نیازم وایه هه‌ر لاو وه‌مێنم!
قادر وریا
نزیکه‌ی ٢٠ ساڵه ئه‌م وته جوانه‌م له که‌سێک خوێندۆته‌وه که “مرۆڤه‌کان به تێپه‌ڕ بوونی سالانی ته‌مه‌ن پیر نابن، به له ده‌ستدانی ئاواته‌کانیان پیر ده‌بن، مرۆڤ تا ئاواتی له دڵ‌دا بێت هه‌ر لاوه و، که‌سێک که بێ‌هیوا و ئاوات بێ، ئه‌گه‌ر به ته‌مه‌نیش لاو بێ، هه‌ر پیره.”
له‌و کاته‌وه که یه‌که‌م جار ئه‌م وته‌یه‌م خوێندۆته‌وه و به دڵم بووه، کردوومه به رێ‌نوێن و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانم. خۆ ئه‌گه‌ر به‌م جۆره ڕوانینه نه‌بووبمه‌وه لاویش، لانیکه‌م خۆم قه‌ناعه‌ت پێ هێناوه که هه‌ر لاوم؛ چونکه هیوام له دڵ دایه، هیوا به ژیان، هیوا به داهاتوو، هیوای گه‌یشتن به رۆژانێک که کاتێکیش دابنێم بۆ ژیان وڕامان له ژیان و ئاوڕدانه‌وه له‌و ژیانه‌ی که له به‌ر کار و تێکۆشان و سه‌ختی و مه‌ینه‌تییه‌کانی ژیانی خه‌باتکارانه، نه‌متوانیوه تێ‌یان دا بژیم. به‌م پێیه من بڕیارم داوه به لاوی وه‌مێنم و دان به به‌ساڵداچوویی و پیریی خۆم دا نه‌نێم.
چۆن قبووڵ بکه‌م که به‌ره‌و پیری ده‌چم، خۆ ئه‌و دوانیوه‌ڕۆ پاییزییه‌ی ساڵی ١٣٥٨ ده‌ڵێی دوێنێ بوو سه‌رم به بنکه‌ی رێکخراوی لاوانی حیزبی دیموکرات له شاری شنۆ‌دا کرد و وتم ئێستا که ته‌مه‌نم بۆته ١٦ ساڵ، ده‌توانم ببمه ئه‌ندامی ئه‌و رێکخراوه، که واته ناوم بنووسن. ئه‌و کاته‌ی بۆ یه‌که‌م جار کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران پیک هات و”خدراوێ” ی سه‌ر رێگای پیرانشار- سه‌رده‌شتی کرد به بنکه‌ی خۆی و من بووم به ئه‌ندامی، تازه ببوومه ١٨ ساڵ. کاتێک له خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٦٠ی هه‌تاوی دا یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری “لاوان” ده‌رچوو و من شانس و شانازیی به‌شداریی چالاکانه‌یم له ئاماده‌کردنی دا هه‌بوو، وه‌ک ده‌ڵێن تازه خه‌تم دابوو. یانی ئاوا زوو زیاتر لە ٣ ده‌یه به سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه دا تێپه‌ڕی ؟ یانی ئه‌م تێپه‌ڕینی ساڵ و زه‌مانانه، منی له لاوه‌تی و لاوی کردوه و، ئێستا که وه‌ک میوان له شه‌شه‌مین کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دا به‌شدارم،لاو نیم؟ واداده‌نێم من لاوم، ئه‌دی کچه‌که‌م که به ٢٠ ساڵ ته‌مه‌نه‌وه وه‌ک ئه‌ندام و نوێنه‌ری کۆنگره له گه‌ڵ باوکی دا له‌م کۆنگره‌یه دا به‌شداره، چییه؟ ئه‌ویش لاوه و منیش هه‌ر لاوم؟ قبووڵکردنی سه‌خته. راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه یه‌کمان له‌و نێوه دا لاو نیین. ئه‌و یه‌که‌ش منم.
