ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ئاپریلی ٢٠١٦ی زایینی، لە پارلەمانی ولاتی سوید، کۆنفڕاسنێک لە ژێر ناوی ” ئاشتی و پرۆسەی دیموکراسی” کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ” Unrepresented Nations and Peoples Organization ”
ڕێکخرا بوو بەڕێوەچوو. لە سەر بانگهێشتی فەرمی ئەو ڕێکخراوە، نوێنەری یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێز ئاریز ڕەمەزانی بەشداری ئەو کۆنفڕانسەی کرد.
سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە وتەیەکی بەڕێز ناسر بولادەی، سەرۆکی ” UNPO” کرایەوە. باسی سەرەکی کۆنفڕانسەکە لە سەر چۆنیەتی پێشخستن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی بۆ نەتەوە بێ دەولەتەکان بوو. لەو کۆنفڕانسە دا کە دەیان کەسایەتی سیاسی، مامۆستای زانکۆ و شارەزایانی بواری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ تییدا بەشدار بوون چەندین باس و خواسی جیاواز، سەبارەت بە پەرەپیدانی دیموکراسی و گەشەپیدانی مافەکانی مرۆڤ هاتنە بەر باس. بەشێک لە باسەکانی ئەو کۆنفڕانسە تەرخان کرابوو بۆ باس لە سەر شەپۆلی نوێی کۆچ کردن و جێهێشتنی وڵات و زێد لە لایەن مرۆڤەکانەوە کە لەو بەشەدا، چەندین مامۆستا زانکۆ بەشداری باسەکانیان کرد و ڕاوبۆچوونی خۆیان لە سەر کارتێکەری کۆچکردن لە سەر کەسایەتی مرۆڤەکان و داهاتوویان هێنایە زمان. بەشێکی دیکە لە باسەکانی ئەو کۆنفڕانسە تەرخا کرا بوو باس لە سەر ولاتانی ئێران، ئێتیوپیا و پاکستان. لەو بەشە دا زۆر بە زەقی باس لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کار و چالاکییەکانی ئەو حکومەتە بۆ دژایەتی و لە ناوبردن و پاکتاو کردنی نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای ئێران کرا. ئاماژە بەو ئیدعایەی کاربەدەستانی ئێران کرا کە چۆن، چ بە شێوەی ڕەسمی و لە بەڵگەنامەکانی ڕەسمی دەوڵەت دا و چ لە زمانی کارەبەدەستە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەوە هەوڵی پشتگویخستن وتەنانەت لە ناوبردنی نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەدرێ. ئەوە لە کاتیکدایە کە ئێران وڵاتی فرە نەتەوە، فرە ئایین و فرە کلتوورە و ئەو کار و بڕیارانەی کارەبدەستانی ئەو وڵاتە دەچێتە ڕیزی پاکتاو کردنی نەتەوەییەوە، کە بە پێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوان دێتە ئەژمار. بەڕیز ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستا زانکۆ و لێکۆڵەوەری سیاسی لە وتەکانی باسی لەو کردەوە تێرۆریستییانە کرد کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی و بە ئاگاداری کارەبەدەستە پلە بەرزەکانی ئەو وڵاتە، دژ بە نەیارانی سیاسی، بە تایبەت کوردەکان، لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو ولاتە ئەنجامیان داوە. بەڕیز ئەحمەدی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی دەدات بۆ هەموو وڵاتانی جیهان و لەو پێناوش دا دەیان گرووپ و تاقمی تێرۆریستی وەک ” حیزبولای لوبنان، جیهادی ئیسلامی و حەماسی فەلەستینی دامەزراندرووە و لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراو و تاقمە تێرۆریستییانەوە دژایەتیەکی توند نەتەوە ژێر دەستەکانی ئێران دەکات. بۆ وێنە کوردەکان بە درێژایی دەیان ساڵی دەسەڵاتی ئەو حکومەتە بوونە ئامانجی کردەوە تێرۆریستییەکانی ئێران و زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و تەنانەت ئایینی کورد هەم لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و هەم لە دەرەوەی وڵات لە لایەن تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکانی گریدراوی ئێرانەوە کوژراون. ئێران بەرپرسیارە لە تێرۆری کەسانی وەک د.عەبدوولڕەحمانی قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی، کە هەردووکیان لە ڕێزی ڕێبەرانی حیزبی دیموکرات دا بوون. ئێران گەورەترین وڵاتی تێرۆرسیتی جیهانە و لە زۆربەی ئاژاوە و کێشەکانی هەموو جیهاندا جێ دەستی دیارە. ئیدریس ئەحمەدی لەو برایە دا بوو کە ئەگەر ڕۆژئاوا بیەوێ تێرۆر و مەترسییەکانی لە ناو بەرێ، دەبی ڕەگ و ڕیشەی تێرۆر و تێرۆریستان، کە لە تارانەوە سەرچاوە دەگرێ ببڕێت و لە سەری گەورە تێرۆر واتە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بدات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسە دا بەڕیز فریدریک مالم، ئەندامی پارلەمانی سوید لە سەر لیستی حیزبی لیبرالەکان، سەبارەت بە ئەنجام و کارتێکەرییەکانی تێرۆر لە ئوروپا دا قسەی کرد و باسەکەی گرێدایەوە بە داودەزگای تێرۆری ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە. ناوبراو لە وتەکانی دا باسی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کرد کە ڕژیمی ئیسلامی ئێران دژ بە چالاکانی کورد لە ئوروپا بە گشتی و لە سوید بە تایبەتی، لە ساڵەکانی دەیەی ٩٠ و ٢٠٠٠ی زایینی دا ئەنجامی داوەن. فرێدریک مالم لەو بڕوایە دا بوو کە کاربەدەستانی ئێران لەو ڕێگەیەوە هەوڵی لە ناوبردنی یەکجاری کوردەکان دەدەن و مەبەستیشیان لە کوشتنی کەسایەتییە سیاسی و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردی ئێران ئەوەیە کە دەنگی ئەو گەلە کپ کەن و هێدی هێدی زەمینە بۆ لەناوبردنی یەکجاری کورد لە ئیراندا خۆش کەن.
پێویست بە ئاماژەی کە هەر لەو کۆنفرانسە دا چەندین باس و بابەتی پەیوەندیدار بە نەتەوە بێ وڵاتەکان هاتنە بەر باس.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکە دا نوێنەری یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە چەندین کەسایەتی سیاسی وەک فرێدریک مالم و ناسر بولادای،ی سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان کەوت و سەبارەت بە بارودۆخی خراپی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان قسە و باسی لەگەڵ کردن.