بەرەی نوێی پێشمەرگەکانی کوردستان
بێهزاد قادری
پێشمەرگە لە مێژووی سیاسیی کوردستان، تەنها هێزێکی چەکدار نەبووە، بەڵکوو هێمای ناسنامە، بەرخۆدان، خۆڕاگری و خەبات بووە. سەرەڕای ئەمە، بەو جۆرەی کە کۆمەڵگەی کوردستان گۆڕدراوە، نەسڵەکانی پێشمەرگەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆ لە سەنگەری پێشمەرگە دێرینەکاندا، کە ئەزموونی دەیان ساڵ خەباتیان هەیە، هاوسەنگەرانێک لە بەرەی نوێ هەن کە پاڵنەر، گۆشەنیگا و ڕوانگەی جیاوازی خۆیان هەیە و شێوەی خەباتیان لەگەڵ بەرەکانی پێش خۆیان جیاوازە. ناسینی ئەم جیاوازییانە بۆ تێگەیشتن لە داهاتووی خەباتی کوردستانییان، بەتایبەتی لە ڕێکخراوەگەلێکی ڕیشەداری وەک حیزبی دێموکرات، پێویستە.
نەسڵی ڕابردووی پێشمەرگە، لە سەردەمانێکدا خەباتیان دەکرد کە بوونی خەڵکی کوردستان لەژێر گوشاری توندی ئەمنی و سیاسیدا بوو. بۆ ئەوان، خەبات پێویستییەکی خێرا بوو بۆ مانەوە و پارێزگاری لە ناسنامەی کوردی. ژیان لە شاخەکان، کەمیی ئامراز و خزمەتگوزارییەکان و دەرگیریی قورس، شێوەی بە وێنەی گشتیی پێشمەرگە دێرینەکان دابوو.
بەڵام بەرەی نوێ لە سەردەمێکدا پەیوەستی خەبات بووە کە جیهان گۆڕدراوە: پەیوەندییە جیهانییەکان بەرفراوانتر بوون، خەبات تەنها بە چەک ناکرێت، تەکنۆلۆژیا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و خەڵک خوازیاری سیاسەتداڕێژیی بەڕۆژترن. کەوایە بەرەی نوێ لە کاتێکدا هاتوونەتە نێو خەباتی ڕاستەوخۆی پێشمەرگانەوە کە ئامانج تەنها مانەوە نییە، بەڵکوو داهاتووسازی و ڕۆڵگێڕانی سیاسیشە.
پاڵنەری سەرەکیی نەسڵی ڕابردوو، پاراستنی ناسنامە، پارێزگاری لە خەڵک و وڵامدانەوە بە سەرکوتی ڕاستەوخۆ بوو، بەڵام بەرەی نوێی پێشمەرگە پاڵنەری چەندتوێژیی هەیە: ئەوانیش ناسنامەخوازن، بەڵام ئەم ناسنامەخوازییە زیاتر شرۆڤەتەوەر، فەرهەنگی و سیاسییە و بگرە ڕادیکاڵتریشە. ئەوان ناسنامەی نیشتمانی گرێ دەدەنەوە بە زمانی دایکی، یەکسانیی ماف، بەشداریی سیاسی، مێژووی کۆن و هاوچەرخی کوردستان و نواندنەوەی بەرەی نوێی کوردستان.
بەرەی ئێستا زیاتر لە بەرەی پێشوو، سەرنجیان لەسەر سیاسەتداڕێژیی مەدەنی، کاری میدیایی، پەیوەندییەکانی دیاسپۆرا، دیپلۆماسی و ڕۆڵی تەکنۆلۆژیایە. ئەوان دەزانن کە خەباتی ئێستا تێکەڵەیەکە لە هێزی سەربازی، هێزی میدیایی، ڕای گشتی و تۆڕسازیی جیهانی.
نەسڵی پێشوویی پێشمەرگەکان، زیاتر لەژێر کاریگەریی ئەزموونە بینراوەکانی شەڕ، ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت، خۆڕاگریی فیزیکی و پەیوەندی لەگەڵ شاخ و چیا بوون. جیهانی ئەوان جیهانێک بوو کە تێیدا بڕیارەکان خێرا و پراکتیکی دەدران و هەڵسەنگاندنەکان لەسەر بنەمای ئەزموونی ڕاستەوخۆ بوون. بەڵام بەرەی نوێی پێشمەرگە لە سەردەمێکدا دەژین و خەبات دەکەن کە سەردەمی شرۆڤە، زانیاری، میدیا، سۆشیال میدیا و زیرەکی دەستکردە و هەموو ئەمانە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە. واتە جیهانبینیی ئێستا، شیکارانەتر، سیاسیتر، میدیاتەوەر، داهاتووبینتر و جیهانیتر بووە. بۆ پێشمەرگەی ئێستا، خەبات تەنها گۆڕەپانی جەنگ نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی میدیا، ڕای گشتی، زانکۆ و گۆڕەپانی فەرهەنگیش بەشێک لە گۆڕەپانەکانی خەباتن.
لە ڕابردوودا، پێشمەرگە تەنها بە چەک و تاکتیکی کلاسیک خەباتی دەکرد. بەڵام بەرەی نوێی پێشمەرگە، شارەزایی دیکەشی هەیە یان پێویستی بەو شارەزاییانە هەیە: کار لەگەڵ تەکنۆلۆژیای پەیوەندیگرتن، شرۆڤەی زانیاری، ئاشنایی لەگەڵ درۆن و شەڕی ناموتەقارن، بەرهەمهێنانی ناوەرۆک، کاری میدیایی و ئەمنییەتی دیجیتاڵی. ئەم گۆڕانکارییانە شێوەی خەباتی حیزبی دێموکراتیشی گۆڕیوە و کردوویەتی بە هێزێکی تێکەڵاوی مەیدانی- میدیایی- سیاسی.
هەرچەندە جیاوازیگەلێک هەن، بەڵام ڕاستییەکانی مەیدانی خەبات ئەمەیە کە نەسڵی ڕابردوو و ئێستا لە تەنیشت یەک، پێکهاتەیەکی تەواو دروست دەکەن: نەسڵی ڕابردوو ئەزموون، سەبر و ڕاوەستاویی هەیە، بەرەی ئێستاش، وزە، شرۆڤە و شارەزایی نوێی پێیە. بۆیە داهاتووی خەباتی حیزبی دێموکرات کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە ئەم دوو نەسڵە، نە جێگرەوەی یەک، بەڵکوو تەواوکەری یەک بن. ئامانجیش کە هەمان ئامانجی ڕابردووە: ڕزگاریی کوردستان و کوردستانییان و پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆیی تاکی کوردستانی.









