سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشمە ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەشی پەروەردەی هێزی پارێزگاری و هەروەها یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبونەوەیەکی سیاسی و تەشکیلاتییان بۆ لاوانی پێشمەرگە بەڕێوە برد.
لەم کۆبونەوەیەدا سەرەتا بەڕیز حەسەن کاکیلی چەند وتەیەکی سەبارەت بە گرنگی ئەو کۆبونەوانە و هەروەها گرنگی پەروەردە پێشکەش کرد و پاشان پێشەوا عەلی پوور، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر نەتەوەی کورد و هەروەها لاوانی کورد، بابەتێکی پێشکەش کرد.
پێشەوا عەلی پوور لە قسەکانیدا هێرشی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ئامانجەکانی پشت ئەم هێرشانەی بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە و هەروەها ڕێکارەکانی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەی بۆ بەشداربووان باسکرد.
شایانی باسە بەشداربووان بە تێر و تەسەلی ڕا و سەرنجەکانی خۆیان دەربڕێ و لەکۆتاییدا بەڕێز ئیسماعیل محەممەدپەنا فەرماندەی هێزی پارێزگاری وێڕای دەستخۆشی لە یەکیەتیی لاوان و هاندانی لاوانی پێشمەرگە، هیوای بەردەوامیی ئەم کۆڕ و کۆبونەوانەی خواست.