ئازیزان ئەمڕۆ لە کاتێکدا کۆنفڕانسی لاوانی IUSY بەڕێوەدەچێت کە نەزمی جیهانی گۆراوە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە هەموو کاتێک تووشی قەیران و شەڕ و ئاڵۆزی بوە و بێگومان لەوەهادۆخێکدا ئەوە لاوانن دەبێ دەور بگێڕن و وێنای جیهانێکی ئارام و دوور لە توندو تیژی بکەن.
هەر بۆیە سڵاو دەنێرم بۆ لاوانی کورد کە وەک پێشمەرگە لەسەنگەری پێشەوەی بەربەرەکانی لە گەڵ تێرۆرن و بە خوێنی خۆیان لەبەرابەر ئایدۆلۆژیاکەی تۆند ئاژۆی مەزهەبیدا دیفاع لە ئینسانیەت و مرۆڤایەتی دەکەن. شایەد ئەگەر تێکۆشانی پێشمەرگە و شەرڤانان نەبایە ئێستا ئێمە نەمانتوانیبا لێرە لە ئەمنیەتدا کۆ ببینەوە.
پێمخۆشە سپاسی رێبەران و دەستپێشخەرانی ئەو کۆنفڕانسە بکەم لەو ناوچە ئاڵۆزەدا بە خەم ئاشتی و رێگا چارەی ئاشتیانەوەن. هاوڕێیان بەشێکی زۆر لە توندئاژۆیی و نەبوونی ئارامی لە دنیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی دەگەڕێتەروە سەر پێشێل کاری مافی مرۆڤەکان و ئەگەر بە شێوەیەک تەفکیکی بکەین، لەبەرچاو نەگرتنی مافی نەتەوەکان، ئایینەکان، ژنان، لاوان و دیکتاتۆریەت و سەرەڕۆیی دەوڵەتەکان دۆخی ناوچەی ئاڵۆزتر کردوە لە جاران.
ئێران وەک یەکێک لەو وڵاتانەیە کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە سەرکوتی بزوتنەوە مافخوازانەکەی نەتەوەکان و ژنان و لاوان. ئێران وڵاتێکە کە لەدەورانی حکومەتی شا و لە دەورانی ئێستای حکومەتی ئیسلامیدا دانی بە مافی نەتەوە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکان دانەناوە و بەردەوام هەوڵیس ەرکوتی بزوتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کوردی داوە. لەسەردەمی رێژیمی پەهلەویدا کە هیچ مافێکی ئینسانی بۆ گەلان بوونی نەبوو،پێشەوا قازی کۆماری کوردستانی دامەزراند و مافی بە ژنان و لاواندا بۆ بەشداری لە پرۆسەی حکومەتداری و سیاسی، خوێندن و نوسین بە زمانی دایک ئازاد بوو و کەمایەتییە ئاینیەکان لەوپەڕی ئاسایش و ئەمنیەتدابوون، بەڵام بیری دێموکراسی و ئاشتەوایی لە لایەن رێژیمی ئەوکات قابیلی قەبوڵ نەبوو و پێشەوا قازی ئێعدام کرا، لە قۆناغی ریژیمی ئیسلامیشدا لە ئێران دوو رێبەری گەورە کورد و حیزبی دێموکرات دکتوور قاسملوو و دکتوور شەرەفکەندی کە خوازیاری چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد بوون لەسەر میزی دیالۆگ بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئۆتریش و ئاڵمان شەهید کران.´
هەنووکەش رێژیمی ئیسلامی کە ئاشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە شەڕی ئایینی تیکداوە و بەردەوامی کێشەی سونە و شێعە لە بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیدا دەبینێ، هەمیشە هەولیداوە لە رێگای مافیای سپای پاساران ناوچەکە نائەمن بکات و ئاشتی و ئارامی ناوچە تێک بدات، هەر سوریە و ئێراق و یەمەن و لوبنان و فەلەستین و تا دەگاتەوە ناوخۆی ئێران میلیشێای سپای پاسدارن لە رێگای پڕچەککردنی تێرۆریستان و راهێنان و ناردنی تێرۆریست بۆسەر نەیارانی هەوڵیداوە هێژمونی خۆی بسەپێنی. نمونەی ئەخیری تەقینەوەی شەوی 21/1 بوو لەشاری کۆیە کە لە رێگای سپای پاسداران و مۆرەکانی ئەو رێژیمە بۆمبێک لە بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسی تەقیەوە و ٧ کەس لە کادیران و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و کادیرانی یەکیەتیی لاوان شەهید بوون.
