کۆبەندییەک لەسەر دوو هەفتەی یەکەمی خۆپیشاندانەکان
مەیسەم مورادی؛ شرۆڤەکاری سیاسی
له دوای ۱٤ ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان، بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ئەوەی چ لە ناوخۆی ئێران دەگوزەرێت، لەبەر دەستدا نییە. بەڵام بە پشتبەستن بەو هەواڵ و زانیارییە کەمانەی کە لە ڕێگەی ستارلینکەوە دێتە دەرەوە، دەتوانین هەڵسەنگاندنێکی دۆخی ناوخۆ و دەرەوە بکەین، کە وێنەکە تۆزێک ڕوونتر دەکاتەوە. ئەو خاڵە گرنگانەی کە بۆ دەستپێکردنی خۆپیشاندان پێویستن، لە ئێران بوونی هەبوو؛ داڕمانی ئابووری، نەبوونی ئازادی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون و داهاتوویەکی لێڵ و لە کۆتاییدا شکستی سەربازی لە شەڕی ۱۲ ڕۆژەدا، خاڵگەلێکن کە هۆکار بوون بۆ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان. دوای ۱٤ ڕۆژ لە خۆپیشاندان، هێشتا ئاسۆیەک بۆ خۆپیشاندەرانیش ڕوون نییە؛ خۆپیشاندانەکان بەرەو کوێ دەچن؟ ڕێبەری خۆپیشاندەران کێیە؟ لە گفتوگۆی نێو دەسەڵاتداراندا چ باس دەکرێت؟ دەسەڵاتی ئێران چەندە دەتوانێت درێژە بەم دۆخەی سەرکوت و بڕینی پەیوەندی بدات؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە لانیکەم لە ئێستادا وڵامدانەوەیان قورسە.
خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە، لە ئاستێکی زۆر بەرزدا تووشی توندوتیژی بووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە بە “خاڵی بێ گەڕانەوە”ی خۆپیشاندانەکان؛ سووتاندنی باڵەخانە و مزگەوت و ئیمامزادەکان، دەستنەپاراستنی دەوڵەت و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، هاوکات هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و “تێکەڵاوبوونی” ئیسرائیل بە خۆپیشاندانەکان، تێمپۆی توندوتیژییەکانی بردووەتە سەرەوە. بابەتی توندوتیژی، تێکەڵاو بە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی خۆپیشاندانەکان، تەنانەت دەتوانێت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەکار بهێندرێت بۆ ڕوودانی سیناریۆی سەرکوت و خەفاندنی کاتیی خۆپیشاندانەکان. پێچەوانەی ئەم بابەتە، واتە درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان و دروستکردنی قەیرانی جیددیی “مانەوە” بۆ دەوڵەت (باوەڕێکی گشتی هەیە کە ئەم خۆپیشاندانانە سەرەکیترین قەیرانی دەوڵەتی ئێران بووە لەم ٤۷ ساڵەدا)، پێویستی بە تێکەڵاوبوونی چەند خاڵی گرنگ هەیە؛ پەیوەستبوونی چالاکی نەتەوەکان، وەک کورد و بەلووچ، هاوکات کارمەندانی کەرتی وزەی ئێران بە ناڕەزایەتییەکان، بۆشایی لەنێوان ئیلیتی سیاسیی ئێران، درزکەوتنە نێوان هێزی ڕەقی سپای پاسداران، سەرهەڵدانی ڕێبەرییەکی باوەڕپێکراو، کە لەلایەن بەشێکی زۆری خەڵکەوە پەسەند بکرێت، نیشاندانی پەیامی هەستپێکراوی نێودەوڵەتی و هاوکات وێناکردنی داهاتوویەک بۆ ئێران، کە بێ سەروبەری و دۆخی ئانارکیک نەبێت، یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی باس لەوە بکەین خۆپیشاندەران تا ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاشەکشە ناکەن.
وەک چۆن لە سەرەوە باسم کرد، هێشتا دەسەڵاتی ئێران توانای سەرکوتی هەیە، هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێرانی بەردەوامە، لەگەڵ ئەمەدا، هاوکات ئاماژەگەلێک هەیە بۆ ئەوەی ئێران بەرەو دۆخێک ببردرێت کە تووشی پشێویی ناوخۆیی ببێت. لەگەڵ ئەوەدا کە پلانێک بۆ داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی، بەڕوونی لەبەر دەستدا نییە، ئەوەی کە دەبینرێت، هەوڵێکی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوە هەیە، بۆ ئەوەی ئێران بەرەو ئەو ئاراستەیە نەچێت. گوتارەکانی ڕەزا پەهلەوی، لەم ماوەیەدا نیشانەی ئەوەیە کە لەژێر فشاردایە – جارێک باس لە هێرش دەکات، جارێک دژی هێرشە – ئەمە پێمان دەڵێت لە ئاستی سەرەوەی پاشاخوازەکانیشدا کە باس لەوە دەکەن دەیانەوێت دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون دیارنییە، ئاسۆیەک کە بتوانێت وێنەی ئێرانی داهاتوو ڕوون بکاتەوە.
