ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: رۆژی شەممە ٢٨ی ژانویەی ٢٠١٧ی زایینی، کومیتەی ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و چەند هێز و رێکخراوی
سیاسیی کوردی و کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە، رێوڕەسمێکی شایستەی بۆ رێزگرتن لە ٢ی رێبەندان، ٧١ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ستاڤانگێری وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوە برد.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی و دوژمنشکێنی “ئەی رەقیب” لەلایەن گرووپی سروودی یەکێتی لاوان و چەند چرکەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
دواتر پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو “ماندانا حەبیبزادە” بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووانی کرد و کورتە باسێکی لەسەر کۆماری کوردستان پێشکەش کرد. بەدوای ئەودا، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوڕێ “زانیار کەریمی”یەوە خوێندرایەوە کە ئاوڕدانەوەیەک بوو لەسەر مێژوو و دەستکەوتەکانی کۆمار بە گشتی، دوایین پلیۆنۆمی کومیتەی ناوەندیی حیزب و رووداوەکەی شەوی یەڵدای خوێناوی .
ئەوجار پەیامی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان/ بەڕێوەبەرایەتی دەرەوەی وڵات لە لایەن بەڕێز “هوومەن سەعدییە” بەرپرسی کۆمیتەی “رۆگلاند”ی یەکێتی لاوانەوە پێشکەش کرا.
پاشان خاتوو “مریەم فتووحی” بە دەنگە خۆشەکەی و چەند گۆرانییەکی بەسۆزی کوردی، چێژێکی تایبەتی بە رێوڕەسمەکە بەخشی.
پارتی ئازادی کورد- باکوور و هەروەها “کۆمەڵەی کوردیی رۆژ” لە “رۆگلاند” بەم بۆنەوە بروسکەی پیرۆزباییان ناردبوو کە لەلایەن پێشکەشکاری رێوڕەسمەکەوە خوێندراوە.
دوای پشوویەکی کورت، بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بە دەنگی بە سۆزی خاتوو “رانیە بەرزەنجی” لە رۆژئاوای کوردستان و چەند گۆرانییەکی هەمەڕەنگی کوردی، دەستی پێ کردەوە و بەدوای گۆرانییەکانی خاتوو “رانیە”دا، شانۆگەرییەک لە لایان گرووپی هونەریی یەکێتی لاوانەوە سەبارەت بە کۆماری کوردستان هاتە پێشکەشکردن کە دەگەڵ پێشوازی گەرمی ئامادەبووان رووبەڕوو بوو.دوایین بڕگەی ئەو رێوڕەسمە،هەریەک لە هونەرمەندانی دەنگخۆش بەڕێزان “نەجمان سیندی” و “رۆنی”، بە چەندین گۆرانی شادی تێکەڵ بەهەڵپەڕکێی کوردی کە هەتا ١٢ی شەو درێژەی کێشا، جۆش و خرۆشێکی تایبەتییان دایە ئەو رێوڕەسمە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆروێژ
بۆ بینینی وێنەکان کرتە لێرە بکە