دوانیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە 20/1/2015 کۆبوونەوەیەکی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو
لەم کۆبوونەوەیەدا سەرەتا پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی سەبارەت بە چالاک بوون و لەسەر هەست بوونی ئەندامانی یەکیەتیی لاوان، هیوای خواست کە بە پشتیوانی هەموو لایەک یەکیەتیی لاوان زیاتر لە جاران چالاک بێت و زیاتر کار بکەن بۆ وەدیهانی ئامانجە سێنفی و ویستە سیاسییەکانی لاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە بەردەوامی وتەکانی دا پێشەوا عەلی پوور ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی یەکیەتیی لاوان کرد لە دوای کۆنگرەی ٧ تا ئێستا و هەروەها پڕۆژەکانی داهاتووی یەکیەتیی لاوانی بۆ ئەندامان خستە روو.
بەشێکی وتەکانی سکرتێری لاوان تەرخان کرابوو بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە، لەم بەشەدا بەڕێزیان رایگەیاند: “هەنووکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و دروست بوونی گرووپێکی تێرۆریستی وەک داعش کە راستەوخۆ لەگەڵ کورد لەشەڕدایە و بلۆکبەندییە ناوچەییەکان، دۆخێکیان هێناوەتە ئاراوە کە هەم دەرفەت خوڵقێنە و هەم مەترسی قەیرانی گەورەی لێدەکەوێتەوە و ئەگەر کورد وەک ئەکتەرێکی باش دەرنەکەوێت ئەوە دۆخەکە بەزەرەری کورد دەشکێتەوە و بۆ ئەمەش سەرەتا پێویستە ناوماڵی کورد رێکبخرێتەوە و هاودەنگی و یەکگرتوویی لەناو لایەنە سیاسییەکان دروست بێ.”
پێشەوا عەلی پوور هەروەها گوتی : ” بەداخەوە بلۆک بەندییە ناوچەییەکان کوردیان بەسەردا دابەش بووە و ئەمەش بۆ ئێستای کورد مەترسیدارە و ئەم بلۆکبەندییە ناوچەییە کە حیزبەکانی بەسەردا دابەش بووە بەداخەوە دۆخێکی ئافراندووە کە رۆژهەڵاتی کوردستانی خستۆتە پەراوێزەوە، هەر بۆیە لەم قۆناغەدا پێویستە هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتووانە بەرەو پیلی رووداوەکانی بچن”
بەشێکی دیکەی قسەکانی سکرتێری لاوان تەرخانکرابوو بە پرسی لێکنزیک بوونەوە و هاوکاری نێوان هەر دوو لای حیزبی دێموکرات و رێکخراوەکانی لاوانی هەردوو بەشی دێموکڕات، پێشەوا عەلی پوور لەمبارەوە گوتی:” لەتبوونی حیزبی دێموکرات شۆڕشی کورد لە رۆژهەڵاتی تووشی لاوازی کرد و پێویستە هەردوولای دێموکرات بە داڕشتنەوەی میکانیزمێکی گونجاو و بەپەلە کار بکەن بۆ وەسەریەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات و لەم نێوانەدا لاوان دەبێ دەوری پێشڕەویان هەبێ و بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوانیان دیدار و دیالۆگ و کاری هاوبەش بەڕێوە ببەن و یەکیەتیی ریزەکانی دێموکڕات بکەنە بەشێک لە پڕۆژەی رۆژهەڵات مێحوەری بۆ داهاتووی کوردستان”
لە کۆتاییدا بەشدارانی کۆبوونەوەکە راو سەرنجی خۆیان سەبارەت بەم پرسگەلە خستە روو .