سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە ٢٣ی بەفرانباری١٣٩٩، بەڕێز مستەفا مەولودی جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێز حەسەن شێخانی ڕێکخەری کاروباری ڕێکخراوەکان سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی لاوانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتی رێکخراو، پێشوازیان لێکرا.
بەڕێز مەولودی وێڕای ڕێزگرتن لە تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان لە ناوخۆی رۆژهەڵات و وڵاتانی دەرەوە، ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت کرد و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی لە یەکیەتیی لاوان دووپات کردەوە.
بەڕێز مەولودی هەروەها ئاماژەی بە تایبەتمەندی کاری ڕێکخراوەیی بەتایبەت لەبواری لاواندا کرد و تەئکیدی کردەوە کە حیزبی دێموکرات بە پاراستنی ئەو تایبەتمەندییە ڕێکخراوەییانەوە، یەکیەتیی لاوان بە بەشێک لە جوڵانەوەی جەماوەری خۆی دەزانێ و پشتیوانی لێ دەکات.
لە ئیدامەی دانیشتنەکەدا باس لە بەستنی نۆیەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوان لە داهاتوودا کرا، لەم بارەوە بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان ئامادەیی خۆیان بۆ بەستنی کۆنگرە ڕاگەیاندووە و بڕیار وایە لە دەرفەتێکی گونجاودا بە بەشداری لاوانی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات، یەکیەتیی لاوان کۆنگرەی نۆیەمی خۆی ببەستێت.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان وێڕای سپاس و پێزانین لە پشتیوانیەکانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات بۆ یەکیەتیی لاوان، پێشەوا عەلی پوور رووبە بەڕێوەبەریی ڕێکخراو گوتی: “حیزبی دێموکراتی کوردستان جیاواز لە هەموو حیزب و سازمانێک، مەیدانی کاری ڕێکخراوەیی واڵا کردووە بۆ یەکیەتیی لاوان کە لەناو هیچ حیزبێکدا نمونەی نەبووە.”