یەکێتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی یەكشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، بە بۆنەی ٧٣مین ساڵی دامەزارنییەوە سەیرانێکی گشتی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی رێکخراوەکە و بنەماڵەکانی سەر بە حیزب پێکهێنا. لە سەرەتای بەرنامەدا، هاوڕێ ئاسۆ گولابی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لاوان لەو شارەدا، وێڕای بەخێر هێنانی لاوان و میوانەکان، داوای لە هاوڕێی بەڕێز کاک کامیل ئوستاد ئەحمەدی کرد کە بە بۆنە و، هەروەها گرینگی ڕێکخراوی یەکێتی لاوان چەند وتەیەک پێشکێش بکات. کاک کامیل، خۆشحاڵی خۆی بە بۆنەی ئەو ڕۆژە مێژووییە دەربڕی، ئەوجار ئاورێکی کورتی لە بناغەی دامەزرانی یەکێتی لاوان لە سەردەمی کۆمەڵەی ژ-کاف دایەوە و، لە دڕێژەی قسەکانی دا وتی یەکێتی لاوان بە دڕیژایی مێژوو دوو ڕاستی سەلماندووە؛ پەرەی بە گەشە و جێکەوتنی بیری نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕانەی لە نێو بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردستان داوە، لە پەنا ئەوەش دا لە پێ گەیاندنی رێبەر و کادری بەوەجی ڕێبەری ڕانەوەستاوە. لە بەشێکی دیکە دا، قامکی لە سەر پێویستی پشتیوانی و هاوکاری ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی لاوان و بنەماڵەکانیان، لە ئاست حیزب و شۆڕشی رەوای نەتەوەکەمان دانا، لەو بارەوە کوتی؛ ئەمڕۆ حیزبەکەمان و هێزی پێيشمەرگە لە شاخە سەختەکان دا، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە هاوکاری و دڵسۆزی ئەندامان و لایەننگرەکانی لە دەرەوەی وڵات هەیە. سەیران و خۆشی لاوان و بەشداران تا ئێوارە دەرەنگانی شەو درێژەی هەبوو