پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٩/٤/٢٠١٦ لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات رێوڕەسمی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
رێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی لاوان لە لایەن پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوە پێشکەش کرا. پێشەوا عەلی پوور وێڕای پیرۆزبایی لە لاوان و ئەندامانی یەکیەتیی لاوان وتی: “پێشوامان قازی محەمەد بیری لە داهاتووی حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد کۆماری کوردستان کردۆتەوە بۆ داهاتوو، هەر بۆیەش بە گرنگیدان بە لاوانی ئەو سەردەم دڵنیا بوو کە دوای ئەویش رێبازی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ دامەزرانی حکومەتی کوردی کوێر نابێتەوە و هەر واش بوو کە قاسملووی لاو و بەرپرسی لاوانی ئەو سەردەم لە پاش ماوەیەک دەبێتە رێبەری حیزبی دێموکرات و ئەم شێوازە لە پەروەردەی لاو نەریتێکە لەناو دێموکرات کە لە پێشەوامان بە میرات ماوە.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پێشەوا عەلی پور وێڕای ئاماژە بە چالاکییەکانی یەکیەتیی لاوان وتی: ” لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا یەکیەتیی لاوان وەک رێکخراوێکی خاوەن مێژوو و موعتەبەر، لە زۆر کۆڕ و کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی بەشدار بووە و لەهەموو ئەمانەشدا هەوڵمانداوە بە وردی باس لە کێشە و گیر و گرفتەکانی لاوانی کورد بە گشتی و لاوانی رۆژهەڵات بەتایبەتی بکەین. لاوانی رۆژهەڵات کە هەمیشە ئامادە و لە مەیداندان و لەهەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ویست و داخوازییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن، زۆر هێما و ئاماژەیان بۆ ئێمە نارد و ئێمەش وێڕای وەرگرتنی ئەو سیگناڵانە ، لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵەکاندا نوێنەرایەتی خواست و ویستەکانی ئەوانمان کردووە”
عەلیپوور هەروەها وتی :” پێشمەرگەی دێموکرات لە جەریانی تێکۆشانی چەند ساڵی ئەخیریدا گوندی کۆنتڕۆڵ کردوە، جادەی گرتووە، گەڕەکی شاری کۆنتڕۆڵ کردوە و سەلماندوویەتی کە توانای کۆنتڕۆڵی ناوچەی هەیە، بەڵام راگرتنی ئەم ناوچانە بۆ هەتاهەتایە بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەری وەک هەلومەرجی ناوچە، ویستی جەماوەر و یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان.”
پاشان پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەڕێز کەماڵ کەریمی پێشکەش کرا، بەڕیز کەریمی لە پەیامەکەیدا بە ئاوڕدانەوە لە میژووی دامەزرانی سازمانی جەوانان و پەیوەست بوونی تێکۆشانی سازمانی جەوانان بە ژێ کاف و پاشان بە حیزبی دێموکرات، باسی لە گرنگییەکانی بوونی ئەم رێکخراوە کرد.بەڕێز کەریمی لە ئیدامەی قسەکانیدا وتی: ” لاوان لە سەردەمی زووە دەوری کاریگەریان هەبووە لە گەیاندنی سیاسەت و پەیامەکانی حیزبی دێموکرات بۆ نێو توێژی لاو و کۆمەڵانی خەڵک، ئەوان بە هۆی کارە هونەری و ئەدەبییەکانیان یارمەتیدەر بوون کە خەڵک لە بیری حیزبی دێموکرات و بیرۆکەی کۆماری کوردستان تێبگەیەنن.”
بەڕێز کەریمی بە ئاماژە بە قسەکانی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان وتی : ” ئەو لاوانەی کە پەیوەست بوون بە ریزەکانی یەکیەتیی لاوان، بەشێک بوون لەو کەسانەی کە توانیان رێکخراوەکانی حیزبی زیندوو بکەنەوە، ئەوانەی کە سەردەمی کۆمار ئەرکی تەنلیغیان لەسەر شانبوو، دوای تێکچوونی کۆمار ئەرکی رێبەری کردنی حیزبیان گرتە ئەستۆ، ئە رێبەرانەی کە ئێستاش شانازییان پیوە دەکەین، رێبەرانێک کە بوونە هۆی بردنە پێشی بزووتنەوەی رزگاری خەڵکی کوردستان. ئەو پێوەندییە تا ئێستاش لەنێو لاوان و حیزبی دێموکرات کە هەر بەردەوامە، لاوان نەتەنیا هەر لەو قۆناغەدا ، بەڵکوو لە زۆربەی قۆناغەکانی خەباتدا پشتیوان و وزەیەکی بەهێز بوون بۆ حیزبی دێموکرات، بەتایبەت بە بەشدارییان لە ریزەکانی پێشمەرگە و پارێزەرانی رۆژهەڵات، زۆرن ئەو کەسانەی لە ریزەکانی یەکیەتیی لاوان کە لە سەنگەری پێشمەرگە و پاراستنی خاکدا شەهید بوون.”
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێڕەسمەدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو شلێر مەحمودی خوێندرایەوە.
کۆمەڵێک بڕگەی هونەری بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە بوون کە بریتی بوون لە گۆرانییەک بە دەنگی خاتوو شیرین شەریفی، گۆرانییەک بە دەنگی کاک رێبوار حەسەنی و شانۆیەک لەلایەن گرووپی شانۆی لاوان و هەروەها تابلۆیەکی هەڵپەڕەکەی لاوانی دێموکرات.
رێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکەی گشتیی کۆتایی پێهات.