کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ سێ ڕۆژنامەی عەڕەبیی “بیروت ئوبزروەر” چاپی لوبنان، “الجریدە” چاپی کۆوەیتو میدیڵ ئیست ترانسپارەنت کە لە وڵاتانی عەڕەبیدا بڵاو دەبێتەوە، تاوتوێی دوایین ئاڵوگۆرەکان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردوە.
لەو وتووێژانەدا کە هاوکات لەو سێ ڕۆژنامەیەدا بڵاو بوونەتەوە، پرسی خەباتی کورد لە ئێران، نەخۆشیی خامنەییو جێگرتنەوەی ناوبراو، ئێرانو داعش، هۆکارەکانی پشتیوانیی ئێران لە بەشار ئەسەدو مەبەستی ئێران لە دەستێوەردانی لە وڵاتانی یەمەن، بەحرەین، لوبنانو فەلەستین لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاتۆتە بەرباس.
ئەوەی خوارەوە دەقی ئەو وتووێژەیە کە لەو سێ ڕۆژنامەیەدا بڵاو بۆتەوە:
• حەشیمەتی کورد لە ئێران چەندە؟
خالید عەزیزی: لەبەر ئەوەی ئامارە رەسمییەکان لە ئێران بە گوێرەی پێناسەی قەومی نین و زۆرتر بە پێی تەقسیماتی ئوستانی و شارستانی دەکرێن، زۆر زەحمەتە ڕەقهمێکی دەقیق بڵێم، بەڵام بهپێی لێکدانهوهی شارهزایان حەشیمەتی کورد لە ئێران 10 تا 12 میلیۆن دەبێ.
• د.قاسملۆو چۆن تێرۆر کرا و کێ لە پشتی تێرۆری ئەو دابوو؟
خالید عەزیزی: كۆماری ئیسلامیی ئێران د. قاسملووی ڕێبەری پێشووتری حیزبی دێموکراتی لە 13ی ژووئیهی ساڵی 1989 لە وییەن پێتەختی ئۆتریش لە کاتی وتوێژدا تیرۆر کرد.
• کێ د.شەرەفکەندی تێرۆر کرد؟ ئایا حیزبووڵای لوبنان بەشداری ئەو تێرۆرەبوو؟
خالید عەزیزی: -کۆماری ئیسلامیی ئێران د. شەرەفکەندیی کە دوای د. قاسملوو ببوو بە رێبەری حیزبی دێموکرات لە17ی سێپتامری ساڵی 1992دا لە بێرلین پایتەختی ئهڵمان لە رێستووڕانی میکۆنووس تێرۆر کرد. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی دادگای میکۆنووس چەند عەڕەبی لوبنانییش لەو کردەوە تێرۆریستییەدا بەشدار بوون.
• کوردی ئێران بۆچی خەبات دەکەن؟ ئایا بۆ ئازادی خۆیان خەبات دەکەن یان بۆ فیدرالیزم؟
خالید عەزیزی: ئێمە وەک نەتەوەی کورد لە ئێران بە دوای مافە نەتەوایەتییهکانی خۆماندا دەگەرێین و ههوڵو خهباتیشمان بۆ بهدهستهێنانی ئەو مافانهیه. ئێمە پێمان وایە بۆ ئێران که وڵاتێکی فرەنەتەوەیە فێدرالیزم باشترین ڕێگاچارەی مهسهلهی نهتهوایهتییە. بە گوێرەی پڕۆژەی ئێمە دەسەڵات هەمووی لە تاران کۆ نابێتەوە و ئێران دیسانترالیزە دەکرێ و بەشێک لە دەسەڵات بۆ گهلانی پێکهێنهر حهشیمهتی ئێران لە ناوچەکانی خۆیاندا دەبێ. بەو جۆرە تەنهووعاتی قەومی و مەزهەبی له ئێران بە یەکهوە لە دەسەڵاتدا بەشدار دەبن و لەگەڵ یەکتر ئێران ئیدارە دەکەن.
• ئایا ئێران بەرو ئەوە دەڕوا کە ببێت بە بەشێک لە ووڵاتانی خاوەن ئەتۆم؟
خالید عەزیزی: مەبەستی ئێران ئەوەیە وەک دەسەڵاتی سەرەکیی رۆژهەڵاتی نێوەراست تەعامول لەگەڵ وڵاتانی ئەو ناوچەیە و جیهان بکات. ستراتێژیی ئێران ئهوهیه کهئەو مەبەستە بکا بە ئەمری واقیع. ئێران دەیەوێ لە هەموو ئاستێکی ئەمنیەتی، سیاسی، سەربازیو تهنانهت ئەتومییشدا جێگەو پێگەو باڵادهستیی خۆی لە ناوچەکەدا سەقامگیر بکا.
