گرنگیی پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لە کوردستان
بانە عەزیزی؛ خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی
لاوان کۆڵەکە و بناغەی هەر نەتەوەیەکن و پەروەردەکردنیان بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە ڕێبەری داهاتووی کۆمەڵگە، پێویست و گرنگە. لەنێو ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی لە کوردستان و ناوچەکەدا ڕوودەدەن، ڕۆڵی لاوان و گەنجانی کورد وەک فاکتەرێکی چارەنووسساز بۆ داڕشتنی ئایندەی کوردستان دەبینرێت. ڕێکخراوەکانی لاوانیش هێزی بزوێنەری هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی گەشەپێدان و سیاسین و دەبێ هەوڵی بەهێزکردنی تواناکانی لاوان بدرێت و وزەکانیان بەرەو تواناسازی و گەشەپێدان ئاراستە بکەن.
لە ئەمڕۆدا کە کوردستان هێشتا لەژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەتدا (عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا) ماوەتەوە و لەڕووی جوگرافی و سیاسییەوە دابەش کراوە، ڕوڵی لاوان و ڕێکخراوەکانی لاوان چەندهێندە قورستر و گرنگتر دەبێت؛ چونکە لاوان وەک هێزێکی دروستکەری گۆڕانکاری و بنیاتنەر لە داهاتووی کوردستان دەبینرێن. دابەشبوونی کوردستان و کەوتنە ژێر دەسەڵاتی چوار داگیرکەر، بووەتە هۆکارێک تا ڕێکخراوەکانی لاوان لە هەر پارچەیەکی کوردستان بە شێوەی جیاواز کار بکەن و بە شێوەی پێویست لە پەیوەندیدا نەبن، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی لاوان بە شێوەیەکی بەرچاو نەتوانن کاریگەری دابنێن لەسەر لاوەکانی کۆمەڵگە.
لە حاڵێکدا یەک لە بابەتە گرنگەکانی پێوەندیی نێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لەگەڵ یەکتر، بەرپرچدانەوەی هەوڵەکانی داگیرکەرەکانی کوردستانە کە دەیانهەوێت بە سەپاندنی کەلتوور، زمان و نەریتی خۆیان شوناسە نەتەوەییەکان لەو بەشە پارچەکراوەی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتیاندایە، بسڕنەوە؛ هاوکات لەگەڵ ئەوە بە سەپاندنی خۆیان بە شێوەی سیستەماتیک و گۆڕینی بە زەبری کۆڵەکەکانی شوناسی نەتەوەیی، خاڵە هاوبەش و وێکچووەکانی نێوان لاوانی هەموو بەشەکان لەگەڵ یەکتر، لاواز بکەن و خاڵە دژوازەکانیش بەپێی توانایان زەق و بەرچاو بکەنەوە.
یانی دەسەڵاتە ناوەندییەکان لە هەر بەشێک بە سیاسەتی ئاسیمیلەکردن لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدەن لاوی کورد بەلاڕێدا بەرن و ڕێچکەی ژینگەی نەتەوەییەکەی بشێوێنن و گەنجانی کورد لە شوناسی خۆیاندا بتوێنێتەوە و پێناسەی بکەن، لەولاشەوە دەیانهەوێت پێوەندیی لاوانی چوار بەشی پارچەکراو، بەرەو کزیی زیاتر بەرن و ئەوەندەی بۆیان بکرێت لێکیان دوور بکەنەوە؛ ئەو ڕاستییە لە پێناسەی نەتەوەیی کوردیش لە هەر بەشێکدا دیارە؛ وەک کوردی ئێرانی، عێراقی و هتد… .
بەو پێیە زیندوومانەوەی پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لە هەر بەشێکی کوردستان لەگەڵ یەکتر، نەتەنیا پێویستییەکی سەردەمیانە و گونجاوە بۆ لاوانی کورد، بەڵکوو زیندووڕاگرتنی ڕیاکتۆری رۆحی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە لە سەرانسەری کوردستان و ستراکتۆری پەروەردەیی داهاتوویە لەمەڕ ڕاهێنان و فێرکردنی لاوانی کورد بۆهەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لەهەمبەر خۆیان، کۆمەڵگەیان و نەتەوەکەیان. بەشێک لە ڕێکخراوەکانی لاوانی کورد لەژێر سێبەری حیزبی سیاسیدا کار دەکەن، هەندێک بە شێوەی سەربەخۆ و بەشێکیش لە تاراوگە بەردەوامن لە چالاکی، بەڵام هەموویان ئارمانجێکی هاوبەشیان هەیە؛ خزمەتی لاوی کورد و پاراستنی ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی و زمانی و شوناسی لەبیرنەکراوی گەلەکەیان.
