دەسەڵاتێک کە بە زۆر و سەرکوتی خەڵک هاتبێتە سەرکار بێ گومان ڕۆژێک هەر دەڕووخێت، بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە مێژوو بە سەرهاتی هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکانی جیهانە، دیکتاتۆرەکان باش دەزانن کە دەسەڵات و جێگە و پێگەیان لەرزۆکە و لە مەترسی لەناو چووندایە بەوپێیە هەموویان بەردەوام لە هەوڵدان کە بە هەر شێوەیەک کە دەکرێت پێش بە هەستانەوە و شۆڕشی خەڵکی زوڵم لێکراو و مافخوراوی ژێر حوکمڕانییەتییەکەیان بگرن و بۆ گەیشتن بەو مەبەستە لە هیچ کردەوەیەک دەست ناپارێزن.
دیکتاتۆرەکان هەر کامەیان بەش بە حاڵی خۆیان شێوازی جۆراوجۆر بەکار دێنن بۆ بەردەوامیان لە دەسەڵات و دوورکەوتنەوە لە مەترسی لە ناوچوون بەڵام بە خوێندنەوە و چاو خشاندنەوەیەک بەسەر مێژووی زۆربەی دەسەڵاتەدیکتاتۆرییەکانی جیهان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە زۆربەی، یان دەتوانین بڵێین هەموویان بۆ مانەوە و دەرباز بوون لە مەترسی ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان لەو باوەڕەدان کە هێزێکی جیاواز لە هێزی بەرگری نیشتمانی (ئەڕتەش) دەبێ پێک بهێنن کە نەک هەر ئامادەی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بێت بەڵکوو ئامادەی بەرەنگاربوونەوە لە ئەگەری ڕوودانی کوودەتای نیزامی یان پەیوەست بوونی ئەندامانی هێزە نیزامییەکان بە شۆڕش و هەستانەوەی خەڵکی ناڕازی بێت، هێزێک کە وەفادار بە دەسەڵات و لە کاتی قەیرانەکاندا پشت و پەنای دەسەڵات بێت، بۆیە هەموو پێداویستییەک بۆ ئەندامانی ئەو هێزە لە هەموو بوارێکەوە بە تایبەتی دارایی و خۆش بژێوییەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە دابین دەکرێت بە شێوازێک دەیان گەیێنە ئاستێک کە لە ناو چوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بە لە ناو چوونی ژیان و خۆشبژێوی و سەرمایەی خۆیان بزانن و بۆ ئەوەی سەرمایە و ئەو ژیانە خۆشەی کە دیکتاتۆر پێکی هێناون بۆیان لە ناو نەچێت هەتا دواین هەناسە وەفادار و دەمێنن بە دەسەڵات، بۆ نموونە سەدام حسێن هێزێکی پێک هێنابوون بە نێوی گاردی حەرەس جمهووری، حەمەڕەزا شای پەهلەوی هێزێک بە نێوی گاڕدی جاویدان،
ئەو هێزانە لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا ڕۆڵی ئەساسیان دەگێڕا لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی.
کۆماری ئیسلامی بڕێک جیاوازتر لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی دیکە کاری لەسەر ئەو بابەتە کردووە بە شێوازێک کە نە تەنیا ئەندامانی وەفادار بە ڕژێمی خزاندووەتە نێو هێزەکانی ئەڕتەش و پۆلیس و دادوەری و هەموو دەزگا حکومییەکان لە ئاستەکانی سەرەوەی بڕیاردان و بەڕێوەبەری بەڵکوو بە پێک هێنانی زیاتر لە دەیان میلیشای چەکدار لە ناوچەکە هەم لە وڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردان دەکات و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی هاوپەیمانی خۆی پێ دەپارێزێت،هەم وەکوو هێزێکی پشتیوان بەکاریان دەهێنێت لە کاتی تەنگانەدا بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان.
هێزەکانی وەفادار بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران کە کۆی هەموویان ناگاتە دوو لە سەدی دانیشتوانی ئێران و لە دەرەوەیش کە ملیشیا چەکدارییەکانن پارێزەر و هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامین بۆیە بۆ ڕژیم گرینگیەکی تایبەتیان هەیە.
لێرەدا ئەرکی سەر شانی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان ئەوەیە کە بەڕوونکردنەوە بۆ خەڵک و بە تایبەت ئەندامانی هێزە نیزامییەکان، لەو ڕاستییە تێیان بگەینن کە هێزی وەفادار و پارێزەری کۆماری ئیسلامی کۆی هەموویان ناگاتە دوو لە سەدی دانیشتوانی ئێران و هێزە نیزامیەکانی دیکە وەکوو ئەڕتەش و پۆلیس هێزێکن کە لە ڕاستیدا ئەرکی سەرشانیان پاراستنی ئەمنیەتی نیشتمانی و خەڵکە بەڵام بە هۆی بەڕێوبەریەک کە پێک هاتووە لە کەسانێکی وەفادار بە ڕژێم لە ئاستەکانی سەرەوەی بڕیاردان وەکوو هێزێکی سەرکوتکەر و ئامرازێک بۆ مانەوەی ڕژیم بە کاریان دێنن ئەمە لە حاڵێکدایە کە بۆ خۆیان قوربانی و مافەکانیان پێشێڵ کراوە لە لایەن هەمان دەسەڵاتەوە کە ناڕاستەوخۆ دەیپارێزن!
تێگەیاندنی خەڵک لە ڕاستیەکان و تێگەیاندنی ئەندامانی ئەو هێزانەی ڕژیم کە ناڕاستەوخۆ بوونەتە ئامراز و دارە دەستی ڕژیم بۆ سەرکوتی خەڵک و هەروەها خۆ سازماندانی هێزە شۆڕشگێرەکان و ئازادیخوازان بە مەبەستی زەربە لێدان لە کۆڵەکەی ئەسڵی ڕژیم کە هەمان هێزی سپای پاسدارانە، گونجاوترین و باشترین ڕێگایە بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.