• پێت وایە کێ جێگەی خامنەیی دەگرێتەوە؟
خالید عەزیزی: بۆ من زۆر زەحمەتە ئێستا قەزاوەت بکەم کە کێ لە داهاتوودا جێگەی خامەنەیی دەگرێتەوە. بەڵام بێگومان کۆمەڵگای ئێران ئەوەنده لە ئاڵوگۆردایە کە جێگرەوەی خامهنەیی نە تەنیا مەوقعییەتی خومەینی و خامهنەیی نابێ، بەڵکوو لەگەڵ گیروگرفت و موشکلاتی زۆرتریش بەرهوڕوو دەبێ.
• جوڵانەوەی سەوز چی بەسەر هات؟ ئایا کورد بەشێک لەو ڕەوتە بوون؟ پێت وایە لە داهاتودا چی دیکە ڕوو دەدا؟
خالید عەزیزی: بزووتنەوەی سەوز بەرهەمی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و دهسکاریی ئاکامهکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پێشوو بوو. هەرچەند ئەو بزووتنەوەیە زۆر زوو سەرکوت کرا، بەڵام نەتەنیا لە ناڕەزایەتیی خەڵکی کەم نەکردەوە بهڵکوو زیاتریشی کردوە، کێشەی نێوخۆیی باڵەکانی نێو دهسهڵاتی ئێران نیشانهیەکە لەو ڕاستییە. بۆیە نارەزایەتی و بزووتنەوەی خەڵکی ئێران بەردەوام دەچێتە پێش و ڕەنگە بە دەرسوەرگرتن لە ئهزموونی چەند ساڵی ڕابردوو شێوە و شکڵی دیکە بە خۆوە بگرێ. کورد لە ئێران لە ریزی پێشەوەی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامیو بۆ دابینکردنی ئازادیو دێموکراسی بووه، بۆیە هەمیشە بەشێک بووە لە ههوڵی ئاڵوگۆرخوازی و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە ئێرانو حکوومەتێک مەسئوول لە ناوچەکەدا.
• ئایا ئێران لەگەڵ داعیش دایە، یان لە دژی داعیشە؟
خالید عەزیزی: مادام ستراتێژیی ئێران شێواندن و نائەمنکردنی ناوچەکەیە، بێگومان ئێران لە کێشەکانی نێوان پهیڕهوانی دوو مهزههبی سوننە و شیعە کەڵک وەردەگرێ و لەو پێوەندییهدا سهرههڵدانی داعش دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێ بۆ ئێران و تەنانەت کەڵکیشی لێوەرگرێ و بە پێی بەرژەوەندیی خۆی تەنزیمی عیلاقات لەگەڵ داعش دەکات، ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران دەتوانێ هەم لە دژی بێت و هەمیش لەگەڵی بێت.
• بۆچی ئێران پشتیوانی لە ئەسەد دەکات؟ ئایا لە وتوێژەکانی کێشەی ناوەکی مامەڵە بە سوریە دەکات؟
خالید عەزیزی: – رێژیمی ئەسەد ڕێک لە چوارچێوەی ستراتێژیی ئەمنییەتی و بەرژەوەندیی ئێران لە ناوچەکەدا کار دەکات. چارەسەربوونی کێشەی ئەتۆمیی ئێران بەو مانایە نیە کە ئێران واز لە ستراتێژیی ئەمنییەتیی خۆی و ههوڵی دەستتێوەردانی کاروباری وڵاتانی ناوچەکە دێنێ. بۆیە بە باوهڕی من پڕۆژەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دوای ڕێککهوتن لە سەر کێشەی ئەتۆمییش بەردەوام دەبن و تەنیا بە گۆڕانی ئەو رێژیمە دهتوانین هیوادار بین که سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا گۆڕانی بهسهردا بێ.
