خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
هەروەک ئاگادارن چوار دەیە لەمەوبەر ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کوشتار و هێرش بۆ سەر نەتەوەکانی دیکە بەتایبەت نەتەوەی کورد، لە ئێراندا حکومەتی خۆی دەست پێکرد. سەرەتای دەسەڵاتداریەتیی ئەو ڕێژیمە بە قەبووڵ نەکردن و تواندنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەستی پێکرد و لەو نێوانەدا نەتەوەی کورد بۆ بەرگری لە مان و مەوجودییەتی خۆی دەستی بە خەباتێکی ڕەوای نیشتمانی کرد و تێچوویەکی زۆری بۆ پارێزگاری لە کەرامەت و ئازادیی خۆی دا.
فتوای جیهاد، جینۆسایدی شار و گوندەکان و کۆمەلکوژی ٥٩ لاوی بێ تاوان لە مەهاباد، لە نمونە دیارەکانی جینۆسایدی نەتەوەکەمان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد نەبووە و پرسی کوردی وەک پرسێکی سیاسی لە ئیران پێناسە نەکردوە و هەمیشە لە گۆشە نیگای ئەمنییەوە سەیری کردووە، بۆ چارەسەرکردنیشی پەنای بۆ شەڕ و کوشتن و جینۆساید بردووە و شەڕی بەسەر نەتەوەکەماندا سەپاندووە، هەربۆیە لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی، هیچ ڕێگایەکی بۆ نەمابووەوە و بە ناچار دەستی دایە چەک و لە سەنگەری بەرگری لە مان و مەوجودییەتی نەتەوەکەماندا دەستی بە تێکۆشان کرد.
لاوانی بەهەڵوێستی کوردستان!
٣٧ ساڵ پێش ئێستا و لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢دا، ڕێژیم لە ڕەشبگیرییەکدا لە شاری مەهاباد ٥٩ لاوی بێ تاوانی ئیعدام کرد کە بەشێکیان مێرمنداڵ بوون و هێشتا نەگەیشتبوونە تەمەنی یاسایی. ئامانجی ڕێژیم لەو کارە، درێژەدانی کوشتار و چاوترسێن کردنی خەڵک و لاوانی کورد بوو. لە وەڵامی ئەم جینایەتەی دەسەڵاتدارانی تاراندا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە پێک هاتبوو لە لاوانی بە ئیرادە و بە هەڵوێست، تێکۆشانی چەکدارانە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و خاکی کوردستان دەست پێ دەکەن کە تا ئێستاش ئەم تێکۆشانە درێژەی هەیە.
لاوانی شۆڕشگێڕ و میراتگرانی ڕێبازی شەهیدان!
ئێوە کە مێژوویەکی دوور و درێژتان لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم هەیە، بە خۆشییەوە لە قۆناغێ نوێ و لە زۆر پرسی نەتەوەیی دیکەشدا دەوری پێشەنگتان هەبووە و بە بۆنەی جۆراوجۆر تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیتان درێژە پێداوە کە دیارترینیان مانگرتنە بەرینەکەی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ لە وەڵامی مووشەکبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد لە ناو زینداندا بووە. ئەو گەرم و گوڕییەی ئێوە لاوانی ڕۆژهەڵات لە خەبات و تێکۆشان، جارێکی تر گرینگیی هاودەنگی و بەیەکەوە کارکردنمان بۆ دەسەلمێنی و ئێمەش ئەو پەیامەتان وەردەگرین.
ئێمە وەک یەکیەتییەکانی لاوانی دێموکرات لە پێناو هاودەنگی و کاری هاوبەشدا دەمێکە خەریکی بەستێن سازین، بەستێن سازییەک کە بەیەکەوە پرسەکانی لاوانی کورد بهێنینە بەرباس و بەیەکەوە هەوڵیان بۆ بدەین. لەو سۆنگەیەوە تێدەکۆشین جینایەتی ئێعدامی بەکۆمەلی ٥٩ لاوی مەهاباد و سەرجەم جینایەت و جینۆسایدەکانی سەر نەتەوەکەمان بە دێکۆمێنت بکەین و هەروەها تێدەکۆشین بە هاودەنگی و بەیەکەوە، لە مەیدانە بەرینە نێونەتەوەییەکاندا ئەم پرسانە بهێنینە گۆڕێ و ماهییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە جاران بە جیهان بناسێنین و دوژمن بزانێت کە پەروەندەی جینایەتی ١٢ی جۆزەردان و سەرجەم جینایەتەکانی دیکەی، لە ویژدانی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی لاوانی کورددا هەر زیندوویە.
بە هیوای سەرکەوتن و وەدیهێنانی ئامانجەکانی شەهیدانی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٩