ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕووخێت، ئەوە دەرفەتێکە و ڕێگەی نوێ دەکرێتەوە
سان جۆڵا
لە ئەڵمانیادا، دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین دوو بەهای زۆر گرنگ و باڵان. هیوادارم ئەم مافانە بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر ئەم زەوییە دەستەبەر بن.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا، لە کۆیە لەگەڵ دوو سەرکردەی ئازیز و باڵای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، بەڕێزان “حەمەنەزیف قادری و کەماڵ کەریمی” کۆ بوومەوە. لەوێدا زۆر ڕاشکاوانە باسم لەوە کرد کە شۆڕشی ژینا بەرەو کۆتایی دەچێت و تا ئێستا هیچ پرۆسەیەکی سیاسیی ڕێکخراو و هاوبەش لەنێوان ئۆپۆزسیۆندا بەدی نەکراوە.
لە گەرمەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی پێشوودا من بۆچوونم وا بوو کە ڕژێمی ئێرانی بەم زووانە ناڕووخێت، چونکە خاوەنی هێزی چەکدار، هەژموونیی ناوچەیی و ئاسایشی خۆراکە. پێشبینییەکەم ڕاست دەرچوون. بەڵام ئەم بزووتنەوەیەی ئێستا لە خاڵێکی سەرەکیدا جیاوازە: دۆخی کۆمەڵایەتی لە هەموو کاتێک خراپترە. برسییەتی، هەڵاوسانی ئابووری، گرانبوونی نرخی خۆراک و تەشەنەسەندنی دیاردەی لەشفرۆشی، خەڵکێکی زۆر دەڕژێننە سەر شەقامەکان. زۆرێک لە خۆپیشاندەران تەنیا تینووی ڕزگاریی سیاسی نین، بەڵکوو تینووی ئارامیی ڕۆحیشیانن.
ئەگەر ڕژێم بڕووخێت، ئەوە دەرفەتێکە و ڕێگەی نوێ دەکرێتەوە. ئەگەر نا، ئێران مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت ببێتە گۆڕەپانی خوێن.
پەیامم بۆ هێزە دیموکراسخوازەکان ئەوەیە: پێویستە ئۆپۆزسیۆن یەکگرتوو بێت و بە پلان کار بکات! بێ ستراتیژییەت، ڕووخانی دەسەڵاتی ڕژێم نابێتە هۆی ئازادی، بەڵکوو دەبێتە هۆی پشێوی. بۆ ئێستاش پێویستە داوای گۆڕانکاریی سیاسیی کۆنکرێت بکرێت و فشار دروست بکرێت، لەبری ئەوەی تەنها چاوەڕێی هەڵوەشانەوەیەکی بێسەروبەر بین. بارودۆخی نێودەوڵەتیش زۆر ئاڵۆزە. ئەمریکا و ئیسرائیل فشارەکان زیاد دەکەن، سعوودییە ئێرانێکی لاوازی پێ باشترە و چینیش لەبەر دابینکردنی وزە بایەخ بە سەقامگیری دەدات. لەناو ئەم کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیکییەدا، پێکهاتە و کەمینەکان- بەتایبەت کوردەکان- قوربانیی سەرەکیی دەستی ڕژێمن. هیوادارم ئەمجارە هەنگاوی بەرچاو بنرێت.
بڕوای تەواوم هەیە کە ئەڵمانیا و ئەورووپا دەبێ بە شێوەیەکی کارا پشتگیری لە هاوبەشە دیموکراسخوازەکانیان لە جیهاندا بکەن، چ بە شێوەی سیاسی و دیپلۆماسی، چ بە فەرمی و بە نافەرمی.
هەربژی ڕۆژهەڵات
ئازادی بۆ ئێران








