ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، لێژنەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە دانیشتنێکی هاوبەشدا، کە بە بەشداریی وەڤدەکانی هەموو لایەنەکان بەڕێوەچوو، بە نیسبەت ڕەشبگیرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستیان گرت و ئەم کردەوە ترسنۆکانەی ڕێژیمیان بە توندترین شێوە مەحکووم کرد.
ئەم کردەوانەی رێژیم لە کوردستان بەردەوام بووە و کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتە هەستیارەکاندا، هەوڵی داوە تاکوو بە نائەمن کردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی چاوترسێن کردنی خەڵکەوە پێش بە ئەگەرەکانی دیکە بگرێت.
جێگای ئاماژەیە ڕێژەی ئەو چالاکانەی کە تاکوو ئێستا گیراون زیاتر لە ١٠٠ کەسە کە لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزی کوردستانن.
ئەم بابەتە هەستیارە بووە هۆی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتییەوە، بپەرژێنە سەر تاوتوێ کردنی سیاسەتە نگریسەکانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت لاوان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای کوردستان و پلان و پرۆژەی تایبەت بەم پرسە دیاری بکەن و چالاکانە هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵبگرن.