هاوڕێ و ئازیزانی خۆشەویستی بەرێوەبەری یەکێتی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
دەگەل ئەوەی خۆم دە رادەیەکدا نابینم کە پەیام روو بەلاوانی وڵات بدەم،وەک لاوێکی بەتەمەن کە بەشێک لەژیانی سیاسی لەم رێکخراوەدا بەرێ کردوە و،
ئەلف و بێی سیاسی خۆم لەم رێکخراوەدا دەست پێکردوە، دەکرێ چەند تێبینییەک دەگەل ئێوە و ئازیزانی خوێنەر و بیسەری ئێوە بێنمە گۆرێ.
لاوان هێزی هەرەگەورە و پالنەری هەموو رەوت و چەرخەکانی کۆمەڵگان . هەر دەسەڵات و هیزێک ئەم هێزە گەورە نەبینێ و بایخی خۆی پێنەدا و رێگای بۆ خۆش نەکا کە پەروەردە بکرێن و بکێشرێنە نێو هەڵسوران و نەبنە بەشێک لە بگێرانی ئێدارە و، دەسەڵاتی نوێ، خۆی توشی دامان و پاشکەوتویی دەکا ،و لە رەوتی رووداو و چونە پێشی کۆمەڵگا وەدوا دەکەوێ.
لاوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چ ئەوانەی لە نێوخۆی وڵاتن، چ ئەوانەی بە ناچاری یان بەهەر دەلیلێک پەرەوازەی هەندەران بوون، بەخۆشیوە بەشی هەرەزۆریان خوێندنی بەرزیان هەیە و زۆر باش پێ گەیشتون. بەڵام لە نێو خۆی وڵات دەسەڵاتی سیاسی کۆنەپەرستانە نە تەنیا مەودای خۆدەرخستنیان پێنادا و ناهێڵێ وزەو تواناکانیان دەرکەوێ و بکەوێتە خزمەت کۆمەلگا، بەلکو ئەوەندەی بۆی بکرێ، بە بیری ئینحرافی و لارێ و، بە بێکاری و مادە هۆشبەرەکان، بەر بەو هێزە دەگرێ کە هەم پێش بە تواناییان بگرێ ولە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵگا لەم هێزە پاڵنەرە بێ بەشدەکا.
ئەو گەنجانەش کە لەدەرەوەی وڵاتن و خۆیان پێگەیاندوە، رادەیەکی زۆر کەمیان کەوتونە خزمەت نەتەوەی خۆیان. دەگەل ئەوەی کە ناکرێ ئەو رادەگەنجە بە تواناییەی ئێستا بۆ خزمەتی میللەتەکەیان کە بەشێکی بەتوانای هێزە سیاسیەکانی کوردن لەدەرەوەی ولات، بە کەم ببیندرێن، بەڵام بە هیچ جۆر لە ئاست چاوەروانی و رادە و ژومارەی زۆری ئەو گەنجە پێگەشتوانەدا نییە.
لەم چەند دێرە کورتەدا ماوەی ئەوە نییە، بپرژێنە سەر هۆی ئەم کەمایسیانە، بەلام زۆر کورت دەکرێ بڵێین چاوەروانییەکانی ئێمە لە ئەرک و چالاکیەکانی لاوان چ لە نێوخۆی وڵات و چ لەدەرەوەی وڵات، نەیتوانیوە رێخۆشکەر بێ بۆ راکێشانی گەنجانی زیاتر بە دەوری رێکخراوەکانمانەوە.
بۆیە دەگەل ئەوەی کە لاوان خۆیان دەبێ زیاتر دەربەستی خزمەتی نەتەوەی خۆیان ببن، ئەوەش لەبیر نەکەن کە هیچ کۆمەلگایەک ناتوانێ بە ئێلیت و تاک، هەرچەندە وشیار و بە تواناش بێ، سەر بکەوێ.پێویستە هەموو بەیەکەوە لە دەوری رێکخراودا خۆی ببینەوە و هێزی خۆیان دەگەل یەکتر بۆ بردنە پێشی ئامانجەکانیان دەکار بکەن. ئەوەش بەشێکی زۆری ئەرکی سەر رێکخراوی لاوانە کە ئەوەندەی دەگەرێتەوە بۆ ئیمکان و دەرەتانی ئەوان ئەم دەرفەتە بۆ گەنجان لە هەموو لایەک پێک بێنێ.
لێرەدا نەخش و جێگای حیزب بۆ پێک هێنانی دەرفەت و دروست کردنی دەرەتانی زیاتر بۆ لاوان لە لایەک و، زیاتر رێگەدان بە دەرکەوتنی سەربەخۆییانەی ئەو گەنجانە دەتوانێ بەشێکی ئەم زیانە کەم بکاتەوە.
هەم گەنجان پێویستیان بە رێنوێنی و کەلک وەرگرتن لە ئەزمونی خاوەن رابردوەکانە، هەم مەمانان دەبێ ئەوە زیاتر قبوڵ بکەین کە ئەرکی ئێمەیە لاوانی خۆمان بۆ وڵات و حیزبەکەمان زیاتر لەبەر چاو بێ و ئەوەندەی پێوسیتە هاوکار و پشتگریان بین.
ئێمە بمان هەوێ یان لەبەری رابوەستین، کۆمەڵگا بەرەو پێش دەچێ،لەو لاشەوە ئەو گەنجانن کە داهێنەر و پالنەری سەرەکی چونە پێشی کۆمەڵن. بۆیە رێکخراوی لاوان ئەرکی زۆر قورسی لەسەر شانە و دوا رۆژی وڵات بەدەست ئێوەیە. بۆیە چوارچێوەی بیرتان دەبێ بەرینتر لە رێکخراوی بەرتەسک و ئێدارەی رۆژانە بێ. ئێوە دەبێ خۆتان بۆ وڵاتداری ئامادە بکەن. رێکخراوی خۆتان بۆ لابردنی لەمپەرەکان بەهێز بکەن.
سوئێد
سەعید بەگزادە
٢٢/١/١٣٩٨