لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
خاکەلێوەی ئەمساڵ، ٧٨ مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە لاوانی کوردە، لەو ڕۆژەدا لاوانی ژیر و هوشیاری کورد، بیر لە خۆڕێکخستن و خۆسازماندان دەکەنەوە و بە دژی دەسەڵاتی پەهلەوی ڕێکخراوێک دادەمەزرێنن کە هەم شوناسی نەتەوەیی تێدا بەهێز بکەن و هەمیش بەدوای ویست و ئامانجی لاوانەی خۆیاندا بگەڕێن.
بێگومان ٧٨ ساڵ لەمەوبەر بیرۆکەی لاوان و ڕێکخستنی لاوان لە نێو وڵاتاندا دەگمەن بوو و ئەوکات یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ بڵاوکردنەوەی بیری کۆمۆنیستی خۆی، ڕێکخراوی لاوانی دروست کردبوو. دیارە لاوانی کورد لەگەڵ ئەوەی ئەوکات ئیلهامیان لەو بیرۆکەیە وەرگرت، بەڵام بیری نەتەوەییان کردە بنەمای تێکۆشان و “سازمانی جەوانانی کورد”یان دامەزراند.
سازمانی جەوانانی کورد قۆناغی جۆراوجۆری بڕیون و لە سەردەمی کۆماری کوردستان بە دیرایەت و دووربینی پێشەوا قازی سازمانی جەوانان بە ساختارێکی نوێ و بە ئەرکی نوێ، لەژێر ناوی “ئیتحادیەی جەوانانی کورد” دەستی بە تێکۆشان کرد و دوای نسکۆی کۆماری کوردستانیش، لاوانی ئەو ڕێکخراوە سەرلەنوێ حیزبی دێموکراتیان دامەزراندەوە. هەر بۆیە تا ئێستاش کە لەژیر ناوی “یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” درێژە بە تێکۆشان دەدات، ئەو ڕێکخراوە لەناو لاوانی کورددا بەشێکی دانەبڕاوی جەماوەریی حیزبی دێموکراتە و بەسەدان ڕۆڵەی ئازا و تێکۆشەری ڕاهێناوە و بە دەیان پێشمەرگە و ئەندامی بۆ ڕزگاری کوردستان شەهید بوون.
لاوانی ڕزگاریخوازی کورد!
دوای نزیک بە هەشت دەیە لە دامەزرانی ئەم یەکیەتییە، بە پێی ھەلومەرجەکانی خەبات یەکێتی لاوان ھەوڵی داوە ببێتە نوێنگەی ئیرادەی لاوانی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
ویست و داخوازییەکانی ئەم ڕێکخراوە چ لە سەردەمی دەسەڵاتی پەھلەویدا و چ لە سەردەمی ھاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا گۆڕانکاری بە سەردا نەھاتووە، چونکە ئەساسەن ستەم لە تاران لە دژی کورد بە گۆڕینی ڕێژیمەکان کۆتایی نەهاتووە. هەر بۆیەش دوای ھاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و فەتوای جیهاد دژی نەتەوەکەمان، یەکیەتیی لاوان زیاتر لە جاران وەکوو ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ دەرکەوت و لە ڕێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات چەکی دیفاع لە مان و مەوجودیەتی نەتەوەی کوردی خستە شانی ئەندامانی.
ئەگەرچی ئێستاکە لەسەردەمیکداین کە قەیرانێکی تەندروستی بەرۆکی دنیای گرتۆتەوە بەڵام ئەوە ئەرکەکانمان لەبیر ناباتەوە. ئەرکی لاوان لە ئێستادا بە نیسبەت ڕابردوو قورستر بووە، ئەوە بەو مانایەیە کە دەبێ ئەم دامەزراوە جەماوەرییە زیاترلە جاران تێبکۆشێ و لاوانی زیاتر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و مەیدانی تێکۆشانی لاوان بە بەربڵاوتر بکات، کەوابوو دەبێ لە حاند ئەو ھەموو ئەرکەدا یەکێتی لاوان بەرنامەی بۆ توێژی لاوان ھەبێ.
پێشمەرگە لاوەکانی سەنگەری خەبات!
ئێوە کە ڕیزی پێشمەرگایەتیتان هەڵبژاردووە و “نا”تان بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی گوتووە سەربەرزن، ئێوە کە لە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیاکانی کوردستان و سەرجەم بنکەکان خەریکی تێکۆشانن، ئەو پەیامەتان داوە بە کۆماری ئیسلامی کە لاوی کورد هەر حازر و ئامادەیە و، بە دڵنیاییەوە ئەو ئامادەییەی ئێوە لەسای سیاسەتی نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامانجی خۆی دەپێکێت.
لاوانی تێکۆشەری ڕۆژهەڵات!
ئێوە کە لە هەروەزە نەتەوەییەکاندا ئامادەیی خۆتان نیشان داوە و بە هانای هاوخوێنەکانتانەوە دەچوون، ئێستاکەش دیسان لە حەماسەی نەورۆزدا یەکگرتووانە هاتنەوە مەیدان و بۆنەی نەورۆزتان بە دروشم و جلوبەرگی کوردی ڕازاندەوە، ئەو ڕاستییەتان سەلماند کە چەندە داگیرکەر ویستی فەلەج کردن و تواندنەوەی نەتەوەکەمانی هەبێ و لاوانمان دەسبەسەر بکات، سەد هیندە لاوانی کورد بە گوڕتر دێنەوە مەیدان. بۆیە ئێوە وەجاغی ڕوونی نەتەوەکەمانن.
لەیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم لاوانی کورد و ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان، جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە هەموومان پێویستە لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجی شەهیدانی ڕزگاری کوردستان هاودەنگ و یەکگرتوو بین و لە تێکۆشان نەوەستین.
جیی خۆیەتی لەو ڕۆژەدا بە خەسارناسی لە ڕابردوومان بیرێکی جدی لە داهاتوو بکەینەوە، داهاتوویەک کە بەندە بە یەکگرتوویی هەموومان، یەکگرتووییەک کە پێشەوامان قازی محەممەد لە وەسیەتنامەکەیدا بۆی جێهێشتین پێویستە بەڕێوەی ببەین، ئەو یەکگرتنە ئەمڕۆ لە هەموو کات زەروورترە.
هەروەها پێویستە ئاوڕێکی جدی لە تێکۆشانی خۆمان بدەینەوە و بە گوڕتر لە جاران ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشان لە دژی کۆماری ئیسلامی بەهێزتر بکەین.
لەکۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ دامەزرێنەرانی یەکیەتیی لاوان و
سڵاو لە ئەویندارانی ئەم یەکیەتییە
سەرکەوتن و تەندروستی بۆ لاوانی کورد
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان
22/1/1400