ئەندامێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خوێندکاری بەشی کوردی لە زانکۆی کۆیە بە ناوی “جیهان بێتووشی”، توانیی لەسەر ئاستی بەشەکەیدا پلەی یەکەم بەدەست بێنێت.
ناوبراو پێشتر بەشی تەندروستیی تەواو کردبوو، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتێکی زیاتر بە زمانی کوردی بکات و ئاواتی خۆی کە بوون بە مامۆستای زمانی کوردی بوو بەدی بێنێت، لە بەشی زمانی کوردیدا درێژەی بە خوێندن دایەوە.
توێژینەوەکەی “جیهان بیتووشی” لەسەر بەراوردکاری لەنێوان زمانی کوردی و زمانەکانی تر، بەتایبەت فارسییە و هەوڵی داوە بە شێوەیەکی زانستی بیسەلمێنێت کە زمانی کوردی یەکێک لە زمانە دەوڵەمەندەکانی جیهانە و زمانەکانی دیکە بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان، وشەیان لە زمانی کوردی وەرگرتووە و لەبەر داگیرکاری، زمانی ئێمە پشتگوێ خراوە.
شایانی باسە کە “جیهان بیتووشی” ئەندامی بەڕێوەبەریی پێشووی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بووە.
وەک یەکیەتیی لاوان، پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە خاتوو “جیهان بیتووشی” دەکەین و هیواخوازین لە هەموو قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا سەرکەوتوو بێت و بتوانێت لە ڕێگای زانستەکەیەوە خزمەتی زیاتری کوردستان و کورد بکات.








