ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە، سێمینارێکیان بۆ بەڕێزان د. “هۆشمەند عەلی شێخانی” و “ڕەحمان سەلیمی” پێک هێنا.
سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر خاتوو “ئاسکە حەسەنزادە”، بەرپرسی کۆمیتەی زاگرۆس و بەڕێوەبەری سێمینارەکە، باسێکی کورتی سەبارەت بە گرینگیی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان پێشکەش کرد.
دواتر دوو تابلۆی هونەری کە نەخشە و ئاڵای کوردستان بوون و لەلایەن خاتوو “دڵارام ئەرجمومەندی”، ئەندامی چالاکی کۆمیتەی زاگرۆس و هەروەها ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەخشێندرابوون، نمایش کران.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا، د “هۆشمەند عەلی شێخانی” مامۆستای زانکۆ، باسی لەسەر مێژووی ئاڵای کوردستان کرد و لە ڕوانگەیەکی مێژوویییەوە ئاماژەی بە ئاڵای کوردستان و لایەنە هێمایی و نەتەوەیییەکانی ئەو ئاڵایە کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، “ڕەحمان سەلیمی” کادری سیاسیی حیزبی دێموکرات، باسەکەی خۆی لەژێر ناوی “ئاڵا و پێشمەرگە، ئیرادەی سەروەریخوازیی کورد” پێشکەش کرد.
ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بەو تێگەیشتنە کرد کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات ٨۰ ساڵ لەوەپێش لەسەر پرسی هێماسازی و پتەوکردنی بنەما نەتەوەیییەکان هەیانبووە کە خوێندنەوە و تێگەیشتنێک بوون کە لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورددا دەگمەن بووە.
شایانی باسە کە شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرستیی “بێهزاد قادری” سکرتێری گشتیی ڕێکخراو، لەو سێمینارەدا بەشدار بوون.








