سەرلەبەیانی رۆژی سێشەمە 17ی جولای 2018 پێنجەمین کۆبونەوەی کۆمیتەی بەرێوەبەریی یەکیەتیی لاوان لە سکرتاریەتی یەکیەتیی لاوان بەڕێوە چوو
کۆبونەوەکە سەرەتا بە چەند ساتێک وەستان بۆ رێزگرتن لە روحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان راپۆرتێکی سەبارەت بە دیاردەی کۆچی لاوان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێشەکش کرد.
پێشەوا عەلی پوور وتی:”قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران و بێ کیفایەتی ئەو دەوڵەتە لەم ساڵدا وایکردوە کە لێشاوێکی گەورەی کۆچ بەرەو هەندەران لاوانی لە نیشتمانی خۆیان ئاوارە کردوە و رێژەی کۆچی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات بە نسبەت جاران چەندین بەرابەر بوە.”
لە ئیدامەی قسەکانیداپێشەوا عەلی پوور وتی:” بە درێژایی مێژوو شەڕ و نەبوونی سوباتی سیاسی و ئابووری هۆکارەکانی کۆچی لاوان و بژاردەکانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان بوون و لە سای حوکمی نادادپەروەرانە و دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامی، کە ماوەی چوار دەیەیە سەروەت و داراییەکانی خەڵکی ئێران سەرفی ماجەراجویی سیاسی و نیزامی لە ناوچەدادەکات و گرنگی بە بژێوی خەڵکی خۆی نادات، هەروەها لە ئافراندنی دەرفەتی کار بۆ لاوان زەبوونە، کەشێک هاتۆتە ئاراوە کە لاوان هیوایان بە درێژەدانی ژیان لە ئێران و کوردستان وەک وەک هەرێمێکی پەراوێزخراو لە ئێران نەبێت. ئەمەش وایکردوە لەوەها دۆخێکدا کۆچ لەبەرژەوەندی دەوڵەتی داگیرکەر و دیکتاتۆر بێت، کۆچی تاکەکان رەنگە لە داهاتوودا ئاسایش بۆ تاکەکان دەستەبەر بکات، بەڵام کۆی پڕۆسەی کۆچی لاوانی کورد کە زۆرەبەیان کەسانی خوێندەوار و نیشتمانپەروەرن دەبێتە هۆی ئەوەی نیشتمان چالاکترین و گرنگترین رۆڵەکانی لەدەست بدات، ئەمەش دۆخێک دێنێتە ئاراوە کە کۆماری ئیسلامی پلانەکانی ئاسانتر لە جاران جێبەجی بکات و بەرئەنگاری لەگەڵ دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکان ئاسانترە تا ئەوەیکە لەناو خاکی ئێران و کوردستان بەرئەنگاری هێزی لاو بیت کە داوای ژیانێکی ئاسودە و ئەمن و ئازاد دەکەن.”
لەبەشی دووهەمی باسەکانی کۆبوونەوەی بەڕیوەبەریی یەکیەتیی لاوان باس لە کۆمیتەکانی لاوان و سازماندانی نوێی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات کرا و بەڕیوەبەریی یەکیەتیی لاوان ، هاوڕێ هوومەن
سەعدیەی وەک بەرپرسی گشتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات دیاری کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبونەوەکەدا، راپۆرتێک سەبارەت بە کار و تێکۆشانی سێ مانگی رابردوو و هەروەها پێشنیاری کۆمەڵێک بەرنامە و پڕۆژە بۆ داهاتووی کاری یەکیەتیی لاوان گەنگەشە کران.