هاوڕێیانی ئازیز!
ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبوینەتەوە بۆ خۆپێشاندان و نیشاندانی پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی کورد و ئێران.
١٦ رۆژ لەمەوبەر ژن و پیاوی کورد بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتنی کوردە بێتاوان و لاوەکانی ئێران دەستیان کرد بە ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری سەقز، ئەمەش دوای کوشتنی ژنە گەنجە کوردەکە ژینا ئەمینی هاتە ئاراوە.
دوابەدوای کوژرانی ژینا وردە وردە خەڵک لە شارە کوردنشینەکان و لە باقی ئێراندا دەستیان کرد بە ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئەوەی لە ناڕەزایەتییەکاندا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت ئەوەیە کە گەنجان، لاوان و ژنان وەک بەشداری سەرەکی دەیانهەوێ بە هەموو شێوەیەک لەڕێگای ناڕەزایەتی و توڕەیی خۆیان کۆتایی بە دەسەڵاتی ٤٣ساڵەی دیکاتاتۆری ئێران بێنن.
ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بۆ ترساندن و کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتیەکان هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی شۆڕشی خەڵکی ئێران و بە تایبەت ژنان بەکار دێنێت.
ژمارەی کوژراو، بریندار و زیندانیکراوەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەکاندا زیاتر و زیاتر دەبێت و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە دەبێ ڕیگایەچارەیەک بگردرێتە بەر.
سوئێد دەمانهەوێت گوێ بگری!
هەمووئ ئێوە کە ئەمڕۆ لێرەن دەمانهەوێ گوێ بگرن١
ئێستا قسە لەسەر چالاکی سیاسی و هەنگاوی سیاسی نییە، بەڵکو ئەوەی ئێستا پێوەندی بە هەنگاوی مرۆڤدۆستانە و نیشاندانی پشتیوانی ڕاستەوخۆ لە خەبات و مافی ژنان لە ئێرانە.
ئێمەی ژنان و لاوان پێویستە بتوانین خۆمان لە هەڵبژاردنی جل و بەرگمان بڕیار بدەین کە ئایا حیجاب و شاڵمان دەوێ یان نا و هیچ کەسی دەیکە مافی ئەوەی نەبێ کە بەسەرمان دا بسەپێنێ!
ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەر، واتا ١٠ ڕۆژ دوای کوژرانی کچە کوردی ٢٢ ساڵە ژینا ئەمینی ، کۆماری ئیسلامی هێرشی توند دەکاتە سەر ئوردوگا و بنکەو بارەگای ئاوارەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە شاری کۆیە.
هێرشی ترۆریستی بۆسەر قوتابخانە و نەخۆشخانە بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کاتێکدا کە گوێت لێیەتی و دەیبینی تراژیدیایەکە کە لە ڕستەیەکدا جێگای نابێتەوە.
ئەو هێرشە لانیکەم ٢٠ کوژراو وزیاتر لە ٥٠ برینداری لە شاری کۆیە و پردێ لێکەوتەوە کە لەنێوانیاندا منداڵانی قوتابخانە، ژن و چەندین گەنج بەرچاو دەکەون،
وانیار ئەو منداڵەی کە لە سکی دایکی دابوو کاتێک ئەم کردارە تیرۆریستییە ڕوویدا، نەیدەزانی کە دێتە دونیا دایکی نابینێ و پێش هەڵاتنی چاوەکانی بەڕووی دونیادا دایکی جێیهێشتووەو ئەویش دواتر وەک بچووکترین شەهیدی مێژووی کورد دوای ٢٤ کاتژمێر گیانی لەدەستدا.
هاوڕێیان و خەڵکی ئازیز!
هەموومان دەزانین کە مەبەستی ڕێژیم لەو هێرشە ترساندنی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و بەلاڕێدابردنی هزری جیهانی دەرەوە لەمەڕ ناڕەزایەتیەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بوو تا لەوڕێگایەوە وا نیشان بدا کە سەرچاوەی کێشە ناوخۆییەکان کورد و پارتە دژبەرە کوردیەکانی ئێرانن.
ئێستا بە خۆشحاڵیەوە دەبینین کە ڕژیم هەرچییەک لە دژی ئێمە بەکار بێنێ نە دەتوانێ بمانترسێنێ و نە دەشتوانێ خەڵکی ئێران فریو بدات.
ئێستا هیچ شتێک ناتوانێ ئێمە بوەستێنێ، کورد و ئێرانیەکان چەوساوە، بێکار و برسین و لە سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ بێبەشن، بەڵام ئەوە ئێمە ناوەستێنێ و دەبێ بەردەوام بین.
ئێستا ئیمە داواتان لێدەکەین کە پشتیوانیمان لێ بکەن، پشتیوانی لە کورد بکەن، پاڵپشتی ئێرانییەکان بن، هاوکارمان بن لە شەرمەزارکردنی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە سوئێد، یەکێتی ئەوروپا و باقی جیهان بەئاگا بێنینەوە!
ئێمە دەزانین کە ئەگەر ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریەی خەڵک نەبنە هۆی ڕوخانی ڕژیمی ئێران و بە ئاکام نەگەن گیانی زیاتریش دەبنە قوربانی و مردنی بەکۆمەڵ و تەنانەت توندوتیژی وئەشکەنجەی زۆرتر لەلایەن ڕژیمەوە بەدوای خۆیدا دێنێ.
ئێستا گەڕانەوە بۆ دواوە لە ئارادا نیە. خەونی دایکم و باقی شەهیدان دیتنی ئێرانێکی ئازاد بوو، هەرچەندە ئێستا ئەوان بە جەستە لەناوماندا نین تا ئەوڕۆژە ببینن، بەڵام ئێمە لێرەین و بەورە و ئێرانێکی ئازاد لەڕێگاداین.
.
من هاژە بایزیدم نوینەری یەکێتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بژی ڕاپەڕینی گەلی کورد و ئێران!
بژی کورد بژی کوردستان
ژن، ژیان ، ئازادی