• ئێران لە عێراق، یەمەن، لوبنان و فەلەستین بە دوای چیدا دەگەڕێ؟
خالید عەزیزی: ئێران بە نائەمنکردنی عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن، فەلەستین و لە سەریەک وڵاتانی ناوچەکەو بە دروستکردنی کێشەو گیروگرفت و شەڕی نێوخۆیی دەیەوێ ئەو وڵاتانە ئەوەنده مەشغووڵ بکا که هەم کێشەکانی وڵاتەکەی خۆی داپۆشێ و هەمیش خۆی بکات بە فاکتۆری بڕیاردەر لە سەر داهاتووی ئەو ناوچەیە.
• پێت وایە سروشتی پێوەندێکانی تورکیە و ئێران چۆنە؟
خالید عەزیزی: عیلاقاتی تورکیه و ئێران تا ڕادەیەک دەبێ بەوه لێک بدهینهوه که ئێران دەیەوێ وەک ئیمپراتۆڕیی شیعە بهرقهرار بکاو تورکیە دەیەوێ مودیرییەتی خوێندنەوەیەکی تازه لە ئیسلامی سوننە بکات. هەرچەند ئهمانه وەک دوو وڵات عیلاقاتی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکتر نۆرماڵە بەڵام لە خانەی ئەمنیەتی و کێشەکانی ناوچەکەدا دوو سیاسەتی لێکجیا و تەنانهت دژبەیەکیان هەیە.
• ئایا ئێوە ئێستاش پێشمەرگەتان هەیە؟ لە بەرنامەتان هەیە کە دیسان شەڕی چەکداری دەست پێ بکەنەوە؟
خالید عەزیزی: تا ئهوکاته کورد لە ئێران بە مافەکانی نەگهیشتوە پێشمەرگە هەر دەمێنێو ههر دهبێ بشمێنێ. حیزبی دێموکرات ئێستاش هێزی پێشمەرگەی هەیە و هەر کاتێک هەست بەوە بکەین کە پێویستەو گونجاوه هێزی پێشمەرگە لە بواری نیزامیدا چالاک بێتهوه ئێمه ئەو هێزه وهکار دەخەین. بەڵام ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵیک فاکتۆڕی نێوخۆیی و ناوچەیی پێوەندیدار بە کێشەی کورد بەگشتی خەباتی چەکداریمان ڕاگرتوە.
• چاوەڕوانی تۆ لە دونیای عەرەب چییە؟
خالید عەزیزی: کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخوازەو لە ئێرانیش کورد لهلایهک به سوننە و شیعەوه مافە نهتهوایهتییهکانی پێشێل دەکرێن و لهلای دیکهش ئەو بەشەی کورد کە سوننین لە لایەن ڕێژیمی شیعەی تارانهوه سەرکوت و تەحقیری مەزهەبی دەکرێن. وڵاتانی عەڕەبی پێویستە کورد وەک فاکتۆڕێکی کاریگهری گۆڕەپانی سیاسیی ئێران چاو لێبکەن و پشتیوانی لە وهدیهاتنی مافه ڕهواکانی کوردی ئێران و بهگشتی لە خهبات بۆ سەرکەوتنی دێموکراسی و دامەزراندنی حکومەتێکی وهڵامدەرەوه بۆ نێوخۆی ئێران و مەسئوول بهرامبهر به ئاشتیو ئاسایشی ناوچەکە بکهن. بەهێزبوونی کورد یارمەتیدەری سهقامگیر بوونی ئەمنییەت و ئاسایش لە ناوچەکەدا دەبێت.
• پەیامت بۆ کوردەکانی ئێران چییە؟
خالید عەزیزی: پەیامی ئێمە بۆ کوردو بۆ هەموو ئێرانییەکان ئەوەیە که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا مافە نهتهوایهتییهکانی ئێمەی کورد پێشێل دەکا، بهڵکوو ڕێز بۆ مافی نهتهوایهتیی گهلانی دیکەی ئێران وەک عەرەب و بهلووچ و ئازەری و تورکەمەنو هەروەها مافی مهزههبیی سوننیمهزههبهکانیش دانانێ. بۆیە هەمووی ئەو لایەنە بێماف و بەشخوراوانە دەبێ بە یهکەوە بۆ گەیشتن بە مافەکانمان خهبات بکهین و بۆ ئهمهبهستهش یهکیهتیو هاوخهباتییهکی پتهو لهنێو خۆیاندا پێک بێنن. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە بۆ دروستکردنی بەستەر و زەمینەی هاوکاریی هەموو ئەو لایەنانە دەستپێشخەر بووه و لەمەودواش لهسهر ئهو ڕێبازه بەردەوام دەبێ.