ڕێکخراوەکانی لاوان لە کوردستان بەرپرسیاریەتییەکی گرنگیان لەسەر شانە، ئەویش کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و نیشتمانپەروەری، پاراستنی زمان و کەلتووری کورد و پەروەردەکردنی لاوان بۆ ڕۆڵگێڕان لە بنیاتنانی داهاتووی کوردستانه. هەروەها دەبێ ببنە پردێک لەنێوان نەوەکاندا، هەوڵ بۆ لێک نزیککردنەوەی لاوانی کورد بدەن، لاوان پەروەردە بکەن بۆ ڕێبەریکردن و بەهێزکردنی هەستی بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی لەنێو ئەو توێژەدا. لە ڕێکخراوەکانی لاواندا، لاو شوناسە نەتەوەییەکەی دەپارێزێت، لێهاتوویی و کارامەییەکانی بەرز دەکاتەوە، فێری کاری بەکۆمەڵ دەبێت و هۆشیار دەبێت لەهەمبەر پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. کاتێک باسی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان رێکخراوەکانی لاوان لە کوردستان دەکەین، تەنها ئامانجمان هاوکاری نییە، بەڵکوو باسکردنی پرسی مان و نەمانی نەتەوەی کوردە و وەستان بەرامبەر هەوڵی ئاسیمیلەکردنی کوردە، کە ئەمەش بە یەکگرتوویی لاوانی کورد دێتەدی.
گرنگیی هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لە کوردستاندا دەتوانین لە چەند لایەندا بخەینەڕوو:
کارکردن و پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لە کوردستان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دەنگی لاوان و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە زیاتر دەبێت. کاتێک ڕێکخراوەکان یەکگرتوو و یەکدەنگ دەبن، ئەوا کاریگەریی سیاسیی زیاتریان دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زیاتر پشتیوانیی خۆیان دەردەبڕن بۆ لاوانی کورد.
بە کەڵکوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی یەکتر ڕێگای یەکتر ڕووناک دەکەنەوە و هاوکار دەبن لە فێربوون و سەرکەوتن، و ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کار و چالاکی.
هاوپەیوەندییەکان دەبنە هۆکارێک بۆ لێک نزیکبوونەوەی لاوانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە بەهۆی دابەشکاری و دۆخی سیاسی لەسەر لاوانن. هەر بۆیەش پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لە کوردستاندا گرنگە تاوەکوو هەستی نەتەوایەتی لەنێو لاوەکاندا بەهێز بکات و لێکیان نزیک بکاتەوە و بە یەک هێز و یەک دەنگ بەرەوڕووی بەربەست و ئاستەنگەکان بوەستنەوە.
جگە لەمانەش، هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەنێو رێکخراوەکاندا، وا دەکات ئەندامانی ڕێکخراوەکان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەرکەوتنیان زیاتر بێت و ئەمەش ئاستی فێربوونی شێوەزارە جیاوازەکانی کوردی بەرز دەکاتەوە. یەکگرتن و یەکبوونی لاوانی کوردستان دەبێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی ناسنامە، زمان و کەلتوور. لە سەردەمی نوێدا، میدیا و تەکنەلۆژیا کارئاسانی دەکەن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لە کوردستان و ئەوەی گرنگە کە ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و باوەڕ بە توانای یەکتری بنیات بنرێن.
هاوپەیوەندیی نێوان ڕێکخراوەکانی لاوان لە کوردستان نەک تەنها پێویستییەکی ئێستایە، بەڵکوو پێویستییەکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی داهاتووی کورد و کوردستان. ئایندەی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی وزەی لاوانییەوە. بەهێزکردنی لاوان و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان بژاردە نییە، پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ دڵنیابوون لە گەشەپێدانی بەردەوام و سەقامگیریی درێژخایەن؛ لاوانی کورد بە درێژایی مێژوو سەلماندوویانە کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییان هەیە، ئەمەش ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی لاوان و کۆمەڵگەیە بۆ بەهێزکردنیان و کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی داهێنانەکانیاندا.
لەڕاستیدا بەردەوامیی لاوان لە ڕێگەی ڕێخۆشکەری بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی لاوانی نەتەوەکەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراوەکانی لاوان لە بەشە پارچەکراوەکانی دیکەی کوردستان، قایمترکردنی بەردی بناغەی مانەوەی ئەو نەتەوەیە و پاراستنی گەلی کوردە لەو جوگرافیا ئاڵۆز و هەردەم لە بەردەم ئاڵوگۆڕەکاندا.








