ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، خولێکی فووتساڵ کە لەلایەن بەشی وەرزشیی ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێک خرابوو و بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، کۆتایی پێ هات و تیمە سەرکەوتووەکانی ئەم یارییە خەڵات کران.
تیمەکانی “بەربەزین” و “ئێف سی ئازادی” سەر بە یەکیەتیی لاوان و “ئێف سی پارێزەر”، پلەکانی یەکەم تا سێهەمی ئەم یارییانەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد.
لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەم خولەدا، باشترین یاریزان، باشترین گۆڵچی، باشترین یاریزانی تکنیکی، باشترین گۆڵکار و یاریزانی نموونەی ئەخلاق دیاری کران و خەڵاتیان پێ بەخشرا.
یارییەکان بە شێوەی گرووپی بەڕێوەچوون و لە قۆناغی یەکەمدا هەر تیمێک ٣ یاریی ئەنجام دا و قۆناغی دووەمی یارییەکان بە شێوەی تەک حەزفی بەڕێوە چوون و شێوەی ڕیزبەندی بەرکەوتەی تیمەکان لە ڕێگای تیروپشکەوە دیاری کرا.
لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەردا، یارییەکان لە ڕێوڕەسمێکی کرانەوەدا دەستیان پێ کرد.
کێبڕکێیەکان هەشت ڕۆژیان خایاند و نزیک بە ١٥٠ یاریزان لە هەموو کەمپەکانی حیزب بەشدار بوون و لەو ماوەیەدا ٣٢ یاری بەڕێوە چوون.
لەو زنجیرەیارییانەدا ٢٢٣ گۆڵ تۆمار کران و ٥٥ کارتی زەرد و ٤ کارتی سوور لەلایەن داوەرانی یارییەکانەوە بە یاریزانانی خەتاکار درا.
بەشی وەرزشیی ناوەندی پەروردە ڕایگەیاندووە کە مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەو کێبڕکێیانە بەهێزکردن و بردنەسەری ئاستی ئامادەیی جەستەیی و بەرەوپێشبردنی ڕۆحیە و پتەوکردنی پێوەندیی هاوڕێیەتی و هاودەنگیی نێوان پێشمەرگە و ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزب بوو. حیزبی دێموکرات هەمیشە گرینگی تایبەتی بە وەرزش و لەنێو هێزی پێشمەرگەدا داوە.








