رۆژی یەکشەممە، 12ی ئاپریلی 2015ی زایینی، چوارەمین کۆنفرانسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شآری ترۆندهایم بەڕێوە چوو.
کۆنفرانسەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر هاوڕێ جەعفەر رەسووڵی، ئەندامی
کۆمیتەی گشتیی لاوان لە وڵاتی نۆروێژ بە نوێنەرایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری لاوان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو باسی لە ئەوە کرد کە لەم ماوانەی دواییدا لێژنەیەک بۆ دیاریکردنی رۆژی دامەزرانی لاوان پێکهاتوە و ئەم لێژنەیە دوای بەدواداچوونی ورد و لێکدانەوەی باس و بابەتەکان بەم ئاکامە گەیشتوون کە رۆژی 12ی ئاپریلی 1943ی زایینی وەک رۆژی دامەزرانی لاوان دیاری بکەن. دوای خوێندنەوەی دەقی راپۆرتی لێژنەی دیاریکردنی رۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان، هاوڕێ جەعفەر رەسووڵی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمیتە ناوچەی ترۆندهایم ئەم شانازییەی پێ بەخشراوە وەک یەکەم کۆمیتە، کۆنفڕانسی چوارەمی خۆی لەم رۆژە مێژووییەدا ببەستێ.
دوای کۆتاییهاتنی ئەم بڕگەیە و دەنگ وەرگرتنی ئەرێنی بۆ مەشرووعیەتی کۆنفرانس بە خوێندنەوەی راپۆرتی کاروچالاکییەکانی لاوان لە ناوچەی ترۆندهایم لە لایەن ئاسۆ گولابی و شاهین ئوستادئەحمەدی بەرپرسانی خولی رابردووی کۆمیتەی لاوان لەم ناوچەیە، کۆنفرانسەکە بە رەسمی دەستی پێ کرد. له راپۆرتی کۆمیتهی بهڕێوهبهری پێشوو، کورتەیەک لە کارو چالاکیەکان و هەروەها کێشەکانیان لە ماوەی رابردوودا پێشکەش کرا.
لە درێژەدا هاوڕێ دلێر خورشیدی یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتیی لاوان لە وڵاتی نۆروێژ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا وێڕای سپاس لە ئەندامانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە هاتە سەر باسی ئامانجەکانی حدک و یەکیەتیی لاوان کە وەک رێکخراوێکی سینفیه که سهدهمی ژێکافدا دامهزراوه و گوتی کە یەکیەتیی لاوان وەک قوتابخانەی حیزب وایە و ئەرکی پەروەردەکردنی لاوانی لەئەستۆیە.
دواتر ئەندامانی لاوان رەخنە و بۆچوونی خۆیان لەسەر کارو چالاکییهکانی لاوان لە کۆمیتەی ترۆندهایم خستە بەرباس و لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوچەی ترۆندهایم وڵام درانەوە.
بەشی کۆتایی کۆنفڕانسەکە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی کۆمیتەی نوێی یەکیەتیی لاوان لە ناوچەی ترۆندهایم کە دوای دەنگ وەرگرتن ئەم کەسانە وەک کۆمیتەی نوێ هەڵبژێردران:
ئەندامانی ئەسڵی هۆزان ئاگووشی، شەبنەم یەزدانپەناهی، عەلی چەمەنگوڵی، شاهین یەزدانپەناهی و شاهین ئوستادئەحمەدی
جێگرەکان ئاسۆ گولابی و ڕۆژان ئاگووشی
لە کۆبوونەوەیەکی دەستەبەڕێوەبەریدا هاوڕێ عهلی چەمەن گوڵی وەکوو بەرپرسی کومیتەی ناوچەی تڕۆندلاگ دیاری کرا.
دوابەدوای کۆنفڕانسەکە، بە بۆنەی ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکێتی لاوانەوە، ئێوارەخوانێک بۆ سەرجەم بنەماڵەکانی یەکێتی لاوان و ئەندامانی لاوان و ئەندامانی حیزب دێموکڕات و یەکێتی ژنان ڕیکخرا.