لە کاتی هەڵگیرسانی “بزووتنەوەی ژینا” لە ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، وەک بەشێکی چالاکی دیاسپۆرای کورد، ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان بینی لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکاندا.
ئەندامانی یەکیەتیی لاوان بە شێوەیەکی چالاکانە لە هەموو خۆپیشاندانەکان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا لە شارەکانی ئەورووپا بەشدارییان کرد.
ئامانجی سەرەکیی لاوان لە دەرەوەی وڵات بریتی بوو لە دوو خاڵی گرنگ: یەکەمیان گەیاندنی دەنگی نەتەوەی کورد لە بزووتنەوەی ژینا و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکان بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی؛ دووەم دروستکردنی پاڵپشتیی جەماوەری و سیاسی بۆ نەتەوەی کوردی ڕاپەڕیو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی.
هەروەها لاوان هەوڵیان دا کە بە گفتوگۆ لەگەڵ لاوان و پارتە سیاسییە ئەورووپییەکان، پشتیوانیی دیپلۆماسی و مەعنەوییان وەربگرن بۆ خەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
چالاکییەکانی یەکیەتیی لاوان لە ئەورووپا بە درێژایی ماوەی بزووتنەوەی ژینا بەردەوام بوو، ئەمەش نیشانەی پابەندبوونی قووڵی ئەو لاوانەیە بە پرسی نەتەوەیی و خەباتی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم هەوڵانە لە کۆتاییدا بوونە بەشێکی جیانەکراوە لە جووڵانەوەی گشتیی دیاسپۆرای کورد کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بەجیهانیکردنی پرسی بزووتنەوەی ژینا و کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە.
وێنە: ئەرشیڤ – ئەورووپا







