وەفایەک بۆ برا و هاوڕێی شەهیدم مووسا باباخانی
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزرانی خۆیەوە بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەروەها بەمەبەستی میللەتسازی ، لەبەرنامەی سیاسیی خۆیدا گرنگیەکی زۆری بە ناوچەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە و هەوڵی داوە لە زەرفیەتە فکری و سیاسی و نەتەوەییەکانی ئەو ناوچەیە لە میللەتسازی و دەوڵەتسازیدا کەڵک وەربگرێت. ئەگەر لەسەردەمی کۆماری کوردستان، برایم خانی نادری و یەدوڵڵا خانی ڕەزایی نوێنەرایەتی هزری نەتەوەیی و کۆماری کوردستانیان دەکرد لە کرماشان، هەنووکە مووسا و دریژەدەرانی ڕیبازی مووسا سیمبوولی لاوانی گۆشکراوی بیری کۆمار و ڕێبازی نەتەوەیی حیزبی دێموکراتن کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بیر و ئایدیای حیزبی دێموکرات پاش زیاتر لە حەوت دەیە هەر لە پەرە سەندن دان و نەسڵ لەدوای نەسڵ ڕێبواری هەیە.
گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧، هێشتا تامی ئازادی و ڕووخانی حکومەتی پەهلەوییان نەچێشت کە بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی نوێ و ئیسلامی، ئەمجارەش بەسەر بەڵێنی درۆ و چەواشەکارانەی نوێدا کەوتن و جارێکی دیکە سووڕی ستەم و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەکان دەستی پێکرد.
مووسا باباخانی لە سەردەمێکی سەختدا چاوی بە دنیا هەڵێنا، دوو ساڵ پاش فتوای جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد و هێرش بۆسەر کوردستان، لە گوندی کؤڵان-ی ناوچەی ئاژوانی کرماشان منداڵێک لەدایک دەبێت کە مێهدی خانی باوکی هیوای لەسەر هەڵدەچنێ و پاشان دەبێتە جێگای هیوای میللەتیک.
مووسا لە تەمەنی مێرمنداڵی هەست بە ستەمی نەتەوەیی دەکات و چیرۆکی قارەمانەتی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات باڵ بەسەر بیر و هزری نەتەوەیی ئەو تازەلاوەدا دەکێشن. چیرۆکی خەباتی خەلیل خەلەبان و شاپوور فیرووزییەکان ڕێڕەوی ژیانی مووسا لە شۆڕەلاوێکی شەقامی تووڕە لە بێدادی، دەگوازنەوە بۆ مەیدانیکی بەرینی خەبات کە حیزبی دێموکرات بوو. مووسا هەڕەتی لاویەتی خۆی لە ناو جەرگەی شۆڕشدا بۆ گەلەکەی تەرخان دەکات و لە ڕەوتی تێکۆشانی حیزبیدا وەک تازەلاوێکی کرماشانیی بەهەست و شۆڕشگێڕی نەتەوەکەی، هەوڵی خۆپێگەیاندن دەدات و هەوڵ دەدات کاریگەریی لەسەر ڕەوتی خەبات هەبێت و لە مەتەرێزی خەباتدا شێلگیرانە تێدەکۆشێ.
مووسا باباخانی لە سەنگەری مافخوازیی نەتەوەییدا لە هیچ جۆرێکی خەبات سڵی نەدەکردەوە و هەوڵی دەدا بۆ بە جەماوەری کردنی هەرچی زیاتری خەباتی حیزبی دێموکرات و پەیوەست کردنی لاوان بە ڕیزەکانی حیزب، لەهەموو ڕێگا بەحەقەکانی خەبات کەڵک وەربگرێ.
مووسا وەک تێکۆشەرێکی باوەڕمەند بە تەشکیلات و ڕێکخستنی جەماوەری، لەپێناو بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان تێدەکۆشی و، کۆکردنەوەی خەڵک و ڕێکخستنیان لە دەوری ئامانجەکانی حیزب دەکاتە بنەمای تێکۆشانی خۆی.
لەگەڵ ئەوەیکە تەشکیلاتی بوون بەشێک بوو لە کەسایەتی خەباتکارانەی مووسا، بەڵام وەک لاوێکێ شۆڕشگێڕ هەرگیز سەنگەری خەباتی پێشمەرگانەی بەجێ نەهێشت و لە تێکۆشانی پێشمەرگانەدا لەنێوخۆی وڵات لە کەسە یەکەمەکان بوو کە بێ گوێدانە پلە و پایەی تەشکیلاتی بەردەوام ئامادە بوو.
سەنگەری مێدیا و گەیاندنی زانیاری بە جەماوەر، یەکێکی دیکە لەو سەنگەرانە بوو کە مووسای سەوداسەری ئازادی، خەباتی تێدا دەکرد. لە کاری مێیدیاییدا جیددی و شێلگیر بوو و هەمیشە هەوڵی دەدا کە لەبەرنامەکانی تەلەفزیۆنیدا سیاسەتەکانی ڕێژیم لەقاو بدات و هۆشیاری بە کۆمەڵانی خەڵک بدات.
هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی کە باسی لێوەکرا لە هزر و ڕەفتاری مووسا باباخانیدا رەنگی دابۆوە و بە حەق شۆڕشگێڕیکی پراگماتیستی لێ دروست کردبوو کە ڕێبواری ڕێگەی شەهیدان بوو. مووسا نموونەی ئەو لاوە شایی بەخۆیانە بوو کە هەرگیز بە پلە و پۆست لەخۆبایی نەبوو و، پلەی تەشکیلاتی بۆ خزمەت و کار دەبینی نەک بۆ خۆهەڵنان. کەسێک بوو کە بەردەوام لەناو جەماوەر و پێشمەرگەدا بوو و چەمکی متمانەی لەژیانی خۆیدا کردبوو بە بنەمای تێکۆشان.
هەڵسووڕانی بەرچاو و شوێندانەرانەی مووسا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات وایکرد کە ڕێژیم تەحەمولی خەباتی ڕێبەرێکی لاو و لێوەشاوە نەکەن لە دژی خۆیان ، هەربۆیە دەزگای ئەمنیەتی و تێرۆریستیی خۆیان خستە گەڕ و بەکەڵک وەرگرتن لە تایبەتمەندیی خاکەڕایی مووسا، توانییان خۆی لێ نیزیک بکەنەوە و زەفەری پێ ببەن.
تێرۆری ناجوانمێرانەی مووسا باباخانی نەتەنیا لاوانی کورد لە خەبات دژی ئەو ڕێژیمە ناپرینگێنێتەوە، بەڵکوو خەبات و خوێنی مووسا دەبێتە هەوێنی تێکۆشانی بەردەوامی لاوان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.