردنی ئەرکەکانی یەکیەتیی لاوان، پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەندامان هەیە و هەر کەس و بەپێی توانای خۆی پێویستە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت تاکوو بتوانین خزمەت بە لاوان و کورد و کوردستان بکەین.
لە بڕگەی دواتردا، “کارزان حەسەنپوور” بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵێک پرس و بابەتی تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی خستە بەرباس و ئاماژەی بە پلانی داهاتووی بەشەکەی کرد.
لە دوای پێشکەشکردنی وتاری وتاربێژان لە هەر بڕگەیەکدا، بەشێک تەرخان کرا بۆ پرسیار و تێبینیی ئەندامان کە لەلایەن وتاربێژانەوە وڵام درانەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن “بانە عەزیزی” جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لەوحی ڕێزلێنانی یەکیەتیی لاوان پێشکەشی ئەو ئەندامانە کرا کە لە ماوەکانی ڕابردوودا یارمەتیدەری ڕاپەڕاندنی کارەکانی یەکیەتیی لاوان بوون.








