لەمڕۆ چوارشەممەوە، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی کوردیی نیشتەجێی شاری بێرلین لە وڵاتی ئاڵمان بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەست بە مانگرتن لە خواردنێک دەبن کە ماوەی ٥ رۆژە چالاکوانی کورد “کارزان شەباهەنگ” بە شێوەیەکی نافەرمی دەستی پێکردووە،بڕیارە ئەو مانگرتنە لەبەردەم نووسینگەی پارلمانی ئوروپا لە بێرلین ـی ئاڵمان بەڕێوە بچێ.دەقی ڕاگەیێندراوەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:
کوردستانیان، ئازادیخوازان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ
سبەی چوارشەممە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ ڕێکەوتی 01/06/2016 هەڵمەتێک بۆ پشتیوانی لە بەڕێز مەحەممەد سەدیق کەبوودوەند و محەممەد عەبدووڵلاهی و گشت زیندانیانی سیاسی بە هاوکاری بنکەی کوردانی ڕۆژهەڵات بەرلین دەست پێدەکات .
کارزان شەباهەنگ کە ماوەی پێنج ڕۆژە بە شێوەیەکی غەیری ڕەسمی بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەڕێز کەبوودوەند و گشت زیندانیانی سیاسی مانی لە خواردن گرتووە ، سبەی ئەم هەڵمەتە بە هاوڕێیی دۆستانی دیکەش کە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە دەکاتە ڕەسمی .
لێرەوە داوا لە دۆستان و هاوڕێیان لە شارەکانی تری ئەورووپا دەکەین پشتیوانی ئەم هەڵمەتە بکەن و بەڕەو پیلی ئەم کارە پیرۆزە بێن.
شوێنی دانیشتنی ئەم مانگرتنە لە پێش ئۆفیسی پەڕڵەمانی ئەورووپا، سەفارەتی فەرەنسا و سەفارەتی ئەمریکا لە دەروازە بەرلین دەبێت.
ناونیشان : شاری بەرلین pariser platz 10117, berlin
شایانی باسە کە کارزان شەباهەنگ، چالاکی سیاسیی کوردستانی رۆژهەڵاتە و نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان ـە.
کارزان شەباهەنگ، هۆکاری ئەو مانگرتنەی خۆی گێڕاوە بۆ پشتیوانی لە محەممەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەوان و باوکی مافی مرۆڤی کورد و گوتیشی تا گەیشتن بە ئەنجام و دەستبەر بوونی داواکارییەکانی بەڕێز کەبوودوەند لە مانگرتنەکەم بەردەوام دەبم.
شەباهەنگ لەمەڕ ماوەی مانگرتنەکەی گوتی: “من ماوەی ٦ ڕۆژە دەستم بە مانگرتن کردووە بەڵام مانگرتنەکە بە شێوەیەکی نافەرمی و تاکەکەسی بوو و نەیتوانی دەنگدانەوە و ئەنجامێکی هەبێ هەر بۆیەش بە یارمەتیی چالاکوانانی سیاسی و بنکەی کوردانی کوردستانی رۆژهەڵات لە بێرلین، کە یارمەتی هەمە لایەنەیان لەمەڕ وەرگرتنی مۆڵەت و ئامادەکردنی پلاکارد و …تاد، داوم، مۆڵەتی مانگرتنی فەرمی لەبەر دەرگای نووسینگەی پارلمانی ئوروپا لە بێرلینم بۆ وەرگیراوە و بڕیارە چەند کەسی تریش پەیوەست بە مانگرتنەکە ببن”.
ئەو چالاکە سیاسییە لەمەڕ دۆخی جەستەیی خۆی دوای ٦ ڕۆژ لە مانگرتن گوتی:”بە هۆی ئەوەی کە من ماوەی ١٨٣ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئتلاعاتی ئێران دا و لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆردابووم، بەشێک لە لەشم نوقستان ىووە، ئێستا ئازاری میعدەم هەیە بەڵام هیوا بە ئازادی کەبوودوەند و هەست کردن بەو ئەرکە نیشتمانییەی کە لەسەر شانمە وادەکا هیچ ئازارێک هەست پێنەکەم.”.
کارزان شەباهەنگ لە درێژەدا داوای لە سەرجەم نووسەران و شاعیران و سترانبێژ و چالاکە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کرد تا لە ڕێگای نووسینی بابەت و شیعر و ساز کردنی ستران بە زمانی کوردی و زمانەکانی تر، ئازار و ویستی بەڕێز کەبوودوەند بە گوێی جیهان بگەیێنن.