ئێواره‌ی رۆژی دوو شه‌ممه رێکه‌وتی 1/6/2015 به‌شی ئاموزشی یه‌کیه‌تیی لاوان سیمینارێکی سیاسی ته‌شکیلاتی بۆ پێشه‌وا عه‌لی پوور سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تی لاوان به‌ڕێوه‌برد. پێشه‌وا عه‌لی پوور له ده‌سپێکی قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به بلۆکبه‌ندییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و دابه‌ش بوونی کورد به‌سه‌ر ئه‌م بلۆکبهندییهدا کرد. سکرتێری یه‌کیه‌تیی لاوان هه‌روه‌ها گوتی:” حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌خۆشیه‌وه له سه‌ره‌تای دامه‌زرانیه‌وه
تا ئێستا سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌بوه و هه‌رگیز نه‌چۆته‌وه ناو بلۆکبه‌ندییه ناوچه‌یی و جیهانیهکان و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه کۆماری کوردستانه که به‌رهه‌می حیزبی دێموکراته و هه‌رگیز نه‌چۆ ناو بلۆکبه‌ندی سۆڤییه‌ت و رۆژ ئاوا و ئێستاش حیزبی دێموکرات سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه و ناچیته ناو بلۆکبه‌ندییه‌کانی ناوچه”
له به‌شێکی تری قسه‌کانیدا سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوان باسی گه‌رانه‌وه‌ی هێزه‌کانی دێموکراتی کرد بۆ شاخ، له‌م به‌شه‌دا سکرتێری گشتیی لاوان وێراێ ئاماژه به‌وه‌یکه گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات بۆ شاخ خاڵی وه‌رچه‌رخانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و مافی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاته که له شاخه‌کانی رۆژهه‌ڵات جێگیر بێت، هاوکات گوتی : “هیچ هێزێک مافی ئه‌وه‌ی نییه به‌ربه‌ست بۆ پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات دروست بکات و رێگر بێت له داکۆکی هێزه‌کانی دێموکرات له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان” و هه‌روه‌ها گوتی :” ئیدانه‌ی هه‌رجۆره په‌لامارێکی براکوژیی ده‌که‌ین و نابێ چیتر خوێنی رۆله‌ی کورد به‌ده‌ستی کورد بڕژێت و پێویسته هه‌ر هێزێک ده‌ستپێشخه‌ر بوو بۆ شه‌ڕێ براکوژی، له‌لایه‌ن هه‌موو کورده‌وه ئیدانه بکرێت و سه‌باره‌ت به رووداوه‌که‌ی کێله‌شینیش ده‌بێ هێزی په‌لامه‌رده‌ر داوای لێبوردن له میلله‌تی کورد بکات.”
له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا پێشه‌وا عه‌لی پوور گوتی: ” چوونه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات بۆ شاخ بۆ دژایه‌تی کردنی هیچ لایه‌نێک نییه و ته‌نیا بۆ پشتیوانی له خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتووی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه.” پێشه‌وا عه‌لی پوور هه‌روه‌ها گوتی : ” سه‌رکه‌وتنی هاده‌پ له باکووری کوردستان و تێپه‌ڕ کردنی به‌ربه‌ستی 10% له‌لایه‌ن هاده‌پ به قازانجی ئاشتی و دێموکراسییه له ناوچه و هه‌روه‌ها کورده‌کانی باکووری کوردستان خۆیان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن”
له کۆتاییدا سکرتێری یه‌کیه‌تیی لاوان باسی له ئه‌رکه‌کانی رێکخراوه‌که‌یان و ئه‌ندامانی کرد له‌م قۆناغه‌دا و گوتی:” یه‌کیه‌تیی لاوان وه‌ک پشتیوانی هه‌میشه‌یی حیزبی دێموکرات له‌م قۆناغه‌شدا خۆی ئه‌رکدار ده‌بینێ که ئه‌رکی پێشمهگانه و ئۆرگانی له‌ژێر رێنوێنی به‌ڕێوه‌به‌رانی حیزبی دێموکرات‌دا به‌جێ بگه‌یه‌نێت و رۆله به ئهمهگهکهی دێموکرات بێ”