ڕاگەیاندراوی لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بۆ شەرمەزارکردنی شەپۆلی بەکۆمەڵ دەستبەسەرکردنی لاوانی کورد
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
لاوانی شۆڕشگێڕ و خوڕاگری کورد!
لە ماوەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەکوو نەریتی هەمیشەیی خۆیان دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری لە کوردستانی ئێران و بە دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی لاوان، ئەمنییەت و ئاسایشی کوردستانیان ڕوبەڕووی مەترسی جدی کردۆتەوە.
ڕۆژانە چەندین لاوی کورد بێ سەر و شوێن دەکرێن و لە زیندانە نەهێنییەکانی ڕێژیم دەکەونە ژێر گۆشاری دەروونی و جەستەیی و ژیانیان لە مەترسی دایە.
شەپۆلی بەکۆمەڵ دەستبەسەرکردنی لاوانی کورد لە پێناو زاڵکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکی و هەروەها نائەمن کردنی کوردستان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت، چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگە پارێزانی کوردستان.
بۆ کۆمەڵگای کوردی ڕوونە کە ئەم توێژانە لە پێناو پاراستن و گەشەی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات هەنگاو هەڵدەگرن، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی ئازادی کە لە ساختار و بناغەی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەدا هەرگیز نەبیندراوە، بە تۆمەت و پەروەندەسازی و وەپاڵ خستنی کەیسی سیاسی و ئەمنییەتی ، هەوڵی ناچالاک کردن و دروستکردنی دڵەڕاوکی لە نێو کۆمەڵگای کوردستان دەدات و هەروەها لە ڕێگای سینەمای بە زاهیر ئیسلامی کراو، هەوڵی ناشیرین کردن و چەواشە کردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدات.
کۆمەڵانی ماف خوراوی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێران!
پایە لەرزۆکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەرگیز لە کوردستانی ئێران قایم نەبوون و هەنووکە کە کوردستان ترسی خستۆتە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو ترسەشە بۆتە هۆی ئەویکە ڕێژیم، بەردەوامیی و ئیرادە و خۆڕاگری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە تایبەت لاوانی دەرەوەست و ئازادیخواز، بە مەترسی لەسەر مانەوەی خۆی بزانێت.
بە تەواوی ڕوونە کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتەوە کە کوردستان داگیرکراوە، لە بەرامبەر زەبر و زەنگ و شەڕی داسەپاو لەسەر وڵاتەکەیان بێدەنگ نەبوون و نابن، هەر بۆیە ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە هیچ ئاکامێکی دڵخوازی بۆ ڕێژیم نابێت و ناتوانن دەنگی مافخوازی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی لە کوردستان کپ بکەن.
ئێمە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، وەکوو هەمیشە ئەو کردوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین و ڕایدەگەینین کە هاودەنگ و شان بە شانی خەڵکی تێکۆشەری و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ ئێران لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی ڕێژیم بێدەنگ نابین و دەبینە دەنگی هەموو تێکۆشەرانی ڕزگاریخواز لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.
هەروەها لاوانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە شێلگیرانە هەوڵ دەدەین کە بە یەکگرتووییمان پاشەکشە بە ڕێژیم بکەین و بە تێکۆشانی فرە چەشنمان ڕێژیم لەو کردەوە دژە ئینسانیانەی پەشیمان بکەینەوە و ڕێگە نەدەین چیدیکە داگیرکەران بە کوشتن و بڕین و بەندیخانە وڵامی مافخوازی نەتەوەکەمان بدەنەوە.
لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات
١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٩
١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٩