بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، وەک وەفا و پێزانینێک، سەردانی چەند پێشمەرگەیەکی دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کرد و ڕێزی لە چەند دەیە خەبات و تێکۆشانیان لەپێناو کوردستان و کورددا گرت.
بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان لەم سەردانانەدا، سەڕەڕای گەیاندنی ئەو پەیامە کە لاوانی دەروەست درێژەدەری ڕێبازی خەباتکارانی دێرینن، چەند کتێبی چاپکراو لەلایەن یەکیەتیی لاوانیشیان پێشکەش بەو پێشمەرگە دێرینانە کرد.
لەم سەردانەدا بەڕێزان “محەممەد حەسەنزادە، ڕەحیم ڕەحمانزادە، ڕەحمان مەحموودی، ئەحمەد هەمزەپوور، سەعید شەریفیان، فاتمە قادری، عەلی ئەشرەف مەجیدی، ڕەحمان محەممەدزادە و خەجیج مەعزوور” کە کۆمەڵێکیان سەرەتای خەباتیان لە یەکیەتیی لاوانەوە دەست پێ کردووە، بەسەر کرانەوە.
شایانی باسە کە ئەو کتێبانەی پێشکەشی پێشمەرگە دێرینەکان کران، بریتین بوون لە: “واقعیت خلق های ایران و افسانە م – ماکان” لە نووسینی د. قاسملوو، چیرۆکی “شەرتی پیاوان” لە نووسینی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و “ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد” لە نووسینی تاهیر قاسمی، کە لەلایەن بەڕێوەبەریی پێشووی یەکیەتیی لاوان و بە سەرپەرستیی بەڕێز پێشەوا عەلیپوور سکرتێری پێشووی ڕێکخراو، چاپ کرابوونەوە.