لەسەر دوو گوتاری جیاوازی پەهلەوی بە ئاسانی تێمەپەڕن:
پەهلەوی ڕۆژێک دەڵێت “هێرش یارمەتیی شۆڕش نادات” و ڕۆژێک دەڵێت “دەبێ ئەمریکا هێرش بکات”، ئەمە باس لە دوو هێڵی جیاوازی فیکری بۆ داهاتووی ئێران دەکات؛ یەکەمیان دەیەوێت پێکهاتەی دەوڵەت لە ئاکامی هێرشدا نەڕووخێت (باشترین ئایدیای پەهلەوی/ بەشێک لە ئێرانییەکان)، دووەمیان دەیەوێت لانیکەم پێکهاتەی سەربازیی ئێران تووشی داڕمان بێت (ناوەدڵی پەهلەوی/ بەشێک لە ئێرانییەکان). پێدەچێت پەهلەوی هاوکات کە بۆ ئیسرائیل کار دەکات، لەگەڵ وڵاتێکی دیکەش لە پێوەندیدا بێت -وڵاتێک کە خەت بە پەهلەوی دەدات – و دەیەوێت ئێران تووشی داڕمانی پێکهاتەیی نەبێت. بەیاننامە خێراکانی پەهلەوی، لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی بەهێزی ڕێبەریی تێیدا دیار نییە، سەلمێنەری ئەوەیە کە پەهەلەوی نایەوێت وەک کەسێک ناوی بچێتە مێژوو کە بووە هۆی لەنێوچوونی ئاسایشی ئێران و دروستبوونی دۆخی پشێوی و بێ پێکهاتەیی دەوڵەت. بۆیە پەلە دەکات لە زووترین کاتدا ئەم دۆخە بە هەر ئاراستەیەکدا بێت، کۆ بکرێتەوە.
بەردەوامبوونی ئەم دۆخەی ئێستای ئێران بەم شێوەیە، هەم بۆ دەوڵەت و هەم بۆ خەڵک تێچووی زۆری تێدایە، بۆیە دەبێ لە قۆناخێکدا باڵانسی هێزی نێوان خۆپیشاندەران و دەوڵەت، تووشی گۆڕانکاری بێت؛ تێکچوونی ئەم باڵانسە تا ئێستا ڕووی نەداوە و دەوڵەت توانیویەتی ڕێکخراوبوون و پێکهاتەی هێزی ڕەق و سەرکوتی خۆی بپارێزێت، بەڵام بە دەستێوەردانێکی دەرەکی، ئەم باڵانسە دەتوانێت بە قازانجی خۆپیشاندەران تێک بچێت. گریمانەکە ئەوەیە، دەستێوەردانی دەرەکی ببێتە هۆی بڵاوبوونی ترس لەنێوان ئیلیتی سیاسی- سەربازیی ئێراندا و پێیان وا بێت ئێران بەرەو جەنگی ناوخۆیی دەچێت و دەبێ لە شوێنێکدا ڕاوەستانێک بە دەوڵەت بکرێت. تێکچوونی ئەم باڵانسە و درێژەی خۆپیشاندانەکان و بردنە سەرەوەی زیاتری ئاستی توندوتیژییەکان، تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی لادانی پەهلەوی لە گۆڕەپانەکە و باوەڕێکی گشتی دروست بکرێت کە قوربانیکردنی پەهلەوی قازانجی دەبێت بۆ “شۆڕش”، کە ئەمە بابەتێکە بەتەنیا پەیوەندیی بە ناوخۆوە نییە، بەڵکوو لە دەرەوەش دەبێ هاوڕاییەک هەبێت.
لە هەر دۆخێکدا، من ئاسۆیەک بۆ پەهلەوی نابینم، چونکە لە سەرەوەی ئەو هەموو پرۆپاگەندە و هەواڵە ناڕاستانەی بۆ پاڵپشتیکردنی پەهلەوی بڵاو دەکرێتەوە، هێشتا نەیتوانیوە دەوری “ڕێبەری شۆڕش” ببینێت و بەتەنیامانەوەی پەهلەوی لە گۆڕەپانەکەدا، لە درێژمەودا، دەبێتە هۆی زیاتر لێکترازانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان. هاوکات ئەوەی کە تا ئێستا دەبینرێت، لۆبیی ئیسرائیل بەتەواوی پشتی پەهلەویی نەگرتووە و ئەمە نیشانەی ئەوەیە پەهلەوی هێشتا نەیتوانیوە ببێتە جێگەی باوەڕ. هەرچەند لە داهاتوودا دەتوانێت ئەم بابەتە پێچەوانە بێتەوە.
لە کۆتاییدا، هەڵوێستی وڵاتان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئاراستەی ئەم “شۆڕشە” دیاری دەکات؛ خنکاندن و کوژاندنەوەی کاتیی خۆپیشاندانەکان، بەردەوامی و چوونە ناو پرۆسەیەکی چەند مانگی کە تێیدا ئاستی توندوتیژی دەچێتە سەرەوە یان هەر بەڕاستی ڕووخانێکی کۆنترۆڵکراو، ئەوەندەی پەیوەندیی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە، هەر ئەوەندەش پەیوەندیی بە بڕیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەسەر هەموویانەوە ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە.
تێبینی: وێنەکە هی سووتاندنی شەقام و وێستگەیەکی پۆلیسە لە تاران








