ڕاپۆرتی مانگانەی کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – مارسی ٢٠٢٦
ئامادەکردن: کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- بەرپرسی کۆمیتە: شیوا حەسەنپوور
- دەستبەسەرکردن:
هەر لە سەرەتای مانگی مارس و شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، لانیکەم ٤٠ هاووڵاتی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون کە ئامارەکە بەم شێوەیە:
مەهاباد دە کەس، سەقز دە کەس، بۆکان یەک کەس، ئیلام دوو کەس (خوشک و برایەک بە ناوەکانی ساسان و پەرەستوو چەمەن ئارا)، کرماشان دوو کەس، ئاودانان دوو کەس (دوو برا بە ناوەکانی ماهان و نیما هیممەتی)، نەغەدە سێ کەس (دوو برا بە ناوەکانی مەنوچێهر و مەنسوور عەبدوڵڵازادە)، پیرانشار دوو کەس.
جێگەی باسە کە لە ڕەوتی ئەم شەڕەدا، ڕەشبەگیریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووە، بەتایبەت بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل و بەکارهێنانی ستارلینک کە تەنیا لە شاری سەقز لانیکەم پێنج هاووڵاتی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ستارلینکەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە تاوەکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە نادیارە و هیچ زانییارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخیان لەبەر دەستدا نییە.
- لەسێدارەدان:
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون. ئامارەکان بەم شێوەیەن: ئورمیە یەک کەس، شنۆ یەک کەس، سەردەشت یەک کەس، مەهاباد یەک کەس، سەقز یەک کەس، کرماشان یەک کەس، پیرانشار یەک کەس، پاوە یەک کەس، مەریوان یەک کەس، کامێران یەک کەس، دیواندەرە یەک کەس، سنە یەک کەس و بۆکان یەک کەس.
جێبەجێکردنی سزای ئەم هاووڵاتییانە لە کاتێکدا بوو کە بێبەش بوون لە سەرەتاییترین مافەکانیان، وەک هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و لە بارودۆخێکی تونددا لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە، سنە و کەرەج لەسێدارە دراون.
جێگای باسە کە ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بەدەستی لایەنە مافی مرۆڤییەکان گەیشتووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە و ڕێگەی پەیوەندی زۆر ئەستەم بووە.
ئێمە وەک کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانیی جیددیی خۆمان لەم ڕەشبەگیری و پچڕاندنی هیڵی ئینتەرنێتە لە ئێران و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنین.
تێبینی: لە ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، لە زانیاریی سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و ئەو زانیارییانەی بەدەستی یەکیەتیی لاوان گەیشتووە کەڵک وەرگیراوە.
کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
مارسی ٢٠٢٦








