پاییزی ساڵی ١٣٦٦ بوو. لە دەبیرخانەی حیزب ئاگاداریان کردینەوە کە کاک دوکتور دەیهەوێ لەم ڕۆژانەدا سەردانی بنکە و بارەگاکانی یەکێتی لاوانی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بکات. زۆری نەگرت رۆژێکی لە پڕ بێ ئەوەی یەک کادر و بەرپرسی لەگەڵ بێ لەگەڵ پێشمەرگەکانی خۆی پەیدا بوو و تەشریفی هێنا .
سەردانەکانی کاک دوکتور قاسملوو بۆ هەر بنکە و بارەگایەکی حیزبی حەتمەن مەبەست و ئامانجی خۆی هەبوو. پێش دەست پێکردنی کۆبوونەوەکەی خۆی ، ماوەیەکی کورت لەگەڵ بەرێوەبەریی گشتی و کادرەکانی یەکێتی لاوان، کە ئەو کات بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی لاوان کاک قادر وریا بوو، کۆ بۆوە و لەو کۆبوونەوەیە دا فەرمووی ئەگەر ئێوە ڕازی بن دەمەوێ بۆ خۆم بە تاقی تەنیا وێڕای بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی لاوان، لەگەڵ لاوەکان کۆ ببمەوە و لە نزیکەوە بزانم داخوازەکانیان چییە. ئێمەش بە تێگڕا پێشنیارەکەیمان زۆر پێ جوان بوو و کوتمان جەنابت چۆنت پێ باشە وابکە . دیارە ئەوانەی وەک پێشمەرگەی یەکیەتیی لاوان لە بنکەی ئەو یەکیەتییە بوون، دوو بەش بوون. بەشێکیان تەمەنیان لە ١٨ بۆ سەرەوە بوو. بەڵام بەشە زۆرەکە لە خوارەوەی ١٨ ساڵ بوون. تەنانەت چەندین کەسی خوار ١٦ ساڵیشیان تێدا بوو.
کۆبوونەوەکەی کاک دوکتور لەگەڵ پێشمەرگەکانی یەکێتی لاوان نزیک دوو سەعاتی خایاند. کاک دوکتور هێندێک قسەی لە بارەی ئەرکی لاوان لە خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەیان و پێویستیی خۆ پەروەردەکردن بۆ بەشدارییەکی کاریگەر لە کاروباری حیزب داهاتوودا بۆ کردبوون. دواتر لە بارەی بارودۆخی ژیانیان لە یەکیەتیی لاوان، جۆری پێڕاگەیشتنی بەڕیوەبەریی یەکیەتیی لاوان بەوان، هەڵسوکەوتی مامۆستاکان لەگەڵیان ، لە باری پاک و خوێنی و کەیفیەتی خواردنی ڕۆژانە و هتد پرسیاری لێ کردبوون. بەم جۆرە ڕێگەی بۆ کردبوونەوە کە سەربەستانە و بێ ترس و شەرم کردن باسی کەم و کوڕییەکانیان بکەن. ئەوانیش هەر چی لە بارەی کارو تێکۆشان لە یەکیەتیی لاوان و لە کەموکووڕی وەبەرچاویان هاتبوو، باسیان کردبوو. یەکێک لە لاوەکان(ئەمیر کوڕی هونەرمەند کاک برایمی قادری) لەدوکتور قاسملووی پرسیبوو: باشە کاک دوکتور بۆ مە عەیب نیە ڕادیۆمان نیە؟! چۆن دەبێ ڕادیۆمان نەبێ؟ دوکتوریش دەڵێ: چۆن شتی وا دەڵێی؟ ڕاستە ڕادیۆی ئێمە پارازێتی لە سەرە، بەڵام بەو حاڵەش نەک هەر لە هەموو ئێران لە وڵاتانی دەوروبەریش، دەنگی ڕادیۆکەمان دەبیسترێ. ئەدی ئەوە ڕادیۆ نیە؟ ئەمیریش دەڵێ: ماڵتە کاک دوکتور ئەمن مەبەستم ئیزگەی رادیۆ نیە. مەبەستم رادیۆی دیکەیە کە کە وەختی کرانەوەی رادیۆ کوردستان، لەو ساڵۆنەی دایبنێین و گوێی لێ بگرین. کاک دوکتوریش لە کاک قادر دەپرسێ، رادیۆتان نیە؟ دەڵێ نەخێر! ئێمە لە باری تەداروکاتی سەر بە فێرگەین، فێرگەش تەداروکاتی خواردەمەنی نەبێ، پێویستییەکانی دیکەمان زۆر بە کەمی و بە درەنگەوە بۆ دابین دەکەن. دوکتور قاسملوو لەوێ قەولی پێ دابوون، ئەگەر ڕادیۆی ژوورەکەی خۆشی بۆ ناردبن ناهێڵێ بێ ڕادیۆ بن.
