ئامادەبوانی خۆشەویست!
ئەندامانی کۆنگرەی لاوانی هەدەپ!
ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووین، پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەکەتان پێ دەڵێین. خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین ئەمڕۆ لەگەڵتانین تاکوو گەنگەشەیەکی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ ئێوە بکەین.
لەسەردەمێکداین کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە زۆر کێشەی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێ و ئەگەر سەردەمێک کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە فەلەستین و ئیسڕائیل پێناسە دەکران، لەسای قارەمانەتی لاوانی کورد، شەڕڤانان لە ڕۆژئاڤا، گەریلا، پێشمەرگە، لە قارەمانەتیدا دژی هێزێکی تاریکیی وەک داعش توانیان ناسنامەیەکی نوێ بۆ کورد تۆمار بکەن و بۆ کورد ببنە پاسپۆڕتی دیپلۆماسی .
ئازیزان! ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و لەو قۆناغەدا پێویستە لاوان کاریگەریی پتەویان هەبێ لەسەر بڕیارە چارەنووس سازەکان.
دەبێ داگیرکەری کوردستان وانەزانێ کە بڕیاری کورد لە تاران و لە دەمێشق و لە ئانکاڕا و لە بەغداوە دێت، ئێمە لاوانی کورد کۆبوینەتەوە تاکوو بە داگیرکەر بڵیین بڕیاری کورد بۆ کوردە و لە مەهاباد و دیاربەرکر و هەولێر و قامیشلوو دەردەچێ.
(درووشمی تێکڕای کۆنگرە: “بژی یەکیەتییا کوردستان، بژی یەکیەتییا کوردستان، بژی یەکیەتییا کوردستان”)
داگیرکەرانی کوردستان لە کۆبوونەوەی لاوانی دێموکراتدا، لە یادکرنەوە و بیرئانینا دوکتور قاسملوو تەقینەوەیان چێ کرد، لە سرووچ دووژمنانی لاوان، دووژمنانی ئازادی لە سرووچ تەقینەوەیان چێ کرد بەڵام ئیرادەی لاوانی کورد لە بن نایەت و خەباتی ئێمە درێژەی دەبێت.
با دووژمنانی کورد وانەزانن (خەیاڵیان خاوە)، ئەگەر بێت و قەڵای دێموکرات و سەرکردەکانی دێموکرات مووشەکباران بکەن، قەڵای کوردان ئۆجەلان لە زیندان بکەن، سەلاحەددین دەمیرتاش لە زیندان بکەن، ئیرادەی لاوانی کورد هەر بە بەرزی دەمێنیتەوە.
لەوەها دۆخێکدا پێویستە ئیمەی لاوانی کورد یەکگرتوو بین و بەدوای پلاتفۆرمێکی هاوبەشی لاوانە و کوردانەدا بگەڕێین و لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەکەتان پێ دەڵێین و هەر بژین و سەرکەوتوو بن.
پێشەوا عەلیپوور
٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠١٨