سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٧/٣/٢٠١٦ ) کۆبوونەوەیەک بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتیی،راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوان لە بنکەی سەرەکی یەکیەتیی لاوان بەڕیوە چوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان راپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی لاوان و کارو چالاکییەکانی یەکیەتیی لاوان پێشکەش کرد و هەروەها باسی لە دۆخی ئارایی رۆژهەڵاتی نیوەڕاست کرد. سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان هەروەها بە ئاماژە بە گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان و روانینی ئەو حیزبە بۆ خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەکارهێنانی هەموو رەهەندەکانی خەبات لەپێناو نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتدا،گوتی:” وەک هەمیشە داکۆکی و پشتیوانی لەم سیاسەتە حەکیمانەیەی حیزبی دێموکرات دەکەین و بێ گومان ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو ئەندامانی یەکیەتیی لاوان ئامادەن بۆ وەئەستۆگرتنی هەموو ئەرکێک کە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە پێیان دەسپێردرێت” پێشەوا عەلی پوور لە درێژەی باسەکەیدا گوتی: ” لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە شوێنی لەدایکبوونی کۆمەلێک دێموکراسیی نوێیە و تەجرووبەی دێموکراسی نوێی تیدا بەدی دەکرێت، دەبێ ئێمەی کورد خۆمان رێک بخەین و یەکگرتوانە بێ دابەش بوون بەسەر مێحوەرە ناوچەییەکاندا تێکۆشانی خۆمان درێژە بدەین و خۆمان لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆ رێک بخەین و خۆمان بۆ ئاڵوگۆرەکانی ناوچە ئامادە بکەین” پێشەوا عەلی پوور لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە کار و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد و ئامادەیی لاوانی رۆژهەڵاتی بۆ پشتیوانی لە یەکیەتیی لاوان و حیزبی دێموکرات بەرز نرخاند، و هەروەها سپاسی لاوانی دەرەوەی وڵاتی کرد کە لەسەنگەرێکی دیکەدا پشتی خەباتی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی لاوانیان گرتووە. پاشان ئەندامانی بەڕێوەبەری و کۆمیتەکان را و سەرنجەکانیان بۆ تێکۆشانی وەرزی هاوینە خستە روو ،و بڕیاردرا بۆ بەڕیوەبردنی زنجیرە چالاکییەک لە وەرزی هاویندا کە گرنگترینیان پێکهێنانی دەورەی سەرەتایی سیاسی و نیزامییە بۆ ئەندامان و هەروەها بەڕیوەبردنی دەورەی کادری لەم دەورەیەی یەکیەتیی لاواندا. شایانی باسە کۆبوونەوەکە پاش دوو کاتژمێر باسی جۆراوجۆر کۆتایی پی هات.