ئێمە وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێمان وایە تووندرەوی ئایینی وەكوو مۆتەكەیەك خەریكە ئارامترین شوێنەكانی جیھانیش نائارام دەكات، تووندرەوی ئایینی قەیرانێك نییە كە تەنیا بە بەربەرکانی فیزیکی کۆتایی پێ بێت، بەڵکوو ئەو قەیران و كارەساتە تەنیا و تەنیا بەھۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی فیكری دەتوانێ لەناوبچێت. لاوان سەنتەری كارلەسەركردن و كارتێكردنی تووندرەوی ئایینین و بەھۆی ئەوەی کوردستانی ئێران لەجوگرافیاییەكی تووندرەو پەروەرو تیرۆریست پەروەری ئایینی و سیاسییدا ھەڵكەتووە، كاریگەری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر لاوانی رۆژھەڵات ھەبووە. ھەر بۆیە ژنان و لاوانی رۆژھەڵات بوونە پێشەنگی بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی و بە جوڵە و تێکۆشانی مەدەنی هەم ویست و داخوازیەکانیان روو بە تاران هێناوەتە گۆڕێ و هەمیش بە تیکۆشانیان ئاستی هوشیاری لاوانیان زیاتر بردۆتە سەر کە تووشی دیاردە دزێوەکان نەبن.
هاوڕێیان
کە باس لە سوڵح و ئاشتی دەکەین ناکرێ تێکۆشانی کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان لەبەرچاو نەگرین، ئێستاکە لێرە کۆبوینەتەوە رۆژنامەنووسی بەناوبانگ وتێکۆشەر و چالاکی بواری مافی مرۆڤ محەمەد سەدیق کەبودوەند لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدایە و ئەمساڵ لەلایەن دۆستانی ئێمە بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبێل کاندید کراوە، ئێمە وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان داواکارین هەموو لایەک بۆ پشتیوانی لە بەڕێزیان و هەوڵەکانی ئەو رۆژنامەنووسە ئاشتیخوازە کە لەریگەی قەڵەمەوە داوای یەکسانی و ئازادی دەکرد، ئامادە بین و پشتگیری لێ بکەین.
بەداخەوە کەیسێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە سەبارەت بە مافی مرۆڤ ئێستا لە رۆژەڤدایە، کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوورەکانن کە بەداخەوە لە شارە مەرزیەکانی ئیران کە زۆرتر کوردستانەکەی گرتۆتەوە، لاوان بە هۆی نەبوونی کارخانە و دەرفەتی شەغڵی روو لە شوغڵە کازبەکان دەکەن و لە نێوان سنوورەکانی ئێران و ئێراق خەریکی کاری کۆڵبەرین کە یان بە فیشکەی نیروی ئینتزامی و سپا دەکوژرێن، یان تووشێ کارەساتی سروشتی دەبن!!
ئێمە پێمان وایە وڵاتێک دەتوانێ گەشە بکات و ئاشتی تیدا سەقامگیر بیت کە بێ جیاوازی رێز لە هەموو چین و توێژ و نەتەوە جۆراو جۆرەکان بگرێت و مافیان پێشێل نەکات، هەر بۆیە جیاوازی دانان لە بواری گەشەی ئابوری لە نێوان شارە کوردیەکان و شارەکانی دیکەی ئێران مەحکوم دەکەین.
ئازیزان:
لە باکوری کوردستان کە وڵاتی تورکیە زیاتر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و تەحەمولی دێموکراسی ناکات، بەداخەوە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک راپێچی زیندان کراون و شارە کورد نشینەکان وێران کراون و خەڵکیکی زۆری سیڤیل لە لایەن ئەرتەشی تورکیەوە شەهید کراون بە رای ئێمە پێویستە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی گوشار بخاتە سەر ئەم وڵاتە و وڵاتی ئێران سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی شارۆمەندانی خۆیان.
ئازیزان، لە رابردوودا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین پێناسە دەکرا، بەڵام ئێستا قەزیەکی بەهێز هەیەوە ئەویش کوردستانە و بەسەر چوار وڵاتی ئێران و ئێراق و تورکیە و سوریەدا دابەش بوە، هەر کام لەم بەشانە تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەتەعامول لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکان هەمیشە رێگای دیالۆگ و مەنقیان گرتۆتە بەر، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بوە هەرگیز حازر نەبوون دان بە مافی کورد دا بنێن و وەڵامی وان تەنیا مل نەدان بوە بۆ داخوازییەكانی نەتەوەی كورد و پڕ کردنی زیندانەکانیان لە رۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی و هەروەها ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسییش سیاسەتی رێژیمە داگیرکەرەکان بوە کە ئەمەش وایکردوە كە حیزبەکانی کوردستان خەباتی چەكداری لە دژی ئەم رێژیمانە وەكوو خۆی بھێلنەوە.
تاقە رێگای کۆتایی هاتن بە توند و تیژی و سەقامگیری ئاشتی لە ناوچە و لە کوردستان ئەوەیە کە کورد و نەتەوەکانی تر سەربەخۆ بن و کوردستانێکی ئارام و ئازاد و بێ توند و تیژی بە نەقشەی جیهان زیاد بکرێت.
پێشەوا عەلی پوور