سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دووی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی لە شاری هەولێر و لە یادی ٧٧مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەمین کۆماری کوردستان لە مهاباد، ئەنجومەنی لاوانی کوردستان کە بریتییە لە ڕێکخراوەکانی لاوانی پارتە سیاسیەکانی باشووری کوردستان، بە مەبەستی زیاتر لێکنزیکبوونەوە و گفتوگۆی نێوان پارتە جیاوازەکان و خستنەڕووی دیدگا و بۆچوونیان لەسەر کۆی کێشەکان لە هەرێمی کوردستان، پانێڵی (گفتوگۆی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان پارتە سیاسییەکان)ی بۆ بەرپرسانی باڵای حیزبەکان بەڕێوەبرد.
لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەن، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێز محەممەد ساڵح قادری و هەروەها شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی لاوان بەشدارییان لەم چالاکییەدا کرد.
شایانی باسە لە ناوئاخنی پانێڵەکەدا بڕگەیەک تەرخانکرابوو بۆ ڕێزلێنان لە حیزبی دێموکرات وەک حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان کە لە لایەن بەڕێز مەیسەر عوبێد سەرۆکی ئەنجومەنی لاوان تەندیسی کۆماری کوردستان پێشکەش بە بەڕێزمحەممەد ساڵح قادری نوێنەری حیزبی دێموکرات کرا و پاشان نوێنەری حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان و یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە لەلایەن لاوانی باشوور و هەروەها دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.