“بێهزاد قادری” سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بەڕێز “مستەفا ئۆزچەلیک” سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (باکوور) دیدارێکی پێک هێنا.
لە دیدارەکەدا “بێهزاد قادری” باسی لە دوایین ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ڕۆژاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند: “گرنگە لەم کاتانەدا کە نەتەوەکەمان لەژێر هەڕەشەی داگیرکەراندان، لاوانی هەموو بەشەکانی کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.”
سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە پێویستیی دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان لاوانی ڕۆژهەڵات و باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد و گوتی: “لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە ناوەندێکە تا لاوانی نیشتمانپەروەری خاوەن هزری کوردستانی لەدەور یەک کۆ بکەینەوە.”
لە دیدارەکەدا بەڕێز “مستەفا ئۆزچەلیک” سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (باکوور) ڕایگەیاند کە پارتەکەیان هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گڕ تا پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان لاوانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان دروست ببێت و پشتگیریی خۆی و پارتەکەی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵات و خەباتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی.








