رۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی ٢٦ی٧ی ٢٠١٥ی زایینی لە سەر بانگهێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نۆروێژ، سمینارێک بۆ بەڕێز دوکتور عەلی تەتەر ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری ئوسڵوی پایتەختی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
لەو سمینارە دا کە نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی شاری ئۆسڵۆ تێیدا ئامادە بوون، دوای خولەکێک بەدەنگی بۆ رێز گرتن لە یادی شەھیدانی گەلەکەمان، بەڕیز دوکتور عەلی تەتەر باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە باروودۆخی هەرێمی کوردستان، پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و دەستووری کوردستان، بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان وە کێشە ناوخۆیەکانی ئەحزابە کوردیەکانی باشوری کوردستان، شەری رێکخراوەی تێرۆریستی داعش و دواین هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر بنکەکانی پ ک ک لە قەندیل پێشکەش کرد.
شایانی باسە لە لایەن لیژنەی ناوچەی نۆروێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ بانگهێشت کرابوو.
هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب پێکهاتوو لە خوسرەو قادری، ئەبوبەکر قەدیکورد، عەلی لالە، مەحبوبە رەحیمی بەر پرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان و شاخەوان عەبدیپور بەرپرسی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژەھەڵاتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بەشداری ئەو سمینارە بوون کە لە لایەن لێژنەی ناوچەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.
لە بەشی ئازادی سمینارەکەدا ھاورێ شاخەوان ئەبدی پور بەرپرسی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژھەڵاتی کوردستان چەن پرسیارێکی ئاراستەی بەرێز دکتور عەلی تەتەر کرد. دواین بەشی سمینارەکە بە وڵام دانەوەی پرسیارەکان لە لایەن بەرێز دوکتور عەلی تەتەر کۆتایی پێهات.