کاتێک کۆبوونەوەکە تەواو بوو و کاک دوکتور و بەرپرسی گشتی بە یەکەوە لە ساڵۆنی گشتی هاتنە دەر، ئێمە کادرەکان و مامۆستاکان لە بەر دەرگا چاوەروانیان بووین. د.قاسملوو ڕووی تێ کردین و بە زەردە خەنەیەکەوە فەرمووی: مەترسن! ڕەخنەی کەمتان لێ گیرا و لاوەکان بە گشتی لێتان ڕازی بوون. دوایە بە یەکەوە چووینە دیوی بەڕێوەبەریی گشتی. دوکتور لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لاوەکاندا کۆمەڵێک شتی یادداشت کردبوو. لە کاتی چاخواردنەوە و میوەخواردن لە بارەی ئەو سەرنج و تێبینیانەی یادداشتی کردبوون، قسەی بۆ کردین. یەکە بە یەکە شێ دەکردنەوە بۆ هەریەک لە بابەتەکان رێکار و رێنوێنیی خۆی هەبوو. لە پێشدا زۆر تەئکیدی لە سەر خواردن کردەوە و کوتی ئەو لاوانە ئێستا زۆربەیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە و لە حالی گەشەکردن دان، پێویستیان بە خواردنە. فەرمووی ئێوە بۆ خۆتان کە لەو تەمەنەدا بوون رۆژێ چەند جاران دەچوونە سەر تەشتی نانی و نانتان دەخوارد؟ بۆیە دەبێ ئەوانە زیاتر خواردن بخۆن و بە تەداروکات بڵێن سەهیمیەکەتان زیاد بکەن .
ئینجا فەرمووی ئێوە نابێ هەموو پەروەردەیەک لە دەرس و کلاسدا ساغ کەنەوە، لە ژیانی رۆژانەی هەر قوتابیەک لەو تەمەنانە دا جگە موتالعە، وەرزیش پێویستە، گوێگرتن لە موزیک و دیتنی فیلم پێویستە، تەفریح پێویستە. پاک و خاوێنی و ئیستراحەت گرنگیی زۆریان هەیە و، ئەوانە لە بەرنامەکانتان دا بگونجێنن. دیارە چاوم لە بەرنامەی کاری رۆژانەتان کردوە، بەشێک لەو مادانەی تێدایە ، بەڵام ئەوانەی لەوێ دا نین دەبێ بیانگونجێنن . پێداویستییەکانی ئەو شتانەشتان بۆ دابین دەکەین.
دوای کۆبوونەوەکە فەرمووی بەیانی دوو کەسان بنێرن من لە دەبیرخانە هێندێک شتم هەیە و دەتوانم بەشێک لەو کێشانەتان بۆ حەل کەم.
پاش ئەو قسە و باسانە کاک دوکتور دەیەویست بگەرێتەوە بۆ دەبیرخانە، کاک قادر و ئێمە کادرەکانی بەڕێوەبەری ئیسرار و تەعاروفمان دەکرد کە کاک دوکتوربۆ شام لە لامان بمێنێتەوە. ئەویش فەرمووی ئێستا بەرەو کۆنگرە دەچین وکارێکی زۆرمان هەیە کە دەبێ لە ماوەیەکی کەم دا ئەنجامیان بدەین. ئێستا نا، بەڵام زستانێ دوای تەواو بوون لە کۆنگرە، دێم میوانتان دەبم. دەزانم ئێوەش لەو ڕەز و باغەی دەوروبەری خۆتان، هەم گوێزی زۆرتان کۆ کردووەتەوە، هەم مێوژی باشتان هەڵگرتوە. جا ئەو کات میوان چی خانەخوێیە؟ کاک قادر سوور هەڵگەڕا و کەمێک زمانی تێکهاڵا و بە شەرم و پێکەنینێکەوە گوتی جا وەڵا میوان گەورە و سەروەری خانەخوێیە!
