ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەز، بانە عەزیزی جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوان و هونەر حوسێنی ئەندامی یەکیەتیی لاوان، وەک نوێنەرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی لاوانی ئینتەرناسیۆناڵ سوسیالیست کرد کە لەژێر ناوی “ڕۆڵی بزووتنەوەی خوێندکاران لە گۆڕانکارییەکاندا” بەڕێوە چوو.
ئەندامانی کۆبوونەوەکە باسیان لەو کێشە و ئاڵنگارییانە کرد کە ڕووبەڕووی خوێندکاران دەبنەوە و لە هەوڵ و بنیاتنانی هاودەنگی لەنێوان سنوورەکانیان کۆڵییەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، بانە عەزیزی جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوان، باسێکی سەبارەت بەو کێشانەی بە درێژایی ٥٠ ساڵە ڕووبەڕووی خوێندکارانی کورد دەبنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، پێشکەش کرد.
ناوبراو لە قسەکانیدا گوتی: بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە مێژوودا ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە ئازادیخوازی و مافخوازی و بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی پاوانخوازانەدا هەبووە. بە هاوبەشکردنی ئەم واقیعانە لەگەڵ خوێندکاران لە دەرەوەی سنوورەکان، دەتوانین تێبگەین کە چۆن چالاکیی خوێندکاران دەبێتە هێزێکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخدا. تێکۆشانی قوتابییانی کورد بۆ مافی خوێندن بە زمانی خۆیان و بە ئازادی دەربڕینی ناسنامەی خۆیان، بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی گەورەتری جیهانی بۆ دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتی.
بانە عەزیزی گوتیشی: بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو چەوساندنەوانە، خوێندکارانی کورد بەردەوامن لە خۆڕاگری و گۆڕانکاری و هیچ ترسێکیان لە هەڵوێستگرتن بەرانبەر بە داگیرکەر نییە.
لەم کۆبوونەوەیەدا خوێندکارانێک لە چەندین وڵاتی جیهان بەشدار بوون.








