لاوان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان
کارزان حەسەنپوور؛ خوێندکار
ڕێکخراوی مەدەنی چیە؟
ڕێکخراوی مەدەنی دەزگایەکی ناحکومی و سەربەخۆیە کە لەلایەن کۆمەڵێکەوە بە مەبەستی جیاجیای وەک پاراستنی مافی هەمەلایەنەی مرۆڤ، پاراستنی ژینگە و زیندەوەران و باشترکردنی ژیان و… پێک دەهێنرێت. کە ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەن و بودجە و خەرجی خۆیان زۆرتر لەسەر حەقی ئەندامیەتی و هاوکاریی ماڵی خۆیان بەڕێوە دەبەن. ڕێکخراوی مەدەنی دوورە لە گرێدراوی بە حیزب و ئایین و هێڵی فیکریی تایبەت بە خۆی هەیە و ناکەوێتە ژێر سێبەری ئایدۆلۆژیای تر. چالاکیی ڕێکخراوی مەدەنی لە بازنەی فەرهەنگی، هونەری، ئەدەبی، فێرکاری، وەرزشی، سیمینار و وۆرکشۆپی تایبەتی پەروەردەیی دەسووڕێتەوە.
ڕێکخراوی مەدەنی دەتوانێت ببێت بە سەکۆیەک بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تا لە ڕێگەیەوە بتوانن خۆیان پێبگەیەنن و دەنگی خۆیان بگەیەنن بە ژینگەی دەوروبەریان و جیهانی دەرەوە. چونکە هەبوونی پێگەیەکی سەربەخۆ و دوور لە هەر چەشنە دەستێوەردانێکی دەرەکی و دەسەڵاتی سەربەخۆ لە بڕیاردان، دەتوانێت ئامرازێکی لەبار و پێویست بێت بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی ئەم جیهانە. ڕێکخراوە مەدەنییە جیهانییەکان هەر لە سەرەتای پێکهێنانیان، چەند ئامانجێكی هاوشێوەیان هەبووە، لەوانە:
– داکۆکیکردن لە مافی گشتی
– هۆشیارکردنەوەی تاکەکان لە مەترسییە جۆراوجۆرەکان
– پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەپێی پڕۆژەی ئامادەکراو
– پاراستنی مافی چینی کرێکار و ڕەخساندنی هەلی کار
– ڕێگریکردن لە داگیرکاری و شەڕ و ماڵوێرانی
– پشتیوانیکردنی خوێندکاران و لاوان و دابینکردنی کەم و کورتییەکانیان
– هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگە و هەموو ئەو زیندەوەرانەی کە لەنێویدا دەژین.
و…
گرنگیی ڕێکخراوی مەدەنی لە چیدایە؟
پێکهێنانی ڕێکخراوی مەدەنی بە مەبەستی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی ھاوچەرخە کە ڕێز لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بگرێت، ئەرکەکانیان بۆ دیاری بکات و مافەکانیان بپارێزێت. بە واتایەکی تر سەرجەم ئەو کۆمەڵە ھەرەوەزی و پیشەیی و سیاسی و ڕێکخراوەیی و زانستی و وێژەیی و یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریانەی لە ھەر یەکێک لە کۆمەڵگەکاندا بوونی ھەیە، ئاگادار و شارەزای ئەرک و ماف و توانا و کار و ئامانجەکانیانن. ھەروەھا لە شوێن خۆیانەوە ھەوڵی چەسپاندنی یاسا و بەدیھێنانی ئامانجەکانیان دەدەن. ئەو بۆشاییەش پڕ دەکەنەوە کە لەنێوان بنەماڵە و دەوڵەتدا دروست بووە، بەڵام ئەمانە جیاواز تر لە ئەندامەکانی ھەر خێزانێک، کە وابەستەی داب و نەریت و کولتوور و ڕێسای خۆیان و ڕابردویانن، کار و ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ، بە ڕادەیەک کە لەپێناو بەختیاریی ھەموو توێژەکانی کۆمەڵدا، ئامادەن زۆر سنوور ببەزێنن و تازەگەری بھێننە ئاراوە. بەمەش کۆمەڵگەیەک دادەمەزرێت کە ئازادی و بەختەوەری و ڕێزگرتن لە یەکتری و دابینکردنی ماف بۆ ھەمووانی تێدا بەرجەستە دەبێت.
بۆچی گرنگە لاوانی کورد لە ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا بەشداریی چالاکانەیان هەبێت؟
بێگومان لاوان لە کۆمەڵگەدا بنەما و ڕۆڵی تایبەتی لە هەموو بەشەکانی ژیان و بواری تەکنەلۆجیا، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دەگێڕن. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، بەڕوونی دەتوانین ببینین کە لاوان دەتوانن چ گۆڕانکارییەک بخوڵقێنن. لاوانی کورد بە درێژایی مێژووی خەبات و هەوڵدان بۆ ڕزگاریی کوردستان بە گڕوتین و ورەی بەرزەوە لە ڕیزی پێشەوەی مەیداندا ئامادە بوون، هەروەکوو بینیمان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا ڕۆڵی لاوان بە کچ و كوڕەوە لە هەمووی بەرچاوتر بوو.
هەروەکو لە هەواڵەکانی ڕۆژدا بەرچاوە، هەر ڕۆژێک لاوێکی کورد لە پێشبڕکێ جیاوازەکانی وڵاتانی جیهان، بە بەدەستهێنانی مەقام و سەرکەوتنیان، ناوی کورد لە جیهاندا بڵاو دەکەنەوە.
کە بەدڵنیاییەوە هەبوونی ڕێکخراوێکی مەدەنی و بەشداریی چالاکانەی ئەو هێزە بەهێزەی لاوان دەتوانێت کاریگەریەکی زۆر گەورە لەسەر ڕەوتی پێشکەوتن و گەیاندنی دەنگی کورد بە وڵاتانی جیهان هەبێت. ڕۆڵی لاوان لە ڕێکخراوی مەدەنی دەتوانێت نوێگەری و وزەی زیندوو بە ڕێکخراو ببەخشێت و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانی و سەردەمیانە خۆیان بگونجێنن و ئامادەی پێشهاتەکان بن.
ئەنجام
بوونی ڕێکخراوی مەدەنی بە بەشداریی چالاکانە و بەرچاوی لاوان گرنگە و زۆربوونیان هێزێکە دەتوانێت کارتێکردنی لەسەر سیاسەت، ئابووری، پەروەردە و پێشکەوتنی هەر وڵاتێک هەبێت و ببێت بە سەرەتایەک بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و پێویستە ئەم ڕێکخراوانە هاندەر و پاڵپشتێکی بەهێز بن بۆ لاوان کە بێنە ناو کۆمەڵگە و ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییە هەمەچەشنەکاندا.