دوکتور قاسملووش دایە قاقای پێکەنین و گوتی کاکە! میوان جێژنی خانەخوێیە! دزانم ئەتۆ فکرت بۆ شتەکەی دیکە چووە! ئێمەش هەموومان تێر پێکەنین. دوایە کاک قادر بۆی گێڕاینەوە، گوتی من هەتا ئەو کات هەر ئەوەم بیستبوو کە” میوان کەری خانەخوێیە”. خۆ نەشدەکرا لە وڵامی دوکتور قاسملوو دا، ئەوە بڵێم. ئەدی خودایە چ وڵامێکی بدەمەوە؟ هەر بۆیە گوتم میوان گەورە و سەروەری خانەخوێیە کە دیارە دوکتور زوو لێم حاڵی بوو و ئەو پێکەنینەی لێ کەوتەوە.
بۆ بەیانی من و هاورێیەکی دیکەم چووینە دەبیرخانە. کاک دوکتور ڤیدۆیەکی تازە – ڤیدیۆ تازە لە بنکەکانی حیزبی پەیدا ببوون- لەگەڵ تەلویزیۆنێکی”القیصارە”ی گەورە، کۆمەڵێک فیلم (لە نێو فیلمەکاندا فیلمی چاڕی چاپلین ، فیلمی بوروس لی ، فیلمی “ئیسپارتاکوس”، فیلمی “عومەر موختار” و هێندێک گۆرانی و ڤیدیۆیی فارسی هەبوون) هەر وەها لە گەڵ هێندێک گۆڤار و بڵاوکراوە و کتێب وەرمان گرتن و لەگەڵ خۆمان هێناماننەوە بۆ یەکیەتیی لاوان.
یەک دوو حەوتوو دواتر ڕۆژێک کاک محەممەد حەسەنپوور(یادی بەڕێز)، بە لانکرۆزێرێک هات بۆ لامان. کارتۆنێکی لە ماشێنەکەی دابەزاند، ڕادیۆیەکی نوێی زۆر باش کە تا ئەو کات شتی وامان نەدیتوو، لە کارتۆنەکە دەرهێنا و گوتی کاک دوکتور ئەو رادیۆیەی بۆ ناردوون و فەرمووی ئەوە من قەولەکەی خۆم لە بارەی رادیۆش جێبەجێ کرد. حەسەنپوور، ئەو ڕێنوێنییانەش کە د.قاسملوو بە گوێرەی بروشووری ڕادیۆکە بە وی کوتبوو، بە ئێمە بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی کوت. ئیدی لەو کات بە دواوە نیوەڕۆیان کە بەرنامەکانی دەنگی کوردستانی ئێران دەستی پێ دەکرد، ڕادیۆی یەکیەتیی لاوان کە لە لایەن د.قاسملووەوە بە دیاری بۆمان هاتبوو، وەک دەڵێن وەک تۆپێ دەنگی دەهات و هەموو لاوەکان گوێیان بۆ رادەگرت.
دوکتور قاسملووی رێبەر کە بۆ خۆی تێکۆشانی سیاسیی لە یەکیەتیی لاوانی دیموکراتەوە دەست پێ کردبوو، لاوەکانی زۆر خۆش دەویست و هیوایەکی زۆری بە یەکیەتیی لاوانی دیموکرات هەبوو. هەر جارێک چاوپێکەوتن و دانیشتنی لە گەڵ بەرێوەبەری و بەرپرسانی یەکیەتیی لاوان هەبا، بە وردی لە کاروبار و بەرنامەکان و کێشە و کەموکوڕییەکانی دەپرسین و بە دواداچوونی بۆ دەکردن. بە کورتی بەردەوام سێبەری لە سەر ئەو ئۆرگانە بوو . پشتگیری و ڕێنوێنی و هاندانەکانی ئەو بۆ یەکیەتیی لاوان بووە هۆی ئەوە ئەو ڕێکخراوەیە ببێتە مەکۆی پەروەردەی کەسانێک کە دواتر بوون بە باشترین بەرپرس، بەڕێوەبەر، کادر، فەرماندە ، راگەیەندنکار وتێکۆشەری بە وەجی بوارەکانی دیکەی خەبات و تێکۆشان.
لە ٢٢ی پۆشپەڕدا بە ڕێز و پێزانینەوە یادی زەحمەتەکانی ، لێزانیەکانی، سەرکردە و مامۆستا بوونەکەی دەکەمەوە و، وەفا و خۆشەویستی بۆ ئەو پیاوە مەزنە بۆ هەمیشە بە زیندووی لە دڵم دا دەهێڵمەوە.
روحت شاد سەروەرم .