حه‌زی منداڵهه‌بوون و بوون به دایک و باوک، له‌و غه‌ریزه و له‌و ئاره‌زووه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که مرۆڤ ده‌یه‌وێ ئیدامه‌ی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر خۆیشی وه‌ک جه‌سته و گیان له نێو ده‌چێ، له‌جه‌سته و گیان و ژیانی که‌سێکی دیکه دا که منداڵه‌که‌یه‌تی، پێی خۆشه درێژه‌ی هه‌بێ. ئه‌ندامه‌تیی هانای کچم له یه‌کیه‌تیی لاوان و به‌شداریی چالاکانه‌ی له کۆڕ و کۆبوونه‌وه و تێکۆشانی جۆراوجۆری ئه‌و یه‌کیه‌تییه دا ، جۆرێکه له درێژه کێشان و به‌رده‌وامیی من له یه‌کیه‌تیی لاوان دا. به‌و هۆیه‌شه‌وه که ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ی لاوان، بۆ من و سه‌دان وهه‌زاران لاو، قوتابخانه‌ی فێربوونی کاری به کۆمه‌ڵ و ڕاهاتن به ئه‌لفوبێی تێکۆشان و خوێندنی وانه‌کانی خۆشویستنی نه‌ته‌وه و نیشتمان بووه، بوونی هانا له ریزه‌کانی و له کۆنگره‌که‌یدا بۆ من زیاتر له یه‌ک مانای هه‌یه. هه‌م به‌رده‌وامیی دایک و باوکه له جه‌سته و رۆحی کچه‌که‌یان دا(ئه‌گه‌ر چی جارێ بۆ خۆمان له ژیانیش دا مابین)، هه‌م به واتای درێژه‌دانی رێگای خه‌بات و تێکۆشانی دایک وبابیه‌تی. بۆیه ناحه‌قم نه‌بوو، ئه‌و کاته‌ی ئه‌وم له پشت تریبوونی کۆنگره به‌رامبه‌ر به خۆم دی، له لایه‌که‌وه نوقمی بیرکردنه‌وه له‌و ساڵانه بووم که منی له مێڕمنداڵێکی ١٦ ساڵه‌ی٣٣ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه کردوه به باوکی یه‌کێک له ئه‌ندامانی شه‌شه‌مین کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی لاوان و، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هه‌ست به شانازی بکه‌م که ئه‌م رێگایه‌ی چه‌ند ده‌یه له ته‌مه‌نی به هه‌زارانی وه‌ک منی، هه‌ڵلوشیوه، بێ رێبوار نامێنێته‌وه.
به‌ڵێ من دانی پیدا بنێم یا نا، له‌سیمام‌دا شوێنه‌واری تێپه‌ڕینی زه‌مان و “هه‌یکه‌لی عومرێکی حه‌سره‌تکێش” یا به واتایه‌کی دیکه، هه‌ڵکردنی شنه‌بای مه‌وسمی خه‌زانی ته‌مه‌ن، به‌دی ده‌کرێ. به‌ڵام به‌م هۆیه‌وه که دڵ و”مێشکم، بیرم، هه‌ستم”پڕن له‌هیوا و له لایه‌کی دیکه‌وه چونکه “ئیمتیداد”ی خۆم له کۆڕی تێکۆشان‌دا به هۆی به‌رهه‌می شیرینی ژیانم، هاناوه ده‌بینم، سه‌رم بۆ پیری دانانه‌وێنم، نیام وایه هه‌ر لاو وه‌مێنم.
قادر وریا
١٠/٨/٢٠١٢
٢٠/٥/١٣٩١
(ئەم بابەتە ٨ ساڵ لەمەوبەر لە کاتی پێکهاتنی کۆنگرەی شەشەمی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا نووسراوە. ئەمڕۆ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان، جارێکی دیکە دەیخەمەوە بەرسەرنجی هۆگران.)